نوێترین

recent

03/11/2024

جەعفەر شێخ مستەفا" پەیامێکی بڵاوکردەوە.




 

پەیامی پیرۆزبایی جێگری سەرۆک لە ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی ژنانی کوردستاندا

بە بۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی ڕێکخراوی یەکێتیی ژنانی کوردستان، پیرۆزباییەکی گەرم لە سکرتێر و ئەندامانی مەکتەبی سکرتاریەت و سەرجەم ژنان و کچانی کوردستان دەکەم، هیوای سەرکەوتنی زیاتریان لە کاری ڕێکخراوەیی بۆ دەخوازم.

٣٥ ساڵ لەمەوبەر لە سەردەمێکی دژوار و پڕ لە مەینەتیدا، لەسەر دەستی چەند شۆڕە ژنێکی پێشمەرگە و ڕۆشنبیر لە بواری مافەکانی ژنان و پەروەردەی نێو خەباتی شۆڕشی نوێ و تەژی لە هەستی کوردایەتی، لە هەڵومەرجێکی تایبەت و پێویستیەک بۆ قۆناغی ئەوکات ئەم ڕێکخراوە هاتە بنیاتنان.

یەكێتیی ژنانی كوردستان لە مێژوی پڕ سەروەریاندا، ڕۆڵی بەرچاویان بینیوە لە پێگەیاندنی ژنان و کچانی بوێر و چالاک بۆ نێو کایەی سیاسیی و ئاراستەکردنیان بۆ ناوەندەکانی نێو پڕۆسەی حکومڕانیی و کاروبارە ئیدارییەکان، هەمیشە سەکۆیەک بوونە بۆ هۆشیارکردنەوەی مافەکانی ژنان و کاڵکردنەوەی ئەو جیاوازییە ڕەگەزییانەی کە بەردەوام ژنانی تێدا پەڕاوێز خراوە.

ژنی کورد هەمیشە سیمبولی ئازایەتیی و بەرخودان بووە، ڕۆڵ و خەباتی نەپساوەیان دەرخەری ئازایەتیی و بوێریان بووە، هیواخوازم ڕێکخراوی یەکێتیی ژنان بە گڕوتینێکی زیاترەوە لە کار و چالاکییەکانی بەردەوام بێت، بۆ ئەوەی زیاتر بوار بۆ ژنان بڕەخسێ، لەپێناو بەدەستهێنان و پاراستنی ماف و ئەرکەکانیان.

شێخ جەعفەر شێخ مستەفا
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان
٢٠٢٤/١١/٣

Picsart-24-02-23-21-31-09-085