نوێترین

recent

31/07/2025

وەزارەتی نەوتی عێراق،لە چەند رۆژی داهاتوو لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی.

 





'گفتوگۆکان لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان بەردەوامن'؛ بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق دەڵێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە.
 
ئەمڕۆ پێنجشەممە، 31ی تەممووزی 2025، د. ساحب بەزوون، بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "گفتوگۆکان لەسەر پرسی هەناردەکردنەوەی نەوت لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە و لە چەند رۆژی داهاتوودا دەگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی و بابەتەکە یەکلایی دەکرێتەوە."
 
پرسی رادەستکردنی نەوت بە کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) تاوەکو ئێستا لە نێوان هەولێر و بەغدا رێککەوتنی کۆتایی لەبارەوە نەکراوە. گفتوگۆکان لەبارەی ئەوەیە کە ئایا بڕی نەوتی بەرهەمهێنراوی ئێستا رادەست بکرێت یان ئەو بڕەی لە رێککەوتنەکەدا هاتووە کە 280 هەزار بەرمیلە (50 هەزار بەرمیل بۆ بەکارهێنانی نێوخۆ و ئەوی دیکەی بۆ هەناردەکردن.)
 
د. ساحب گوتی، "شاندەکان بەردەوامن لە گفتوگۆکردن. هەناردەکردنەوەی نەوت زۆر دواکەوتووە و هەموو هەوڵەکان بۆ ئەوەیە لە زووترین کاتدا بگەینە رێککەوتنی کۆتایی."
 
رۆژی 30ی ئەم مانگە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەو بڕە نەوتەی ئێستا ئامادەیە بۆ هەناردەكردن، رادەستی کۆمپانیای (سۆمۆ) دەکرێت بەمەبەستی هەناردەکردنی لە رێگای بەندەری جەیهانەوە.
 
هاوکات بڕیاردرا حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرپرسیارێتیی قەرەبووکردنەوەی ئەو کۆمپانیایانە بگرێتە ئەستۆ کە نەوتەکەیان بۆ بەکارهێنانی ناوخۆیی لە هەرێمی کوردستان تەرخان دەکرێت.
 
تاوەکو ئێستا مووچەی مانگەکانی 6 و 7ی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لەلایەن بەغداوە خەرج نەکراوە.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، بەرهەمهێنانی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکان گەیشتووەتەوە ئاستی سەروو 125 هەزار بەرمیل، بەڵام دیار نییە داواکەی بەغدا بۆ چەند هەزار بەرمیلە، واتە لە چەند هەزار بەرمیل کەمتر نەبێت، وەریدەگرن بۆ هەناردەکردنەوە. 
 
بەرپرسی راگەیاندنی وەزارەتی نەوتی عێراق رەتیکردەوە قسە لەسەر ئەو بڕە بکات کە بەلای بەغداوە پەسندە بۆ وەرگرتن و هەناردەکردنی. 
Picsart-24-02-23-21-31-09-085