دەقی راگەیەنراوەكە:
هاوڵاتیانی سەربەرزی كوردستان
پێشمەرگە قارەمانەكانی كوردستان
حزب و لایەنە سیاسیەكان، رێكخراوەكانی كۆمەڵگای مەدەنی
لەم چەند رۆژەدا كەبارگرژییەكی مەترسیدار باڵی بەسەر هەرێمەكەماندا كێشاوە، بزوتنەوەی گۆڕان لە چوارچێوەی ستراتیجیەتی كاركردنیدا هەر لەسەرەتای دروستبونیەوە، كەجەختكردنە لەسەر بنەماكانی كاری جەماوەری و مەدەنی و پاڵپشتیكردنی داخوازییە رەواكانی جەماوەر و، پشتگیری لە ناڕەزایەتییە ئاشتیخواز و شارستانییەكانیان بێ توندوتیژی كردووە.
لەم ساتەوەختەدا كە گۆڕان و لایەنەكانی تر سەرقاڵی هەوڵی بەردەوامن لەگەڵ هەموو لایەنە پەیوەندیدارەكاندا لە پێناو پاراستنی ئارامی و گیانی هاوڵاتیان كەپێشتریش لە هەوڵێكی چڕدا بوو لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانو بە تایبەت پارتیدا لەسەر مەترسییەكانی قۆناغەكەو چارەسەرنەكردنی كێشە كەڵەكەبوەكانی هەرێم، قەیرانی دارایی و بێموچەیی و بێكاری و نادادپەروەری كۆمەڵایەتی و قۆرخكاری بازاڕ و قەیرانی سەرۆكایەتی هەرێم، كە دەمانزانی ئەو چارەسەر نەكردنە هەرێمەكەمان بەرەو ئایندەیەكی خەتەرناك دەبات و رقی جەماوەر لەم بارودۆخەدا لە لێواری تەقینەوەدایە، كەچی پارتی بە پێچەوانەی گیانی بەرپرسیارێتی و روحی پێكەوە ژیان و هەوڵی چارەسەركردنی كێشەكان، لەبەیاننامەیەكی نامەسئولانەدا دور لەهەر جۆرە عورفێكی سیاسی دەستی داوەتە كۆمەڵێك تەشهیر و بوختان و چەواشەكاری.
جەماوەری خۆڕاگری كوردستان:
بزوتنەوەی گۆڕان، كە لە زنجیرەیەك هەڵبژاردندا، متمانەو دەنگی راستەقینەی سەدان هەزار هاوڵاتی كوردستان بەدەستهێنا و لە ئاست داخوازییەكانیاندایە، لە پاش چوار ساڵ كاری ئۆپۆزسیۆنیی سەركەوتوو سەربەرزانە لە پەرلەمانی كوردستانداو پاش ئەوەی وەك هێزی دووەمی هەرێم دەنگی شایستەی خۆی بەدەستهێنا، سەرباری هەموو جۆرە دەستكورتی و رێگری و دژایەتییەك، بڕیاریدا بەشداری لە كابینەی هەشتەمی هەرێمدا بكات لە پێناو چاكسازی و عەدالەتی كۆمەڵایەتی و بەدیهێنانی داخوازی هاوڵاتیانی كوردستان و بەشداریكردن لە بنیاتنانەوەی دامودەزگاكانی هەرێمدا. لەو پێناوەدا بەڵێنی كاری جدی و راستەقینەی دا، دوور لە بوغزی سیاسی و تۆڵەكردنەوە، بە گیانی بەرپرسیارێتی و كاری هاوبەش و تەباییەوە، بە ئومێدی چوار ساڵی پڕ لە ئارامی لە پێناو چاكسازی و دژایەتی گەندەڵی و جێگیركردنی دامودەزگا شەرعیەكاندا.
گۆڕان بە گوڕوتینەوە، راستگۆیانە قۆڵی لێهەڵماڵی و ئامادەبوو چەند وەزارەتێك وەربگرێت و لەو رێگایەوە هەوڵەكانی خۆی لە پێناو چاكسازیدا چڕ بكاتەوە.
