نوێترین

recent

23/06/2019

قوباد تاڵەبانى؛ سەرۆکێک لەتویتەر



وڵات _چلانە قادر

ئێستا لەتویتەر چیت بوێت دەتوانیت لەقوباد تاڵەبانى بپرسیت وەڵامەکەشى وەربگریتەوە، ئەمە لەکاتێکدایە قوباد تاڵەبانى تا پێکهێنانى حکومەتى نوێ کە کەس نازانێت کەیە دەسەڵاتى سەرۆکى حکومەتى لەلایە.

هەفتەى ڕابردوو هاوڵاتیەکى شارى سلێمانى کاتێک ویستى بڕوات بۆ پاسپۆرتى سلێمانى بەڵام لەبەر ئەوەى شۆرتى لەپێدابوو نەیانهێشت بڕواتە ژورەوە، ئەمەى لەتویت پۆستکرد و بڵاویکردەوە پاش ئەوەى نوسینگەى قوباد تاڵەبانى بەوە دەزانن، یەکسەر خۆى پەیوەندى بەپاسپۆرتەوە دەکات و کێشەکەی چارەسەر دەکات، هاوڵاتیەکە دەڵێت: "نوسینگەى قوباد تاڵەبانى پەیوەندییان پێوەکردووم وتویانە کێشەکەت چاسەرکراوە، کاک قوباد پاسپۆرتى سلێمانى ڕاسپاردووە کە ئەوە پێشێلکارى ئازادى هاوڵاتیانە نابێت پێشێل بکرێت".



ئەم بڕیارە گشتاندنى بۆ دەرکراو بووە یەکەم بڕیارى ئەو لەسەرۆکاتى حکومەت، ناوەڕۆکى بڕیارەکە ئەوەبوو، هیچ کەس بۆى نیە لێپێچینەوە لەهاوڵاتیان بکات لەسەر شێوازى جل و بەرگیان، مافى خۆیانە بە چ جلوبەرگێکەوە سەردانى فەرمانگەکان دەکەن".

ئەم بڕیارە قوباد تاڵەبانى یەکەم کاردانەوە نەبووبەرامبەر فانێکى لەتویتەر  کە ئێستا ئەو ٤٧١ هەزار فانى هەیە هاوشێوەى سەرکردە ئەوروپی و ئەمریکیەکان بایەخ بە تویت دەدات لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر.

بەڵکو هەر مانگى ڕابردو بوو، وادەى چاوپێکەوتنێکى بۆ ڕۆژنانوسێکى شارى سلێمانى دانا، بەس تەنها لەبەر ئەوەى ڕەخنەى لێگرتبوو لەوەى ئەو چاوپێکەوتن لەگەڵ میدیاى ناوخۆیى ناکات، وەڵامى ڕۆژنامەنوسەکەى دابویەوە وتوبوى: "بڕوابکە کەناڵەکانى خۆشمان ڕەخنەم لێدەگرن، بەڵام وەعدبێت چاوپێکەوتنێکت قەرزارم".

یەکەم بڕیارى قوباد لەسەرۆکایەتى حکومەت، ئازاداى جل و بەرگ بوو

قوباد تاڵەبانى بەپیاوێکى خۆش مەشرەب و هەمیشە بە خەندە دەناسرێت لەناو خەڵک و لایەنگرانى لەناو یەکێتى، ئەو پێچەوانەى بەرپرسەکانى دیکە دەچێتە سەر تەلەفزیۆن و باسى عەشق و غەرامیاتى خۆى دەکات، لەکۆڕەکاندا پێدەکەنێت و لەگەڵ گەنجەکاندا نوکتە دەڵێت، ئەمە لەکوردستان بەدوو لایەن وەسفدەکرێت.

بەشێک لەجەماوەرى یەکێتى بڕوایان وایە، قوباد کەسێکى سادەیە و لەسەر شێوەژیانى ئێستاى کوردستان ڕانەهاتووە بەهۆى ئەوەى لە ئەوروپا بووە ئەیەوێت مۆدێلى ئەوروپا لەکوردستان دوبارە بکاتەوە بەڵام لێرە خەڵک بایەخ بەم جۆرە مۆدێلە نادات، بڕوایان وایە سەرکردەى کاریزمى نابێت ئەم جۆرە هەڵوسکەوتانەى هەبێت کە قوباد تاڵەبانى هەیەتى، هەر بۆیە ڕەخنەى لێدەگرت.

