نوێترین

recent

29/10/2016

هاوسەرەكەی كاوە گەرمیانی وەڵامی مەحمود سەنگاوی دەداتەوە



لەبەرامبەر رەتكردنەوەی پەیوەندی بەشەهیدكردنی رۆژنامەنوس‌و كاوە گەرمیانی‌و داواكردن لەبنەماڵەی ئەو رۆژنامەنوسە كە داوای لێبوردنی لێ‌ بكەن، هاوسەری شەهید كاوە گەرمیانی بەتوندی وەڵامی مەحمود سەنگاوی ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتیمانی كوردستان دەداتەوە.

ئاودێر محەمەد: شیرین ئەمین هاوسەری رۆژنامەنوسی تیرۆر كراو كاوە گەرمیانی، بەئاوێنەی راگەیاند”مەحمود سەنگاوی لەمیانەی بەرنامەیەكی تەلەفزیۆنی رایگەیاند “دەبێ خانەوادەی كاوە گەرمیانی داوای لێبوردنم لێ بكەن چونكە بەهۆی ئەوانەوە ماوەی 47 رۆژ بەبێ تاوان زیندانی كرام”.

هاوسەرەكەی كاوە گەرمیانی وتیشی”ئەوە یەكەمجار نیە بەڵكو چەندین جارە مەحمود سەنگاوی ئەو قسەیە دوبارە دەكاتەوە، بەڵام بیری چۆتەوە هەر بەرپرسێكی یەكێتی لەپشتی تیرۆركردنی كاوە گەرمیانیەوە بێ ئەوا سەد لەسەد هەڕەشەكانی مەحمود سەنگاوی هۆكاری تیرۆركردنەكەی كاوە گەرمیانییە”.

شیرین ئەمین جەغت لەسەر ئەوە دەكاتەوە كە”نزیكەی مانگێك پێش تیرۆركردنی كاوەگەرمیانی، شەهید كاوە سكاڵای لەسەر هەڕەشەكانی مەحمود سەنگاوی تۆماركرد و بەكەسێكی نزیكی مەحمود سەنگاوی وت با سەنگاوی لەدادگا ئامادەبێت، بەپێچەوانەوە كۆنگرەی رۆژنامەنوسی دەبەستم لەسەر ئامادەنەبونی سەنگاوی لەدادگا”.

بە وتەی هاوسەرەكەی كاوە گەرمیانی مانگێك بەسەر ئەو داوایەی كاوە گەرمیانی تێنەپەڕی، كاوە تیرۆر كرا. رۆژنامەنوسی شەهید كاوە گەرمیانی، پەیامنێری ماڵپەر‌و رۆژنامەی ئاوێنە، لە5/12/2013 لەقەزای كەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان تیرۆركرا‌و بەهۆی هەڕەشەكانی مەحمود سەنگاوییەوە خانەوادەكەی سكاڵایان لەسەر مەحمود سەنگاوی تۆمار كرد و زیاتر لەمانگێك بەو هۆیەوە زیندانی كرا.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085