
ئەنیستیتۆی توێژینەوە و گەشەپێدان سیمینارێكی بۆ ئەندامی پێشووی مەكتەبی سیاسی و بەرپرسی مەكتەبی ناوەندیی ڕاگەیاندنی یەكێتی (ئازاد جندیانی) ئەنجامداوە، كە تێیدا سەبارەت بە پرسی جیابوونەوە و پێكگەیشتنەوە لە ژیانی حزبایەتی كورستاندا دواوە.
لە سیمینارەكەدا جندیانی بە فراوانی باسی لە چەندین زانیاری و بۆچوونی نەگوتراو كردووە لەسەر بابەتەكانی دژایەتی سیاسی و مەدرەسەكانی سیاسەت لە كوردستاندا، جگە لەوەش بابەتەكەی بەستۆتەوە بە دۆخی ئێستاوە كە سەربەخۆیی تێیدا بابەتێكی گەرموگوڕە.
لەبەشێكی قسەكانیدا جندیانی دەڵێت : قوتابخانەی ئیبراهیم ئەحمەد بەرانبەر قوتابخانەی بارزانی، ململانێ و ناکۆکی زۆری لێکەوتەوە. بەڵام دواجار ئەو مەدرەسەیە شكستی خوارد و سەرنەكەوت.
لەبارەی دۆخی سلێمانی بەهۆی دەرەئەنجامەكانی سیاسەتكردن لەو شارەدا جندیانی دەڵێت: دەکرێت ئێستا ئاماژە بەوە بدرێت قوتابخانەی سلێمانی بۆ سیاسەت گەیشتۆتە کۆتایی خۆی.
دەشڵێت : دەکرا مەدرەسەی سلێمانی بە دیاردەی نوێوە و بە دوو چاوی سیاسی (مام جەلال و نەوشیروان موستەفا) بەردەوامی و گەشەی پێدرابا. بەڵام دەبێت بە راشکاوی بڵێم ئەو ئاژاوەی لە سلێمانی هەیە پەلەقاژەی کۆتایی قوتابخانەیەکە.
لەبارەی بیانووەكانی بەردەم سەربەخۆیی دەڵێت: لەم بارودۆخەدا و لە رەوشێکی گرنگ و ناسکی وەکو ئەمرۆدا، کە دابڕان بەجۆرێکی دیکە لە گۆڕەپانی سیاسی کوردستاندا بوونی هەیە، زۆرجار باس لەوە دەکرێت بۆ پەرینەوە بەرەو سەربەخۆیی و ریفراندۆم، پێویستە دەزگا یاساییەکانی وڵات (وەکو پەرلەمان) شەرعییەت بدەن بە پرۆسەکە، بەڵام بەمشێوەیە نیە، چونکە وڵات هەبووە دام و دەزگای شەرعی هەر نەبووە و بەسەربەخۆییشدا تێپەڕبووە. (فیدل کاسترۆ و ماوتسیتۆنگ و خومەینی) و دەیان نمونەی دیکە بە بێ دەزگا شەرعییەکان سەربەخۆیی و شۆرشیان بەرپاکرد. بۆیە دیسکۆرسی بە مەرج زانینی کاراکردنەوەی پەرلەمان بۆ پرۆسەی ریفراندۆم و سەربەخۆیی گفتوگۆیەکی بێ کەڵک و زیادە. شەڕی ئێستا سەپاندنی ئیرادە و ململانێی حزبییە نەک شەڕی دیموکراتی و شەرعییەت.
جندیبانی لەبارەی بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەڵێـت: گۆران تووشی شکست و ئاژاوەی نێوخۆیی دەبێت و دەبێت بچنەوە سەر شەقام، چونکە ئەمە تاکە ڕێگەی ناچارانەی ئەو حزبەیە، ئەوکاتە دۆخی سلێمانی بەرەو شڵەژان دەچێت، بۆیە پێویستە بە هەنگاوی خێرا و بە پەلە و لەسەریەک سلێمانی بخرێتە نێو خزمەت و هاوکاریی سەربەخۆیی کوردستانەوە.
لە بارەى مێژووى حزبە سیاسییەکانى سلێمانى ڕاشیگەیاندووە: لە بەرئەنجامدا زیانی گەورە لەو قوتابخانەیە نوێیە كەوتەوە، كە تێیدا وزەی زیندووی ناوچەی سلێمانی و بەشێكی گرنگی كوردستانی لە كۆمەڵێك پرۆسەی سیاسی هەڵە و پڕ لە كەموكوڕیدا بەفیڕۆدا.
لەلایەکی دیکەوە لەڕووی گرنگی پەیوەندیی ئاشتیانەی نێوان یەکێتی و گۆڕان بۆ کوردستان جندیانی دەڵێت : شەری نێوان پارتی و یەکێتی بووبە شەڕێکی سەرتاسەری بەڵام شەڕی پارتی و یەکێتی بەجیا لەگەڵ هەر حزبێکی دیکە نەدەبۆ سەرتاسەری، لەبەر ئەم خاڵەیە ئاماژە بە قسەیەکی مام جەلال دەدەم کە هەمیشە پێیدەگوتین "بە تێکچوونی پەیوەندیی پارتی و یەکێتی لەگەڵ حزبە بچووکەکان، کوردستان وێران نابێت، بەڵام هەرکات یەکێتی و پارتی ڕوبەرووی یەکتری ببنەوە کوردستان تووشی کارەسات دەبێت".
لەبارەی ڕەوشی سیاسی سلێمانیشەوە جندیانی دەڵێت : سلێمانی لە کۆندا ناوەندێک بووە جێگەی شانازی و خەونی مرۆڤی کورد بووە، زۆربەی کورد ڕوویان لە سلێمانی بوو، بەڵام بزووتنەوە سیاسییەکانی سلێمانی لە مێژووی نوێدا ئەم راستییەیان گۆری، جاران هەموو تاکگەلی دانیشتووی سلێمانی بە شانازییەوە شوناسی خۆیان بە شاری سلێمانییەوە دەبەستەوە، بەڵام هەنووکە لە سلێمانیدا، هێندەی پەنا دەبرێتە بەر ئەوەی تاکەکەس خۆی بە خەڵکی شار و شارۆچکەکانی دەوروبەری سلێمانی بناسێنێت، ئەوەندە هەوڵ نادات خۆی وەکو سلێمانی پیشانبدات.
لەم گۆڕانەدا نەوشیروان موستەفا رۆلی بەرچاوی هەبوو، کە پێیوابوو ئەسپی سیاسی نوێی ئەو بە دوو کردار تاو دەدرێت، یەکەمیان: تەفروتوناکردنی تەواوی یەکێتی و دووەمیان : بەربەرەکانیکردنی رەهای بارزانی. ئەمەش مێژووەکەی لە شەستەکانەوە دەستیپێکردبوو، ئەم کێشە قوڵ و ململانێیانەی ئێستا هەن دەرهاویشتەی سەردەمی ئەوکاتن.