بۆیە تەنانەت لەناو حیزبەکە خۆشى، قوباد تاڵەبانى ڕووبەڕى ڕەخنەى توندبووەتەوە، دواجاریش کاتێک مەحمود سەنگاوى باسى دۆخى هەرێمى کرد و دووبارە کەسایەتى قوبادى بەلاواز وەسفکرد، ووتى: "لەبەر ئەوەى ناوى مام جەلال لە مەراسیمەکەى نێچیرڤان بارزانى نەهێنرا دەبوو قوبادەکەى ئێمە مەڕاسیمەکەى بەجێبهێشتایە".



ڕکابەرکانیشى ڕەخنەى لێدەگرن و بڕوایان وایە کەسێکى سەرکەوتوو نیە لەبوارى کارگێڕیدا، گۆڕان کە ئێستا نزیکە لەپارتى و دورە لەیەکێتى لەکاردانەوەى ئەو ڕاگەیەنراوەى لەبارەى هێرشکردنە سەر بارەگاى گۆڕان بڵاویکردەوە هێرشى توندیان کردە سەر قوباد تاڵەبانى، کاتێک ووتى: "یەکێتى هێرشى نەکردووەتە سەر گۆڕان".

دابان محمەد پەرلەمانتارى بزوتنەوەى گۆڕان، لەزمانى پارتیەو ئاماژە بۆ ئەوەدەکات، پارتى هەرچى زووە حەزدەکات حکومەت پێکبێت لەبەر کارکردنی بەنەفەسێکی حزبی و بێ ئەزمونی قوباد تاڵەبانی لە ئیدارەدان، دەڵێت: " پارتى ترسیان هەیە و متمانەیان بەوە نیە ئەم بەڕێزە بۆ ماوەی یەک مانگ بە ئەمانەتیش سەرۆکی حکومەت و دەسەلاتەکانی لابێت".

بەڕاى یەکێتیەکان ئەم قسەیە کاردانەوەیەکى دەرونیە بەرامبەر قوباد تاڵەبانى چونکە ئەو هەمیشە وەکو سەرۆکى هەموان مامەڵەى کردووە نەک یەکێتى، بەڵام بەڵگەنامەکان لەبارەى کەسایەتى قوباد تاڵەبانیەوە جیاواز قسە دەکەن.

بەردەوام نیشانەى پرسیار لەسەر کەسایەتى قوباد تاڵەبانى وەکو سەرۆک دادەنرێت

بەگوێرەى بەڵگەنامەیەکى ویکلیکس کە مێژووەکەى بۆ ساڵى ٢٠٠٦ دەگەڕێتەوە، قوباد دژایەتى خۆى بۆ ئەم چینە کۆنە پیشان دەدات کە دەسەڵاتیان هەیە، لەگفگۆیەکى لەگەڵ ئەمریکیەکان، ئاماژە بەوە دەکات ئەو تەنها کار بۆ تاڵەبانى باوکى ناکات لەئەمریکا بەڵکو کار بۆ هەموو کورد دەکات، لەکۆمێنى تیمە ئەمریکیەدا لەسەر قوباد تاڵەبانى پێیان وایە کەسێکى گەنجە و چەندین "قسەى بێ واتاش" لەناو قسەکانى قوباد دەردەهێنن.

تیمەمە ئەمریکیە ئەوەش دەڵێن: "بەشێک لەیەکێتیەکان نیگەرانن بەرامبەر ئایندەى قوباد تاڵەبانى و بەنهێنى ئەوەیان ئەمریکیەکان ووتووە، "یەکێتیش بەرەو سیستمى خێڵایەتى دەڕوات."

قوباد تاڵەبانى کە ئێستا وەکو ڕەمزى حکومەت لەناو یەکێتى دەردەکەوێت، چاوەڕوانى زۆرى لەلاى یەکێتیەکان لەسەر بەڵام نەخۆى و نەدەزگا ڕاگەیاندنى حزبەکەى وەکو سەرۆک ناوى ناهێنن تەنانەت زۆر بەبێ دەنگى سەرۆکایەتیە کاتیەکەى تێدەپەڕێنێت، تەنانەت بەشێکى زۆرى چالاکیەکانى سەرۆکایەتیەکەى لە سلێمانیە، ئەمەش وا لێکدەدرێتەوە کە نێچیرڤان بارزانى پێش ئەوەى بڕوات، "هیچ دەسەڵاتێکى ڕادەستى قوباد نەکردووە"، ئەمەش نیشانەیەکى پرسیار لەسەر قوباد تاڵەبانى و پۆستەکەى جێدەهێڵێت، ئایا بەڕاستى خۆى نایەوێت وەکو سەرۆک دەرکەوێت، یان پارتى نەیهێشت؟

Picsart-24-02-23-21-31-09-085