شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لەگەڵ ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دۆڵی جافایەتی کۆبووەوە
ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلول، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، لەبارەگای ئەنجومەن، بەئامادەبوونی هەڤاڵ زیادی شەهید جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی رێکخستنی سلێمانی و هەڤاڵان لێپرسراوانی هەردوو کۆمیتەی رێکخستنی دوکان و پیرەمەگرون، پێشوازییان کرد لە بەڕێز مەحمود کوێخا سمایلی تەلان و ژمارەیەکی زۆر لە کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکانی دۆڵی جافایەتی لە سنووری دوکان و پیرەمەگرون.
لەکۆبوونەوەیەکدا، سەرەتا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، ئاماژەی بەوەکرد کە خەڵکی ناوچەکانی دۆڵی جافایەتی، بەحوکمی جوگرافیای ناوچەکەیان کە بە زۆری ناوچەیەکی سەختی شاخاوییە و بارەگا گرنگەکانی شۆڕشی نوێی لێبوو، ئەرکێکی قورس و زۆرترین بارگرانی شۆڕشیان لەسەربووەو قوربانییەکی بێ ئەندازەیان پێشکەش بەخاک و نیشتمان کردووە. هەمیشە خۆیان و ماڵ و منداڵیان لەژێر هەڕەشەی تۆپباران و کیمیاباراندا بوون، بۆیە جێی رێزو پێزانینن و شایستەی ئەوەن خزمەتی زیاتر بکرین و باشتر ئاوڕیان لێبدرێتەوە.
جەخیشیکردەوە کە شۆڕش و فیداکارییە زۆرو زەوەندەکانی کۆمەڵانی خەڵک، لەنێویشیاندا خەڵکی دۆڵی جافایەتی، لەپێناو پێکهێنانی قەوارەو دەسەڵاتێکی خۆماڵیدابووە کە لەسایەیدا گەلی کوردستان بەمافەکانی شادبێتەوەو پەرە بە پرۆسیسی نەتەوەسازیی بدات، ئەوەشی خستەڕوو کە لەسەرەتای دامەزراندنی حکومەتی هەرێمەوە تا دوا کابینەی حکومەت کاری باش لەبوارەکانی ئاوەدانی و حزمەتگوزاریدا کرا، بەڵام لەم کابینەیەدا نەتوانرا درێژە بەو کاروانە بدرێت و کاروبارەکان سستیان بەخۆیانەوە بینی و کۆمەڵێک قەیرانی جۆراوجۆر بەرۆکی خەڵکی کوردستانی گرت، بۆیە دەلاقەیەکی گەورە لەنێوان خەڵک و دەسەڵاتدا درووست بوو.
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، بەئامادەبوانی راگەیاند: پێویستە حکومەت لە شێوازی حکومڕانی جیابکەینەوە، سەرباری هەموو لایەنە خراپەکانی حکومڕانی خۆمان، بەڵام دەبێت بەخوێن و گیانی خۆمان داکۆکی لە حکومەتی هەرێم بکەین و هەوڵی جددی بدەین بۆ راستکردنەوەی رێڕەوەکەی و پەرەپێدانی، ئەوەش لە رێی شێوازەکانی دیموکراسی و دەستاودەستکردنی ئاشتیانەی دەسەڵاتەوە دەبێت، بەجۆرێک کە یەکێتی پێکهێنەری سەرەکی و باسکی بەهێزی حکومەت بێت، چونکە تەنها یەکێتی دەتوانێت ئەم بارە لارەی کوردایەتی راستبکاتەوەو هاوسەنگی درووست بکات.
لەبەشێکی تری وتەکانیدا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، پەیگریی لەوەکردەوە کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی، هەوڵی بێ پەروایاندا هاوپەیمانی بەرفراوان لەنێوان یەکێتی و هێزە سەرەکییەکانی تری سەر گۆڕەپانی سیاسی کوردستان دروست بکەن بۆ ئەوەی لە موسڵ و کەرکوک و دیالە بتوانن زۆرترین دەستکەوت بۆ کورد بەدەستبهێنن، بەڵام لایەنی بەرانبەر هەموو دەستپێشخەرییەکانی رەتکردەوە. سەرباری ئەوەش لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای گەلەکەماندا هەر سورین لەسەر پێکهێنانی هاوپەیمانی لەگەڵ ئەو لایەنانەدا لەدوای هەڵبژاردن، بۆ ئەوەی دەستەکەوتەکانی خەڵکی کوردستان مکوڕ وبەهێزتر بکەین.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لێپرسراوی ئەنجومەنی پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكان، تەئکیدی کردەوە کە سەرۆک و سەرکردایەتی یەکێتی دەسەڵاتی تەواویان داوەتەدەست هێزەکانی حەفتا تاکو بچێتەژێر فەرماندەیی وەزارەتی پێشمەرگەوە، بۆ ئەوەی هێزی حزب نەمێنێت و سوپایەکی یەکگرتووی کوردستانی دامەزرێت و دامەزراوەیەکی پتەوی حکومڕانیمان هەبێت، بەڵام لایەنی بەرانبەر کۆسپ و لەمپەڕ درووست دەکات و تائێستا نەتوانراوە ئەو ئامانجە پیرۆزە بەدیبهێنرێت.
لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا، ژمارەیەک لە ئامادەبووان رەخنەو تێبینیەکانیان خستەڕوو، هەروەک داوای چارەسەرکردنی کۆمەڵێک گرفتی پەیوەست بەبواری حزمەتگوزاریی و رێگاوبانیان کرد.
