وڵات_ ژیان |
بەدێژایی مێژووی كابینەی یەكگرتوی حكومەتی هەرێم پارتی دیموكراتی كوردستان خوی بە وەزارەتی پلاندانانەوە گرتووە، عەلی سندی، لەسەر پشكی پارتی وەزیری ئەو وەزارەتەیە، بەگوێرەی زانیارییەكانیش لەكابینەی نۆیەمی حكومەتی هەرێم پارتی جارێكی تر وەزارەتی پلان وەردەگرێتەوە وەزارەتەكەش هەر بۆعەلی سندی دەبێت، ئەمەش بۆتە رازێكی نهێنی ئامانج گلدراو.
وەزارەتی پلاندانان بەگوێرەی یاسای ژمارە 7ی ساڵی 2006 كاردەكات كە هاوكاتە لەگەڵ پێكهێنانی كابینەی یەكگرتوی حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2006، ئەم وەزارەتە سەرباری كاری راوێژكاری و پلاندانان چەندین ئەركی گرنگی هەیە، لەوانەش رێكەوتن لەگەڵ لایەنە قەرزدەرەكان، بەڕێوبردنی دەزگاكانی كۆنترۆڵی جۆری، ئەنجامدانی سەرژمێری گشتی بەهاوبەشی لەگەڵ حكومەتی عێراق كە راستەوخۆ وابەستەیە بە فۆڕمی خۆراك و ژمارەی دانیشتوانەوە لەگەڵ چەندین ئەركی تر.
گرنگی وەزارەتی پلاندانان چیە؟
وەزارەتی پلاندانان یەكێكە لەوەزارەتە هەرە گرنگەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان كە بەشدارە لەكۆی چالاكیە ئابوری و زانیاری و راوێژكارییەكانی حكومەتی هەرێم، بەجۆرێك ئەم وەزارەتە بەعەقڵی حكومەتی هەرێمی كوردستان ناودەبرێت، وەكو سندوقێكی رەش ئەژماردەكرێت هەرچی زانیاری خەڵك و حكومەت هەیە لەم وەزارەتە كۆدەبێتەوە، دواتر سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و لایەنە پەیوەندارەكان رەوانە دەكرێت وەك ئاستی بژێوی، باری كۆمەڵایەتی هاوڵاتیان، ژمارەی دانیشتوان و فۆڕمی خۆراك، هەموو ئەوانەش بەشێوی وردو داتا بەیس تۆماركراون بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان یاخود بەشێوەی توێژینەوە.
وەزارەتی پلاندانان یەكێكە لەوەزارەتە هەرە گرنگەكانی حكومەتی هەرێم كە بەشدارە لەكۆی چالاكیە ئابوری و زانیاری و راوێژكارییەكانی حكومەت
عەلی سندی وەزیرێكی هەمیشەیی
عەلی سندی، یەكێكە لەمتمانەپێكراوترین كەسەكانی پارتی و نیچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم، ئەو پزیشكی نەشتەرگەری تایبەتە، بەڵام لای نێچیرڤان بارزانی وەكو سندوقێكی رەش وایە كە پڕیەتی لەزانیاری جۆراوجۆر.
عەلی سندی پزیشكی نەشتەگەری گشتیە، بەڵام بڕوانامە دبلۆمی هەیە لە ئیدارە لەزانكۆی سەڵاحەدین و پاشان ماستەری لەبەڕێوەبردنی گشتی لەزانكۆی هارڤارد بەدەستهێناوە.
سندی ساڵی 1996 بۆ 2001 لەكابینەی حكومەتی هەرێم لەهەولێر بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، بریكاری وەزیری تەندروستی بووە، بەڵام دوای ئەو پۆستە نێچیرڤان بارزانی كردویەتی راوێژكاری باڵای سەرۆكی حكومەت، ساڵی2009 بووەتە وەزیری پلاندانان لەسەر رەزامەندی نێچیرڤان بارزانی تاوەكو ئێستا.
