نوێترین

recent

21/06/2017

قادر عەزیز: یەکێتی بڕیاریداوە چیدیکە نێوەندگیری لەنێوان پارتی و گۆڕان نەکات


ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایگەیاند، یەکێتی بڕیاریداوە چیدیکە نێوەندگیری لەنێوان پارتی و گۆڕان نەکات. وتیشی: "یەکێتی بە بێ گۆڕان و کۆمەڵ پەرلەمانی کوردستان کارا ناکاتەوە". 

قادر عەزیز، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانی کوردستان به‌ روداوی وت: "بۆ کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان پارتی هەنگاوی باش هاتووەتە پێش، پێویستە ئەو مەرجەش نەهێڵێت کە پەیوەستە بە دکتۆر یوسف محەمەدەوە، چونکە دەوڵەتی کوردستان زۆر لەوە گەورەترە مەرج لەسەر کەسێک دابنرێت". 

سەبارەت بەوەی بۆچی داوا لە گۆڕانیش ناکرێت دەستبەرداری یوسف محەممەد بێت کە بکرێتەوە سەرۆکی پەرلەمان ، قادر عەزیز وتی: "ئەوە ئیشی یەکێتی نییە بە گۆڕان بڵێت تۆ بۆ ئەو مەرجەی پارتیت قبووڵ نییە ، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیش، یەکێتی بڕیاریداوە چیدی نێوەندگیری لەنێوان پارتی و گۆڕان نەکات." 

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گشتپرسی لە باشووری کوردستان وتی: "ئومێد دەکەین و هەوڵی بۆ دەدەین گشتپرسی لە وادەی خۆی ئەنجام بدرێت. هیچ کەس و لایەنێک لەناوەوەی هەرێمی کوردستان و دەرەوە دژی گشتپرسی نییە، بە هەڵە دەگوترێت خەڵک دژی گشتپرسییە، بەڵام قسە لەسەر شێوازی گشتپرسییەکەیە کە بۆ سەربەخۆیی کوردستان نییە." 

ئەندامەکەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، باسیشی لەوەکرد"زۆر نزیکە گشتپرسییەکە ئاستەنگی بێتە پێش، ئەگەر بە هەر بیانوویەک رێگا نەدرا لە کەرکووک و ناوچە دابڕێنراوەکان گشتپرسی ئەنجام بدرێت، ئەوکاتە چی دەکەیت. ئەگەر تەنیا لە هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت خۆمان هەرێمی کوردستان پارچە دەکەین. تاوەکو ئێستا قسە لەسەر ئەو ئاستەنگانە نەکراوە کە لەکاتی ئەنجامدانی گشتپرسییەکە و دوای ئەو دێنە پێشەوە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085