نوێترین

recent

20/08/2019

لەسەر سنورەکانى کوردستان چى ڕوودەدات؟


وڵات _ چلانە قادر 

لەکاتێکدا تورکیا فشارى بۆ قەندیل هێناوە، بەووتەى چەندین سەرچاوەى ئەمنى سوپاى پاسدارانیش سنورەکانى کوردستانى تەنیوە بەنیازى هێرشى سەربازییە لەناو خاکى کوردستان.

بەگوێرەى وەسفى، ئاژانسى سپۆتینگى ڕوسى، ئەم کۆبونەوەى سوپاى پاسداران ئێران لەسنورى باڵەکایەتى و سۆران بێوێنەیە هەرگیز پێشتر وێنەى نەبووە، بۆیە ئەگەرى هەیە ئەوانیش هاوشێوەى تورکیا هێرشى زەمینى بۆ لاوازکردنى هێزە کوردییەکان ئەنجام بدات.

بەگوێرەى زانیارییە دزە پێکراوەکان، کۆبونەوەى سوپاى پاسداران لەسەر سنورەکانى هەرێمى کوردستان بەئاگادارى عێراقە، بەوپێیى هەفتەى ڕابردوو وەزیرى ناوخۆى عێراق لەتاران بووە و ڕەزامەندى عێراقى پیشانداوە بۆ هەر هێرشێک لەناوەوەى سنورى کوردستان ئەنجام بدرێت دژى هێزە کوردییەکان ک ئێستا لەقەندیل و کێلە شین و ناوچە سنورییەکانى ئێران و هەرێمى کوردستان کۆبونەتەوە لەجەنگدان دژى ئێران.



د.واسق هاشمى سەرۆکى کۆمەڵەى عێراقى بۆ دیراساتى ستراتیژى لەبارەى ئەم جوڵانەى تورکیا و ئێرانەوە ئەوەى ئاشکراکردووە، هێزە کوردییەکانى ئێران لەلایەن هەولێر و پەکەکەش لەلایەن سلێمانیەوە هاوکارى دەکرێن، بۆیە ئێستا تورکیا و ئێران دەیانەوێت کۆتایى بەو چەکدارانە بهێنن لەسەر سنورى عێراق و تورکیا و ئێران و هەرێم بوونیان هەیە، ووتى: "ئامانجى کۆبونەوەى سوپاى پاسداران بۆ لێدان و پاکتاوکردنى ئەو هێزە کوردیانەیە لەسەر سنور بوونیان هەیە و دژى ئێران خۆیان چەکدارکردووە".

ئەو شیکەرەوە سیاسیە عێراقیە، جەخت لەسەر ناکۆکى تورکیا و ئێران دەکاتەوە لەبارەى پرسى ئۆپۆزسیۆنى چەکدارى هەردوو وڵاتەکەوە بەڵام ئەوە ماناى ئەوەنیە هاوکارى سەربازى لەنێوانیان نیە، دەڵێت: "تورکیا و ئێران حساب بۆ عێراق ناکەن، ئەگەر بیانەوێت هەر پەرچەکردارێکى سەربازى بنوێنن".

عێراق گڵۆپى سەوزى بۆ ئێران هەڵکردووە تاوەکو لە هەرێمى کوردستان هێرش ئەنجام بدات

بەگوێرەى زانیارییەکانى وڵات_بڵابونەوەى سوپاى پاسداران، بەچەکى قورس و فڕۆکەى بێفڕۆکەوانەوە ئامانجى پڕۆسە سەربازییەکە ئەوەیە گورزێکى کوشندە لەهێزە دیموکرات و کۆمەڵە و هێزەکانى دیکە بوەشێنن ئەوەش لەترسى ئەوەى سود لەو دۆخە وەرنەگرن هاتووەتە پێشەوە دواى گەمارۆکان بۆ لاوازکردنى کۆمارى ئیسلامى ئێران و ئەنجامدانى کردەوەى سەربازى شۆک هێنەر.