بەگوێرەی زانیارییەكانی ژیان نێچیرڤان بارزانی لەناو پارتیدا یەكێكە لە پشتیوانە سەرەكییەكانی عەلی سندی، هەر ئەویش توانی لە راوێژكارێكەوە بیكاتە وەزیرێكی هەستیار لەكابینەكەی، لە پێناو ئەوەی بتوانن وەكو كەسێكی متمانەپێكراوە لەسەر سندوقێكی رەشی حكومەت دایبنێت.
پارتی بۆچی وەزارەتی پلاندانان ڕادەست ناكات؟
پارتی زۆر هۆكاری شاراوەو و ئاشكرای هەیە بۆ ئەوەی وەزارەتی پلاندانان رادەستی یەكێتی و هیچ لایەنێكی دیكەی نەكات، كە بەشێكیان سیاسین و بەشەكەی دیكەشیان پەیوەستن بەو ئۆفەرانەی لەبەردەم ئەم وەزارەتەدایە كە سودی تایبەتی تیایە بۆ خودی پارتی دیموكراتی كوردستان هەیە ئەوانیش:
عەقڵی حكومەتە: وەزارەتی پلاندانان كاری سەرەكی ئەوەیە پلانی درێژخایەن و كورتخایەن بۆ هەموو وەزارەكان دابنێت لەڕووی ستراتیژییەوە پێشیان بخات بەشداربێت لەپڕۆژە پێشنیاركراوەكان كە دواتر دەخرێنە ناو بودجەی گشتیەوە بۆ پەسەندكرن، ئەمەش راستەوخۆ دەبێت بەهەماهەنگی بێت لەگەڵ خودی سەرۆك وەزیران و تیمی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران كە ئەم پرۆسەیە، پرۆسەی عەقلسازی حكومەتە، بۆیە بەلای پارتیەوە گرنگە كە سەرۆكی حكومەتی لایە ئەم وەزارەتە بەدەست كەسایەتێكی متمانەپێكراوی خۆیەوە بێت، تاوەكو بتوانێت بەگوێرەی پێویست وەزارەتەكانی خۆیی پێشبخات و ئۆفەری زیاتریان بۆ پەسەند بكات، بەپێچەوانەوە كار لەسەر ئەو وەزارەتانە بكات یان لەرووی پلانی گەشەپێدانەوە كەمتر هاوكاربێت لەگەڵ وەزارەتە ركابەرەكان.
وەزارەتی پلاندانان كاری سەرەكی ئەوەیە پلانی درێژخایەن و كورتخایەن بۆ هەموو وەزارەكان دابنێت و بەشداربێت لەپڕۆژە پێشنیاركراوەكان كە دواتر دەخرێنە ناو بودجەی گشتی
زانیاری گرنگی تیایە: زانیاری هەموو وەزارەتەكان دەچێتەوە ئەم وەزارەتە، ئەم زانیاریانە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە رێكدەخرێت و كاری لەسەر دەكرێت، پاشان لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوە جیهانیەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت بەتایبەت یوئێن، سندوقی دراوی نێودەوڵەتی و پەنابەران زانیاری هەموو ئاستەكان لەڕووی ژمارەی دانیشتوان، ئاستی بژێوی ژیان، باری كۆمەڵایەتیان و كاروباری ئاوارەكان لەم وەزارەتە وەردەگرن، گفتوگۆو كار لەگەڵ ئەم وەزارەتە دەكەن چ وەك سەرپەرشتیار چ وەك یاریدەدەر، زۆرجار دەكرێت یاخود دەگونجێت بۆ گۆڕینی ئاڕاستەی زانیارییەكان سودی حكومەت یان لایەنێكی دیاریكراو ئەم زانیاریانە ئەگەر بە ڕێژەش بێت گۆڕانكارییان بەسەردابێت یان بدرێن بە لایەنە نیودەوڵەتیەكان، هەر بۆنمونە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەسەر بنەمای روپێویی ئاستی قەرزو بژێوی، هاوكاری ناوچە زیانلێكەوتووەكان دەكات، ئامارەكانیش لە وەزارەتی پلاندانان وەردەگرێت، لەكاتی قەیرانی داراییدا حكومەتی هەرێم بۆ وەرگرتنی قەرز لە سندوقی دراوی نێودەوڵەتی لەرێگەی ئەم وەزارەتەوە هەماهەنگی كرد، بەڵام بەهۆی نەبوونی سیادەوە پرۆسەكە پەكی كەوت.
