بەیانی ئەمڕۆ دوو شەممە لەپازگەی پردێ لەنێوان هەولێرو كەركوك رێگری لەیوسف محەمەد سەرۆكی پەرلەمانو فراكسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەرلەمانی كوردستان كرا ببۆ چوونیان بۆ ناو شاری هەولێر.
كامەران سوبحان راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆكی پەرلەمان ئاشكرایكرد بەیانی ئەمڕۆ لەكاتی گەڕانەوەمان بۆ شاری هەولێر، هێزێكی زۆری ئەمنی رێگرییان لەسەرۆكی پەرلەمانو ئەندام پەرلەمانەكانی گۆڕان كرد.
كامەران سوبحان وتیشی: لەئێستادا (سەعات 9:25 دەقە) رێگری هێزە ئەمنییەكە بەردەوامەو نایەڵك كاروانی ئۆتۆمبیلەكان لەبازگەی دێگەڵە تێپەڕێت.
لەبارەی ئەوەی هیچ گرژییەك دروستبووە، راوێژكاری راگەیاندی سەرۆكی پەرلەمان وتی: ئەوەندەی ئێمە ئاگاداربووین، هێزە ئەمنییەكان هێرشیان كردە سەر تیمی رۆژنامەوانی كەناڵی كوردسات، كە لەگەڵ ئێمە هاتبوونو كامێرای تیمەكەیان شكاند.
ئەمە لەكاتێكدایە دوێنێ یەك شەممە مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕیاریدا رێگەنەدات بەچوونەوەی وەزیرو بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕان بۆ سەر كارەكانیان، كە یوسف محەمەد لەسەر پشكی گۆڕان پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی وەرگرتووە.
