نوێترین

recent

28/07/2025

ڕێبەر ئەحمەد،بەرانبەر هێرشە درۆ*نییەکان بێ دەنگ نابین.

 






ئەمڕۆ دووشەممە، 28ـی تەممووزی 2025، ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، ئەو شاندەی ئەمڕۆ کە هاتبوون بۆ هەرێمی کوردستان شاندێکە لە زۆربەی دامەزراوە ئەمنیی و سەربازی عێراقی پێکهاتوون، بۆ لێکۆڵینەوە لەگەڵ لیژنەیەکی دیکەی هەرێمی کوردستان، لەسەر ئەو هێرشە درۆنیانەی کە لە ماوەکانی ڕابردوو ئاراستەی هەرێمی کوردستان دەکران و تێیدا کێڵگە نەوتییەکان بە ئامانج دەگیران.

وەزیری ناوخۆ دەڵێت: بەداخەوە ئەوە چەندەمین جارە ئەو هێرشانە دووبارە دەبنەوە و لە ڕابردووشدا چەندان لیژنەی دیکە دروست کراون، بە لیژنەی هاوبەشەوە، لێکۆڵینەوەی تەواو کراوە و گەیشتوونەتە دەرئەنجامی تەواویش، بەڵام تا ئێستا هیچ ڕێکارییەکی پێویستیان نەگیراوەتەبەر و سنوورێک بۆ ئەو گرووپانە دانەنراوە.

دەشڵێت: هیوامان وایە هاتنی ئەم لیژنە هاوبەشە، ئەمجارە ببێتە کۆتا لیژنە بۆ ئەوەی ئەم لیژنە ڕاستییەکان بۆ هەردوولا کە ئاشکراکەن، ئەوانەی لە پشت ئەم هێرشانەن، دەستنیشان بکرێن و ڕادەستی حکوومەتی فیدراڵی بکرێن و تاکوو ڕێکاری ئەمنیی و یاساییان لەبەرامبەردا بگیرێتەبەر و هەرێمی کوردستان بە چاوی دوژمن سەیری نەکرێت.

ڕێبەر ئەحمەد ڕاشیگەیاند، "دەبێت ئەو گرووپانە سنووریان بۆ دابنرێت و دوور بکەونەوە لە هەڕەشە کردن و تێکدانی ئارامی و سەقامگیری هەرێمی کوردستان، ئومێدەوارین بە هەبوونی قاسم ئەعرەجی، ئەم لیژنەیە دەرئەنجامەکانی باشبن، هەموو هاوکارییەکیش لەلایەن حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەو لیژنەیە دەکرێت، لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەت، مەسرور بارزانی، کە ڕێنمایی بە دامەزراوەکان داوە هەرچی پێویست بێت بۆ ئاسانکاری ئەم لیژنەیە ئەو بەڵگە و زانیارییانەی هەیە بدرێت بەو لیژنەیە، تاکوو سنوورێک بۆ ئەو هەڕەشانە دابنرێت و کۆتایی بەو مەترسییانە بهێنرێت، چونکە ئەو گرووپانە لە سنوور دەرچووە و پێویستە چیتر دووبارە نەبنەوە.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085