جەبارسەعید زۆراب جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (9)ی شارەزور، سەبارەت بە هۆكاری خۆپیشاندانەكانی ئەمڕۆی هاوڵاتیانی قەزای پێنجوێن رایگەیاند"دیارە هۆكاری ئەو خۆپیشاندانەی ئەمڕۆی قەزای پێنجوێن بۆ ئەو بارودۆخە گشتیە دەگەڕێتەوە كە لەهەرێمی كوردستاندا هەیە، كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم لەلایەك و كێشەی نەبونی بودجەش لەلایەكی تر ئێستاش لەبەر ئەوەی چوار لایەنەكە دانیشتنی راستەوخۆیان هەیە لەگەڵ پارتیداو لەبەرئەوەی پارتی جومگە ئەساسەكانی ئەم هەرێمەی بەدەستە بۆیە هاوڵاتیانی ناڕازی رودەكەنە بارەگاكانی پارتی بۆیە هاوڵاتیان كێشەكان روبەڕوی پارتی دەكەنەوە".
دەربارەی ئەوەی كە زۆرێك لەپارتیەكان دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە لەلایەن هەندێ لایەنەوە ئاراستەكراون، ئەو بەرپرسەی یەكێتی لەناوچەكە رەتی دەكاتەوە و دەڵێت "من وەكو یەكێتی ئەتوانم بڵێم یەكێتی هیچ ئاراستەكردنێكی نییە بۆ خۆپیشاندان، پەیامیشمان ئەوەبوە خۆپیشاندان مافێكی رەوای خۆیانە بەڵام دور بن لەتوندوتیژی، داواكاریشیان هەیە با داواكاریەكان روبەڕوی دامو دەستگاكانی حكومەت بكەنەوە لەئەساسدا، بەڵام بارودۆخەكە وایە كە ئەوان پارتی بەهۆكاری دروستبونی ناهەمواری دۆخەكە دەزانن بۆیە روبەروی بارەگاكانی پارتی دەبنەوە".
وتیشی "ئێستا ئێمە لەگەڵا سێ لایەنەكەی تر لەهەوڵدانین بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی هەرێمی كوردستان، ئەوەشی كە پەیوندی بە پارتیەوەیە باخۆیان وەڵام بدەنەوە كەبۆچی خۆپیشاندەران روبەرویان دەبنەوە".
جێگری لێپرسراوی مەڵبەندی (9)ی شارەزور وتیشی "بەداخەوە بەهۆی خۆپیشاندانەكانی دوێنێی
قەزای پێنجوێنەوە (3) هاوڵاتی برینداربون بەهۆی ئەوەی كە ناوچەی پارتی تەقەیان دەكرد، هەر لەقایمقامی پێنجوێن هەتا هەمو كارمەندەكانی هێزەكانی ئاسایش و ناوخۆ دۆخەكەیان هێور كردەوە".
