

ئەمڕۆ بڵاوکرایەوە کە پەکەکە ھێزێکی زۆری رەوانەی سنووری قەزای مەخمور کردووە بەمەبەستی پارێزگاریکردن لەئاوارەکانی باکوری کوردستان لەو ناوچەیە.
لەوبارەیەوە، ڕەشاد گەڵاڵی لێپرسراوی کۆمیتەی مەخموری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، ڕایگەیاند: گەریلاکانی (پەکەکە) ئەرکی پاراستنی کەمپی مەخمورو شاخی قەرەچوخیان بەدرێژایی ھەشت کیلۆمەتر پێ سپێردراوە.
وتیشی:" گەریلاکانی پەکەکە ھیچ ھێزێکی نوێیان ڕەوانەی ناوچەکە نەکردووەو تەنھا لێرەو لەوێ دەنگۆ بڵاوبۆتەوە، ئەو دەنگۆیانەش ھیچ بنەمایەکیان نییە".
لەبارەی ڕەوانەکردنی ھێزیش لەلایەن سوپای عیراقەوە بۆ ڕزگارکردنی گوندەکانی دەوروبەری مەخمور، ئەو بەرپرسەی یەکێتی ئاشکرایکرد: لەئێستادا لیوایەکی سوپای عیراق لەسنورەکە جێگیرکراوە، ھێزەکانیش چاوەڕوانی فیرقەیەک دەکەن لەلایەن بەغداوە وەک جێگرەوەیەک بۆ فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی نەینەوا ڕەوانە بکرێت.
گەڵاڵی نەشی شاردەوە بەگەیشتنی ئەو ھێزانە، ناوچەکانی قەزای مەخمور بە دووری ٣٠ کیلۆمەتر لەگروپی تیرۆرستی داعش پاک دەکرێتەوە.