

شەڕڤانانی کورد لەکۆنترۆڵکردنەوەی شارێکی دیکەش نزیکبونەتەوەو تەنھا ٢٠ کیلۆمەتریان ماوە بگەن، بەگوێرەی زانیارییەکانیش، گوندێکی زۆر گەورە کۆنترۆڵکراوەتەوە کە بەدەروازەی شارەکە دادەنرێت، ھێزەکانی سەر بەتورکیاش لەخۆئامادەکردندان و ئەگەری پێکدادانێکی دژوار ھەیە.
بەگوێرەی ئاژانسی ھاوار نیوز، ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) لەھەفتەی ڕابردوەوە بەرەو شاری ئەلباب بەڕێکەوتوەو پاش پێکدادانیش لەگەڵ ھێزەکانی سوپای ئازادی سوریا، توانیویانە گوندێکی ستراتیژی بەناوی تەل مەدیغ کۆنترۆڵ بکەنەوە کە ئەو گوندە تەنھا ٢٠ کیلۆمەتر لەسەنتەری شاری ئەلبابەوە دورە.
گوندی تەل مەدیغ دەکەوێتە یەک کیلۆمەتری ناوچەی شەھباو کەناری ڕوباری گیوغ، گوندێکی ستراتیژیەو سوپای ئازادی سوریا دەیویست لەژێر پاڵپشتی سوپای تورکیا داگیری بکات، گوندەکە دەکەوێتە ٣٧ کیلۆمەتری شاری حەڵەبیش.
پێشڕەوی ھێزەکانی سوریای دیموکرات بەرەو ئەلباب لەکاتێکدایە، سوپای ئازادی سوریاش بەپاڵپشتیی تورکیا، لەخۆئامادەکردندایە بەرەو ئەو شارە، ئەوەش پێشبینی پێکدادانێکی قورسی شۆڕشگێڕان و ھێزەکانی سەر بەتورکیای لێ دەکرێت.
سوپای سوریای دیموکرات پێکھاتوە لەزۆربەی نەتەوە جیاوازەکانی سوریا، بەڵام ھەریەک لەیەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)و یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) ڕۆڵی کاریگەریان لەناو ئەو ھێزەدا ھەیەو ئەوان پێشڕەویان دەکەن.