
سەرچاوەیەكی باڵا ئاشكرایكرد، بڕیارە شاندێكی باڵای عێراق بێنەوە هەرێم و جارێكی دیكە سەردانی كێڵگەنەوتییەكانی هەرێم بكەنەوە.
سەرچاوەیەكی تایبەت ئەوەی بۆ شارپرێس ئاشكراكرد، بڕیارە ئەمڕۆ یان سبەی شاندێكی وەزارەتی نەوتی عێراق و كۆمپانیای سۆمۆ بێنەوە هەرێم و سەردانی سەرجەم كێڵگە نەوتییەكانی هەرێم بكەن تا جارێكی دیكە بڕی نەوتی بەرهەمهاتوی هەرێم دیاریبكەن.
سەرچاوەكە دەشڵێت،" سەردانە بەئامانجی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی كوردستان و تەواوكردنی ئەو ڕێكارانەیە كەلەنێوان شاندی هەرێم و بەغدادا ماون و پێویستیان بەیەكلاكردنەوەیە.
بەگوێرەی زانیارییەكانی شارپرێس، حكومەتی عێراق داوای كردووە لەسەرەتای مانگی هەشتدا نەوتی كوردستان ڕادەستی سۆمۆ بكرێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، پێش دوو هەفتە شاندەكەی عێراق هاتنە هەرێم و ڕاپۆرتێكیان لەبارەی كێڵگەنەوتییەكانی كوردستان ئامادەكرد، كەبەگوێرەی ڕاپۆرتەكە بەرهەمی نەوتی سەرجەم كێڵگەكان 81 هەزار بەرمیلی ڕۆژانەبوو.
سەرچاوەكە ئەوەشی خستەڕوو، شاندەكە ڕاپۆرتێكی دكە ئامادە دەكەن و ڕادەستی ئەو لیژنە وزارییەی دەكەن كە سودانی پێكیهێنابوو، تا دوای وردبینییەكان لە كۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقدا جارێكی دیكە تاوتوێبكرێت.
ئەمە دوای ئەوەدێت، بەگوێرەی ڕێككەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، دەبێت هەرێم مانگانە 120 ملیار لەداهاتی نانەوتی و 230 هەزار بەرمیل ڕۆژانە ڕادەستی عێراق بكات.