پرۆسەی سەرژمێری: سەرژمێری چەكێكی كاریگەری سیاسیە كە بەدەستی ئەم وەزارەتەیەو داوخستن یان پێشخستنی دەستكەوتی سیاسی گەورەی بەدەستەوەیە، هەر بۆنمونە رێكنەكەوتنی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەگەڵ حكومەتی عێراق لەسەر بەشە بودجەی هەرێم بەشێكی پەیوەستە بەم وەزارەتەوە، كە پارتی وەكو چەكێكی سیاسی بەكاری دەهێنێت بۆ مامەڵكردن لەگەڵ عێراق نایەوێت ژمارەی راستی دانیشتوانی هەرێم دەربكەوێت تاوەكو لەسەر ئەو بنەما دەستوریە مامەڵە بكرێت كە 17%یە پشكی بودجەی كوردستان، ئەوە ئێستا بووەتە گرێیەك كە پەرلەمانتارە عێراقیەكان باسی دەكەن پێیان وایە "ڕێژەی دانیشتوانی هەرێمی كوردستان كەمترە لە 17%و ساڵانە ئەم پاساوە دژی كوردستان لەهەموو شایستە داراییەكان بەكاردەهێنن".
زانیاری هەموو وەزارەتەكان دەچێتەوە ئەم وەزارەتە، ئەم زانیاریانە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانەوە رێكدەخرێت و كاری لەسەر دەكرێت، پاشان لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتیەكان و رێكخراوە جیهانیەكان گفتوگۆی لەسەر دەكرێت
سەرچاوەی زانیارییە: ئەم وەزارەتە سەرچاوەی زانیارییە لەبارەی ژمارەی دانیشتوانەوە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی و كۆی وەزارەتەكانی دیكە، هەربۆنمونە سەرچاوەی ژمارەی دانیشتوانە بۆ وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی كە بەرپرسیارە لەفۆڕمی خۆراك كە بنەمایە بۆ بۆ تۆماری دەنگدان، زۆرینەی لایەنە سیاسیەكان جگە لەپارتەكانی دەسەڵات بڕوایان وایە ئەم تۆمارە دەسەڵاتداران بۆ ساختەكاری لەهەڵبژاردن بەكاریدەهێنن.
كۆنترۆڵی ئابورییە: بەگوێرەی یاسای وەزارەت بە هەماهەنگیی لەگەڵ دەزگای مەركەزی پێوەكاری (التقیس)و كۆنترۆڵی جۆرەكی (النوعیە) وەزارەتی پلاندانان و هاوكاری و گەشەپیدانی عێراقی فیدرالدا سیستەمێكی نیشتمانی بۆ پێوەركاری و كۆنترۆڵی جۆری لە هەرێمدا پەیڕەو دەكات، پشت بە رێنمایەكانی عێراقی جیهانیش دەبەستێت و چاودێری بە كارخستیان دەكات و پشكنین و شیكردنەوەو لیكۆڵینەوەی تایبەت بە پێوەرەكانی و كۆنترۆلی جۆرەكی ئەنجام دەدات، ئەمە واتای كۆنترۆڵی هەر كاڵایەك كە دێتە ناو هەرێمی كوردستان دەكرێت ئەمە وەكو هۆكاری ئابووری بە هاوردەكردن و یان قەدەغەكردنی كاڵا بەكاربهێنرێت.
