دەنگۆی داخستنی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانی فەیسبوک و تویتەر لەشارەکانی ھەولێرو دھۆک بڵاوبۆتەوە، بەڕێوەبەرێکی گشتیش لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن ڕوونکردنەوە دەدات و ڕایدەگەیەنێت، ھیچ کۆمپانیایەک ناتوانێت تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دابخات، بەڵام ھاوڵاتیانی دھۆک جەخت لەڕاستی ئەو بابەتە دەکەنەوە.
کاروان ڕەزا بەڕێوەبەری گشتی لەوەزارەتی گواستنەوەو گەیاندنی حکومەتی ھەرێم، ڕەتیکردەوە، بەھۆی ململانێ سیاسیی و ئاڵۆزیەکانی چەند ڕۆژی ڕابردووی ناوچەکانی سلێمانی و ھەڵەبجەوە، لەھەریەک لەپارێزگاکانی ھەولێرو دھۆک تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان ڕابگیرێن.
وتیشی:"تەنھا دەنگۆیە بڵاودەکرێتەوەو ھیچ کۆمپانیایەکی بواری ئینتەرنێتیش ناتوانێت، بەبێ ڕەزامەندی وەزارەتی گواستنەوەو گەیاندن کارێکی لەو شێوەیە بکات".
بێ ئاگایی خۆیشی لەسەرجەم دەنگۆکان نیشانداو وتی:"موستەحیلە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەھۆی ململانێ سیاسیەکانەوە لەھەولێرو دھۆک دابخرێن".
بەڵام ژمارەیەکی زۆر لەھاوڵاتیانی دھۆک باس لەوەدەکەن، لەئێستادا تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک ئاستەنگ کراوەو ھاوڵاتیان ناتوانن ھاوشێوەی ڕۆژانی ئاسایی بیکەنەوە.
تایبەت