بەشداریكردنی گۆڕان لە كابینەی هەشتدا مەكرەمەو پاداشتی هیچ لایەنێك نییە، بەڵكو بەشێكە لە ئیستحقاقی هەڵبژاردن كە گۆڕانی وەك هێزێكی كاریگەری خاوەن جەماوەر دەرخست كە بە هیچ شێوەیەك بواری پەراوێزخستنی نیە. بەشداریكردنی گۆڕان لە حكومەتی هەرێمدا بەشێكە لە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی كە بە خەڵكی كوردستان و دەنگدەرەكانی داوە.
بەهەمان شێوەش مانەوەی گۆڕان لە حكومەتدا تەنها پەیوەستە بە رادەی مانەوەی متمانە لە نێو هێزە بەشداربووەكانی كابینەكەو ئاستی جێبەجێكردنی داخوازییەكانی جەماوەرەوە. بە پێچەوانەوە هیچ هێزو لایەنێك بۆی نییە بڕیار لەسەر مەوقعی سیاسی گۆڕان بدات.
خەڵكی كوردستان، گەنجانی خێرلەخۆ نەدیوی نیشتمانەكەمان:
پارتی لەم بەیاننامەیەیدا، كە بەنەفەسی ساڵانی شەری نەگریسی ناوخۆدا نوسیوێتی، كەتوانای روبەڕووبونەوەو چارەسەركردنی قەیرانەكان و هەستكردن بە بەرپرسیارێتی نەماوەو لە ئاست ئەو كێشە ناوخۆیی و دەرەكیانەی روبەروی هەرێمدا بونەتەوە دۆشداماوەو بێ ئاسۆیەو هیچ هەنگاوێكی راستەقینەی پێنانرێت، كە لە بناغەشدا خۆی هۆكاری سەرەكی دروستبوونی ئەو كێشانە بووە، بە زمانێك قسە دەكات وەك ئەوەی ئەو خاوەنی ئەم نیشتمانە بێت و سەرجەم هێز و لایەنەكانی تر میوانی سەر سفرەی ئەو بن.
هەر بۆیە لەم راگەیاندنە نەفەس كورتەدا دوور لە هەنگاونان و هەوڵدان بۆ دۆزینەوەی چارەسەری گونجاو بۆ كێشەكان و گەمارۆدانی بارگرژییەكان، كە بە رۆكی هەموو لایەنەكانی گرتووە، دوور لە قسەكردن لەسەر ئەسڵی كێشەكان و داخوازیە رەواكانی خەڵك، لە بری بەڵێندان بۆ گەڕاندنەوەی پارەوسامانی بەهەدەردراو و نەوتی تاڵانبراوی كوردستان و پێدانی موچەی فەرمانبەران و مامۆستایانو دوور لە پێدانی وەڵامێكی دروست بۆ سەرجەم نیگەرانیەكانی هاوڵاتیان، حەق بە خۆی ئەدات وەك تەنها هێزی بەرپرس قسە بكات، باس لە بەرگری كردن لە كوردستان دژ بە داعش بكات لە كاتێكدا هەموو خەڵكی كوردستان دەزانن لە شەو ورۆژێكدا چەندین شاری ئەم كوردستانەی بۆ داعش بە جێهێشت و گەر هێزی هاوپەیمانان و هێزە كوردستانییەكان و دۆستانی گەلەكەمان فریای دۆخەكە نەكەوتبان هەولێری پایتەختیش لە ژێر مەترسیدا بوو.
