

كوڕێكی تەمەن 17ساڵ، لەشاری سلێمانی بە بەركەوتنی چەقۆیەك كۆتایی بەژیانی هات، براكەی دەڵێت “لەسەر مۆڕەكردن بەدە كەس هاتون بۆ براكەمو بەچەقۆ كوژراوە”.
شێركۆ حەسەن، ئێوارەی پێنجشەمە 20/10 بەوەشاندنی چەقۆیەك بۆسەر سنگی لەبەر دەرگای ماڵی خۆیاندا كۆتایی بەژیانی هات، دیاری حەسەن برای شێركۆ ئاماژە بەوەدەكات لەگەڵ رودانی كوشتنەكەدا تەلەفونیان بۆ كردوەو هاتوەتەوە بۆ ماڵەوەو شێركۆی گەیاندوە بەنەخۆشخانەی فریاكەوتن، بەڵام دوای چەند دەقیقەیەك دەستبەجێ گیانی لەدەستداوە، ئەو وتی “شێركۆ چەند رۆژێك پێش ئەوە دەنگەدەنگی بو لەگەڵ گەنجەكانی ئەو ماڵەی دراوسێمان كە ماڵەكانمان بەتەنیشت یەكەوەیە، ئیتر ئەو رۆژە مۆڕە لەیەكتر دەكەنو پەلاماری یەك دەدەن”.
وتیشی “هیچ كێشەیەكی دوژمنایەتیو كۆمەڵایەتی لەنێوان ئێمەو ئەو ماڵەدا نەبوە كە براكەمیان كوشتوە، تەنها ئەوە نەبێت كوڕەكانی ئەوان لەگەڵ براكەمدا مۆڕەیان لەیەك كردوەو قسەیەك لەمو قسەیەك لەوان بوەتە شەڕە جوێنو پەلاماری یەك دەدەنو دەبێتە شەڕ”.
براكەی شێركۆ ئاماژە بەوە دەكات پێش ئەم روداوە لەهەوڵی ئەوەدا بون كێشەكە چارەسەر بكەنو گەنجەكان ئاشت بكەنەوە، ئەو وتی “لەگەڵا ئەو ماڵەی دەبێتە شەڕمان تەنها دیوارێكمان بەینە، ئەو ئێوارەیە بەباوكو دو كوڕی ئەو ماڵەو حەوت كەسی دیكە لەخزمو كەسوكاری خۆیان گەلە كۆمەكییان لەبراكەم كردوە، برایەكی دیكەم كە ئەوكات تازە لەبازاڕ هاتبۆوە بۆ ماڵەوە بەمەبەستی چارەسەر كردنی كێشەكەیانو ناوبژیكردنی شەڕەكە تا لەوە زیاتر گەورە نەبێت بەشداری دەكات، بەڵام پەلاماری ئەویش دەدەنو بەسەختی برینداری دەكەن لەئێستادا باری تەندروستی ناجێگیرەو ئەویش ژیانی لەمەترسیدایە لەژێر چاودێری پزیشكدایە لەنەخۆشخانەی فریاكەوتن”.
ناوبراو ئاماژەی بەوە كرد كە سكاڵای یاساییان لەسەر بكوژەكەو كەسوكاری تۆماركردوە، ئەو وتی “ئەوان ئێستا خۆیان شاردۆتەوەو ماڵەكەیان چۆڵكردوە، كەس نازانێ لەكوێن، هێزەكانی پۆلیس بەدوایاندا دەگەڕێن، خۆیو باوكی دەستگیر كراون رەوانەی بنكەی پۆلیس كراون دەست بەسەرن، لەڕێگەی ئەوانیشەوە هەمو ئەو كەسانە دەدۆزرێنەوە كەدەستیان هەبوە لەكوشتنی براكەمدا”.
وتیشی ” مۆڕەكردنێك ئەوە ناهێنێت كەسێكی لەسەر بكوژرێت، هەر بۆیە ئێمە هەرگیز خۆشنابین دەبێت یاسا سەروەر بێت”.
دیاری برای شێركۆ باسی ئەوەشی كرد كە لەگەڵا براكەی لەبازاڕ پێكەوە كاری چاودێری دوكانەكانی شەقامی مەولەوی دەكەنو نازانێت چۆن ئەو ڕۆژە شەڕەكە رویداوە، ئەو وتی “كامێرای چاودێری دیمەنی ئەو روداوەی گرتوە كە دو ئوتومبێل هاتون كەسوكاری بكوژەكەی تیابوە تا بەهەمویان لەبراكەم بدەن، ئەو كەسانە بەئاشكرا دەبینرێن كە هۆكاری دروستكردنی شەڕەكەن چۆن پەلاماری براكەم دەدەن، ژمارەیان دە كەسێك دەبێت، هێزەكانی پۆلیس دەتوانن سەیری بكەن وەك بەڵگەیەك لەسەر ئەو تاوانە سودی لێببینن”.