
ھەرچوار لایەنی یەکێتی، گۆڕان، کۆمەڵ و یەکگرتوو لەسلێمانی کۆبوونەوەو جەختیان لەوەکردەوە کە خۆپیشاندان و مانگرتنی فەرمانبەران، چارەسەری کێشەی دواکەوتن موچە ناکات.
لەدوای کۆبونەوەکەش، لەکۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا یاسین حەسەن لێپرسراوی مەڵبەندی کۆمەڵی ئیسلامی ڕایگەیاند: حکومەت بەپرسە لەدابینکردنی موچە بۆ فەرمانبەران.
لەلای خۆشیەوە، عوسمان کاروان لێپرسراوی مەڵبەندی یەکگرتووی ئیسلامی ئاماژەی بەوەکرد کە کۆبوونەوەکە بۆ تاوتوێکردنی بارودۆخی نەخوازراوی ھەرێمەوە بووە.
وتیشی:"پێویستە حکومەت خزمەتگوزاری و موچە بۆ فەرمانبەران دابین بکات".
ڕاشیگەیاند: پێموانوایە حکومەت دەتوانێت لەداھاتوویەکی نزیکدا چەند ھەنگاوێک بێتەپێشەوەو بەئاڕاستەی خۆشگوزەرانی ھاووڵاتیان.
ھاوکات ھەر لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا، لەتیف شێخ عومەر لێپرسراو مەڵبەندی یەکی ڕێکخستنی سلێمانی ڕایگەیاند: ھەرچوار لایەنەکە لەسەر ئەوە ڕێکەوتوین کە خۆپیشاندان چارەەسری دۆخەکە ناکات، بەڵکو دەبێتە ھۆی زیاتر ئاڵۆزبوونی دۆخەکە.
داواشیکرد، ممیدیاکان بەلێپرسراوێتییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکەدا بکەن.
وتیشی:"خوانەخواستە خەتەرێک بێتە پێشەوە ھەموومان لێی بەرپرس دەبین".
لەبارەی بەشداری نەکردنی پارتیش لەکۆبونەوەی چوار لایەنەکە، لەتیف شێخ عومەر ئاماژەی بەوەدا کە سەرلەبەیانی ئەمڕۆ لەگەڵ پارتی کۆبونەوەیان ئەنجامداوە، بەشدارینەکردنیشیان لەکۆبوونەوەی چوار لایەنەکە، ھیچ شیکردنەوەیەک ھەڵناگرێت