پارتی لەم راگەیاندنەدا لە بری مژدەی دەوڵەتی كوردی كە ساڵانێكە بازرگانی بەو دروشمەوە دەكات، پەیامی دوو ئیدارەیی و دوو هەرێمی بە گوێی گەلەكەمان دەدات و بە تەواوەتی كار بۆ لەتكردنی هەرێمەكەمان و لایەنە سیاسیەكان و قۆرخكردنی دەسەڵات دەكات، كە ئەوە پێچەوانەی یاسا بنەڕەتییەكان و ئیرادەو ویستی جەماوەری كوردستان و خەونی شەهیدە نەمرەكانمانەو لە ئاستی نێودەوڵەتیشدا ئەزمونەكەمان لەكەدار دەكات.
ئێمە سەرباری ئەوەی نامانەوێت وەڵامی وشە ئاست نزم و دەستەواژە نابەرپرسەكانیپارتی بدەینەوە، كە لە ئاستێكی سیاسی نزم و دور لە گیانی پێكەوە كاركردن و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی نیشتمانەكەماندا نوسراوەو نیشانەی هەناسە سواری و دوركەوتنەوەی یەكجارەكی ئەو حزبەیە لە داواكانی خەڵك و كاری هاوبەش لەگەڵ لایەنەكاندا لەسەر بنەمای رێزگرتن لە ئیرادەی یەكتر، بەڵكو بە عەقڵیەتی حزبی قائد و پاوانخوازی، كە هیچ سەنگێك بۆ لایەنەكانی تر دانانێت كار دەكات، بۆیە لێرەدا رایدەگەیەنین:
یەكەم: شەڕی ئێستای پارتی لەسەر كورسی سەرۆكایەتی هەرێم و دەستگرتنە بە كورسی دەسەڵاتەوە لە لایەن سەرۆكی پارتییەوە دوور لە یاساو پرنسیپی دەستاو دەستكردنی ئاشتیانەی دەسەڵات، نەك لەسەر قوت و ژیان و دابینكردنی خزمەتگوزاری بۆ هاوڵاتیان.
ئەو كودەتایەی پارتی بەرانبەر گۆڕان هەوڵدانە بۆ لەباربردنی پرۆسەی سیاسی و چاكسازی ریشەیی و ئیفلیجكردنی پەرلەمان و حكومەت كە گۆڕان تێیدا لەگەڵ لایەنە سیاسییەكانی تردا كاری بۆ دەكات.
دووەم: بزوتنەوەی گۆڕان پێداگری لەسەر داخوازییە رەواكانی مامۆستایان و فەرمانبەران و توێژەكانی تری كۆمەڵگا دەكات و داوا دەكات هەموو هەوڵ و تەقەلای حكومەت و لایەنەكان لەم قۆناغەدا چارەسەركردنی دەستبەجێی ئەو قەیرانە سەختانە بێت كەبەرۆكی به هاوڵاتییان گرتوە. بزوتنەوەی گۆڕان وەك هەمیشە ئامادەیی تەواوی هەیە بۆ كاركردن لەم پێناوەدا.
سێیەم: پرسی سەرۆكایەتی هەرێم كە بەشێوەیەكی نەخوازراو وەك بەشێك لە عەقڵییەتی پاوانخوازی هێنراوەتە نێو پرسەكانی تری كۆمەڵگاوە، دەبێت لە چوارچێوەی یاسا بەرقەرارەكانی هەرێم و هەوڵە سیاسیەكان لەماوەیەكی كورتدا دوور لە كۆبونەوەی نەزۆكی بێئاكام چارەسەر بكرێت.
چوارەم: گۆڕان بە هەموو شێوەیەك تەحریم و تەجریمی هەر جۆرە كارێكی توندوتیژی دەكات بۆ سەر هاوڵاتیان و تەقەلێكردن و شەهیدكردنیان، لە هەمان كاتیشدا دژی هەر جۆرە هێرشو پەلامارێكە بۆ سەر میدیاكاران و بارەگا حزبی و حكومییەكان.
پێنجەم: داوا لە هەموو لایەنە سیاسیەكان و دەزگا حكومیەكان دەكەین لەم قۆناغە سەختەدا بەئەركی خۆیان هەستن و هەوڵەكانیان بۆ هێوركردنەوەو ئارامی بخەنە كار نەك قوڵكردنەوەی كێشەكان و زیادكردنی بارگرژی، كە لەبەرژەوەندی گەلەكەماندا نییە.
