بەگوێرەی زانیارییەکانی میدیای فەرمی پارتی رایگەیاندووە" پارتی لە پێکهێنانی حکومەت دەڕوانێت، چوار مەرجی بۆ یەکێتی و هەر لایەنێک ئەوەیە بێتە ناو حکومەت.
یەکەم: یەک حکومەتی یەکگرتوو و سەرتاسەری هەبێت لە زاخۆوە تاوەکو کەلار و کفری، بڕیارەکانی بێ کێشە و گرفت جێبەجێ بکرێن نەوەک لە هەندێک شوێن ڕێگری لێ بکرێت.
دووەم: یەک هێزی پێشمەرگە هەبێت، ببێتە هێزێکی نیشتمانی و لە ململانێی حیزبی دابماڵرێت.
سێیەم: یەک قەوارە، مەبەستی پارتی ئەوەیە سەرجەم حیزب و لایەنەکان کار بۆ پاراستنی قەوارەی هەرێمی کوردستان بکەن، لە پرسە نیشتمانییەکان یەک دەنگ و یەک هەڵوێست بن و هەموویان پێکەوە خزمەت بە بەرژوەندییە باڵاکانی گەلی کوردستان بکەن.
چوارەم: لە خولی نوێی پەرلەمان کار بۆ هەموارکردنی ڕەشنووسی دەستوور و تێپەڕاندنی بکرێت و هەرێمی کوردستان ببێتە خاوەن دەستووری خۆی.
ئەوەشی راگەیاند، هەر ئەمرۆ سەرۆکوەزیران مەسروور بارزانی، لەبارەی پێکهێنانی حکومەت یەکەم پەیامی بۆ ئەو لایەنە سیاسییانە نارد کە دەیانەوێت بەشداری لە حکومەت بکەن و گوتی: "هەر کەسێک بیەوێت بەشداربێت، دەبێت وەڵامدەرەوەی ویست و خواستی خەڵک بێت".
