جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان رایگەیاند،رێکارەکانى چاکسازی لە سلێمانى بەردەوام دەبێت، دەشڵێت" ئەگەر دەمانەوێ یەک حکومەتمان هەبێ پێویستە سیستەمى ٤٣% بە ٥٧% لە موچەو پڕۆژەکان هەڵوەشێنینەوە".
قوباد تاڵەبانى جێگری سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە میانى پانێڵێکدا لە کۆڕبەندی ئابوری لە شاری سلێمانى رایگەیاند"ئێمە رووبەرووی تەمەڵی دەبینەوەو لەشەڕێکداین دژی گەندەڵی بۆ ئەوەى فەرمانگەکانى حکومەت خەبەر بکەینەوە، دەبێت تەواوی دامەزراوەکانى حکومەت کارا بکەینەوە".
ئاماژەى بەوەشکرد، رۆتین و ئاستەنگی زۆر بۆ وەبەرهێنەرەکان دروست کراوە، بۆیە دەبێت وەک حکومەتى هەرێم کار ئاسانى بکەن بۆ ئەوەى کەرتی تایبەتى بەهێزیان هەبێت بۆ ئەوەى ئابوری هەرێمى کوردستان گەشە بکات.
لەبارەى بودجەو داهاتى سنوری پارێزگای سلێمانى جێگری سەرۆکى حکومەت ئاماژەى بەوەشکرد، کورتهێنان هەیەو لە سلێمانى کورتهێنانى روون هەیە کە ئەوەش پەیوەندی بە هاوکێشەیەکی هەڵەوە هەیە کە هاوکێشەی ٤٣% بە ٥٧% کە هەموو شتەکان لەسەر ئەو ئەساسە داڕێژراوە، بۆیە ئەگەر ئێمە یەک حکومەتین دەبێت ئەم سیستەمە هەڵوەشێنینەوە.
تاڵەبانى دەشڵێت" ئێستا لە گفتوگۆداین کە سیستەمى موچە چۆن بگونجێنین لەگەڵ ئەم سەردەمە، بەڵام ئەمە پێویستى بە گۆڕانکارییەکى ریشەیی هەیە، من هەمیشە لەگەڵ یەک حکومەتی هەیە کە لەرووی سیاسییشەوە باجم لەسەرداوە".
