ئەندامێكی لیژنەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك رایدەگەیەنێت، گفتوگۆكان لەگەڵ بەغدا ئەنجامی باشی هەبووە چاوەڕواندەكرێت لە داهاتوویەكی نزیكداو دوای ئاسایی كردنەوەی دۆخی پارێزگاكە بارەگاكانی پارتی لەكەركوك بكرێتەوە.
شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی لیژنەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك كە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەكە پێكهێنراوە، بە رادیۆ نەوای راگەیاندوە، "هەوڵەكانی ئێمە بۆ گەڕانەوەی پارتی لەو چوارچێوەیە بووە كە دۆخی كەركوك ئاسایی بكرێتەوە، لەدوای ئاسایی بوونەوەی دۆخەكەش ئێمە دەگەڕێینەوە ئەو شارەو ئێمە هیچ كات كەركوكمان جێ نەهێشتووەو ئەوەی كە پارتی كردوویەتی لە مانگی 10ی ساڵی رابردوو هیچ حزبێك بۆ كەركوكی نەكردووە".
وتیشی: "دوایین كۆبوونەوەی ئێمە لەگەڵ بەغدا هەفتەی رابردوو بوو لەسەر بابەتی ئاسایی كردنەوەی كەركوك، گفتوگۆكان قۆناغی باشی بڕیووەو پێشبینی دەكرێت لەماوەیەكی نزیكدا ئەنجامی خێری هەبێت و گەڕانەوەی بارەگاكانی پارتی بەشێكە لەو پرسەو بەتەئكید لەدوای ئاسایی كردنەوەی دۆخەكەش بارەگاكانی پارتی بەشێوەیەكی شكۆمەندانە هاوشێوەی پێش 16ی ئۆكتۆبەری 2017 بەڕووی ئەندام و لایەنگرانی بەمنزیكانە دەكرێتەوەو پرسی ئیدارەو مەلەفی پارێزگاش هاوتەریب لەگەڵ ئەوەدا چارەسەردەكرێت".
سەبارەت بەوەی ئایا دیاریكردنی پارێزگاری كەركوك پێش گەڕانەوەی پارتی دەبێت بۆ كەركوك یاخود چاوەڕوانی گەڕانەوەو كرانەوەی بارەگاكانی پارتی دەكرێت؟، شاخەوان عەبدوڵڵا پەرلەمانتاری خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەران و ئەندامی لیژنەی ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك كە لەلایەن مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لیژنەكە پێكهێنراوە، بۆ رادیۆ نەوا وتی: "ئەگەر بە ریزبەندی بێت دەبێت دۆخەكە ئاسایی بكرێتەوەو بارەگاكانی پارتی دەگەڕێتەوەو ئەنجومەنی پارێزگاش دەگەڕێتەوەو دواتر لەماوەی یەك هەفتەدا دەتوانرێت كەسێك هەڵبژێردرێت بۆ ئەوەی ببێتە پارێزگاری كەركوك تاوەكو مانگی 4ی ساڵی 2020، بەلامانەوە گرنگە كەسەكە جگە لەوەی پارتی و یەكێتی بێت كەسێكی دڵسۆز بێت و تێوە نەگلا بێت لەگەندەڵی و تەعداكردن لە خەڵك لەماوەی رابردوو هەروەها پێكهاتەكانی دیكەی كەركوكیش لەسەری رەزامەندبن".