پشتیوانی لە هەوڵی ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دەكەین كە بەئەركی خۆیان هەستاون و داواكارین گیانی هاوڵاتیان و موڵك و ماڵی گشتی و بارەگا حكومی و حزبییەكان بپارێزن.
شەشەم: گۆڕان حساب بۆ هیچ جۆرە هەڕەشەو گوڕەشەیەك ناكات. ئەو زمان و شێوازی قسەكردنەی مەكتەبی سیاسییەكەیان و بەشی زۆری بەرپرسانی پارتی و میدیاكانیان، لە ئاستێكی نزمی دیالۆگی سیاسیدایە كە شایانی لەسەروەستان نییە.
دەبێت پارتی بگەڕێتەوە بۆ سەر هۆشی خۆی و بە مەنتقی ململانێی سیاسی و دور لە تەخوین و غرور و لە چوارچێوەی كاری سیاسی لەكۆمەڵگایەكی دیموكراتی مەدەنیدا رۆڵی خۆی بگێڕێت و لە زمانی نابەرپرسانەو لە خۆباییانە دور بكەوێتەوەو پێكەوە ژیان و زمانی دەوڵەتداری بەكاربهێنێت.
حەوتەم: دڵنیاین كە ئەم ناڕەزایەتیە جەماوەرییانە خۆپیشاندانێكی عەفەوییەو بەشێك نییە لە پلانێكی پێشوەختی داڕێژراو بەڵكو رەنگدانەوەی باری ناهەمواری گوزەرانی خەڵكو دۆخی گەنجانە لە بێكاریو بێ موچەییو ناچاركردنیان بۆ كۆچكردن. هەروەها پێمان وایە ئەم روداوە نەخوازراوانەش كە تێكەڵ بەو ناڕەزایەتیانە بون، ویست و داخوازی خۆپیشاندەران نیەو دووركەوتنەوەیە لە شێوازە شارستانی و مەدەنیەكانی دەربرینی ناڕەزایەتیەكانیان.
ئەگەر دەستێكی شاراوەش هەبێت بۆ بەلاڕێدابردنی شێوازی دەربڕینی ناڕەزایەتیەكان، ئەوە پارتییە كە رێگرەو نایەوێت خەڵك ئازادانە گوزارشت لە ناڕەزایەتی و داواكارییە رەواكانی خۆیان لە سنوری قەلەمڕەوی ئەودا بكەن. بواری بەرتەسك كردنەوەی ئازادی رادەربڕینیش لەو دەڤەرە لە هیچ كەسێك شاراوە نییە. لەو شوێنانەش كە دەبو پارتی هاوشێوەی گۆڕان بارەگاكانی چۆڵبكات بۆ پاراستنی گیانی هاوڵاتیان، ئەوان بە گولە وەڵامی بەردی خۆپیشاندەرانیان دایەوەو هەمو خەڵكی كورستانیش دەزانن كێیە داهێنەری نەریتی بارەگا سوتاندنو تەقەكردن لە خۆپیشاندەران.
بۆیە داواكارین لە چالاكوانانی خۆپیشاندانەكان بە گیانی بەرپرسیارێتی و دوركەوتنەوە لەو داوەی بۆ داخوازیەكانیان نراوەتەوە كاربكەن و ئاڕاستەی ناڕەزایەتیەكان لە چوارچێوەی داخوازییەكانیان بێت و هاوكاری دەزگا حكومییەكان بن لە پاراستنی سەرو ماڵی هاوڵاتیان و بارەگا حزبییەكان و ژیانی رۆژنامەنوسان.
سڵاو لە گیانی شەهیدانی كوردستان و شەهیدانی داخوازییە رەواكانی جەماوەر
بزوتنەوەی گۆڕان
١١/١٠/٢٠١٥

