نوێترین

recent

09/10/2015

راگەیاندراوێک لە مەکتەبى سیاسى پارتى دیموکراتى کوردستان

جەماوەری خۆڕاگری کوردستان

ئەمڕۆ لە شاری قەڵادزێ، بەھاندانی لایەنێکی سیاسی بێ ھەبوونی ھیچ پاساوێک ئاراستەی خۆپیشاندەرانی ئەو شارەیان گۆڕی بەرەو بارەگای لیژنەی ناوچەمان، لەئاکامی ھەوڵدان بۆ دەستدرێژیکردنە سەر بارەگا و کادیر و پێشمەرگە پاسەوانەکانی ئەو بارەگەیە لە چوارچێوەی ھێرشە بێ پاساوەکەدا، بەداخەوە روداوی نەخوازراو رویدا. لەو بارودۆخە ھەستیارەی کوردستان ھەوڵدان بۆ زیاتر گرژکردنی بارودۆخ و تێکەڵاوکردنی پرس و کێشە لێکجیاوازەکان ھیچ گرفت و قەیرانێک چارەسەرناکات جگە لە خزمەتگەیاندن بە دوژمن و ناحەزانی کورد و کوردستان. لەم کاتەدا بەرپرسیاریەتی دەکەوێتە ئەستۆی ھەموو لایەک بۆ ھێورکردنەوە و ئاساییکردنەوەی بارودۆخەکە، پێویستە ئیدارە و دامودەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس لەو دەڤەرانەی کە گرژی و ئاڵۆزیان تێدا دروستبووە مەسئولیەتی پاراستنی بارەگا و سەروماڵی کادرانمان بەئەستۆبگرن و پارێزراوبن لە دەستدرێژی، ناکرێت سوکایەتی بە بارەگاکانمان بکرێت و لێپێچانەوەش نەکرێت یان ھەوڵی بەرگریکردن نەدرێت. ھەر دەستدرێژیکردنێکیش بۆسەر بارەگاکانمان و سەروماڵی کادریارنمان بەبێ باج نابێت.

مەکتەبی سیاسی
پارتیی دیموکراتی کوردستان
٩/١٠/٢٠١٥
Picsart-24-02-23-21-31-09-085