هاوکات، تورکیاش بەهەمان شێوە ئامانجى دروستکردنى پشتێنەیەکى ئەمنیە لەناو خاکى عێراق گەمارۆدانى قەندیل ئەوەش لەپێناو خنکاندنى قەندیل، بۆیە لەماوەى ٢٤ کاتژمێرى ڕابردوو چەندین ناوچەى بۆردومانکردووە و تەنانەت ناوچەى سەنگەسەری لەنزیک قەندیل بە ئامانج گرتووە کوژراو بریندارى لێکەوتووەتەوە.



پلانەکە چیە؟

پلانەکە دوو ئامانجى هەیە، یەکەم پاکتاوکردن و بێهێزکردنى هێزە کوردییەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان، لاوازکردنى پەکەکە و تائاستى لەناوبردنى.
بەگوێرەى زانیارییە هەواڵگرییەکان، پلانەکە لەڕێگەى ناوەندێکى هاوبەشى سەربازى و هەواڵگرییەوە بەڕێوەدەچێت کە تورکیا و ئێران و عێراق دروستیان کردووە بۆ جێبەجێکردنى ئەم پلانە، ئەوەش بەئاگادارى حکومەتى هەرێمى کوردستان دامەزراوەی هەواڵگرى سەربە پارتى دیموکراتى کوردستانە.
بەگوێرەى زانیارییەکان، هەڵمەتەکان تاپێش پایزى ئەمساڵ بەشێوەى بچڕبچڕ و کاریگەر بەردەوامیان دەبێت و تاوەکو پلانەکە بەتەواوى جێبەجێ دەکرێت، لەگەڵ هاتنى پایز سوپاى هەردوو وڵات دەکشێنەوە بەرەو ناوچە دەشتاییەکان لەترسى سەرماو سۆڵە، بەڵام بارەگانیان لەناو خاکى هەرێمى کوردستان دەبێت.

حکومەتى هەرێم هەڵوێستێکى لاواز!

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا داوا لە حکومەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات نەبنە هۆی زیانگەیاندن بە هاونیشتمانییانی هەرێمی کوردستان و سەلامەتییان بپارێزن. 
لە راگەیێندراوەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە تێیدا هاتووە، "ئەمڕۆ لە ئەنجامی بۆردوومانی فرۆکەکانی تورکیا لە بناری قەندیل چەند هاووڵاتییەک برینداربوون و زیانی ماددیشی لێکەوتەوە. حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوخەمی لەگەڵ زیانلێکەوتووانی ئەو ناوچەیە دەردەبڕێت و نیگەرانە لەو بۆردوومانە".
حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژە بەوەشدەکات، سەلامەتی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان بپارێزرێت و نابێت ببنە ئامانجی بۆردوومان.
لەهەمانکاتدا داواش لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکات رەچاوی دۆخی ھاوونیشتمانیان و تایبەتمەندیی ھەرێمی کوردستان بکەن و چیتر نەبنە هۆکاری زیانگەیاندن پێیان.

ئەم داوکارییەى حکومەتى هەرێمى کوردستان، لەکاتێکدابوو مەسرور بارزانى کۆتایى مانگى ڕابردوو وتارێکى لە واشنتۆ پۆست بڵاوکردەوە ووتى "چیتر قبوڵى ئاڵۆزییەکانى سنورناکەین".


 هەرێمى کوردستان لەکوێى ململانێکەدایە؟

حکومەتى هەرێمى کوردستان هیچ کارێکى پێناکرێت تەنانەت هیچ پرسێکیشى پێناکرێت لەم پرسەدا، بۆیە حکومەتى هەرێم بەتایبەت پارتى رۆڵى هاوکارى وەرگرتووە لەم پڕۆسەیەدا بەتایبەت دژى قەندیل.
بەووتەى ئاژانسى سپۆتینگى ڕوسى، کوردستان بووەتە ناوەندى ململانێى هێزە هەرێمى و نێودەوڵەتیەکان، بەشدارى لە ململانیکان.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085