نوێترین

recent

30/09/2015

گۆڕان هەڕەشە لە وەزیری دارایی دەکات " لێت قبوڵ ناکەین "

پەرلەمانتارێکی گۆڕان لەبەرامبەر نەھاتنی وەزیری دارایی بۆ پەرلەمان لەسەر بڕیارێکی بارزانی دێتە دەنگ و ڕایدەگەیەنێت"لێی قبوڵ ناکەم و بزوتنەوەی گۆڕانیش نابێت لێی قبوڵ بکات"و ھەر وەزیرێکیش نەیەتە پەرلەمان متمانەی لێوەردەگرێتەوە.
عومەر عینایەت ئەندامی پەرلەمان کوردستان لەفراکسیۆنی گۆڕان ھەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی حکومەت بۆ دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم رۆڵی چاودێری پەرلەمان بەرامبەر حکومەت و رێگەنەدان بەچوونی وەزیرەکان بە پێشێلکردنی یاسا‌و کاردانەوەی سیاسی ناودەبات و دەڵێت: پەرلەمان متمانەی بەسەرۆکی حکومەت و کابینەکەشداوە، بۆیە دەتوانێت ھەڵیشیبوەشێنتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان، وتیشی: ئەگەر بەڕەسمی ئەوە ھەڵوێستی سەرۆکی حکومەت بێت کە ڕێگە نەدات وەزیرەکان بێنە پەرلەمان، ناکرێت بێدەنگی لێ بکرێت.
سەبارەت بەقبوڵکردنی بڕیارەکەی بارزانی لەلایەن وەزیرەکانی گۆڕانەوە لەکاتێکدا پێچەوانەی یاسایە، بەوپێیەی یەکێک لەو وەزیرانەی بانگھێشتکراوە، ڕێباز محەمەد حەملان وەزیری دارایی و ئابوورییە کە لەپشکی گۆڕان ئەو پۆستەی وەرگرتووە، عومەر عینایەت دەڵێت: بەڕەسمی لەو ڕێگریە ئاگادارنەکراوینەتەوە، ئەگەر ئەوە بڕیاری ڕەسمی حکومەت بێت و ئەویش قبوڵی بکات و نەیەت بۆ پەرلەمان، وەک خۆم لێی قبوڵ ناکەم و بزوتنەوەی گۆڕانیش نابێت لێی قبوڵ بکات.
ئاماژەی بەوەشدا کە ئەگەر ھەر وەزیرێک بانگھێشتی بکەین و نەیەتە پەرلەمان دەنگی بۆ کۆدەکەینەوە و ھەوڵدەدەین متمانەی لێوەربگرینەوە، تەنانەت وەک گۆڕان بۆ وەزیرەکانی خۆمان توندتر دەبین.
عومەر عینایەت ڕەخنەش لەسەرۆکایەتی پەرلەمان دەگرێت بەوە بابەتە جددیەکانی نەخستۆتە بەرنامەی کارەوە وەک بانگھێشتکردنی وەزیرەکان و ھەموارکردنەوەی یاسای سەرۆکایەتی ھەرێم، بۆیە ئێستا پەرلەمان خەریکی ھەموارکردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆیەتی، دەشڵێت: پەیڕەوەکەش کەموکورتی لەھەموو بوارەکاندا تیایدایە و وەک پێویست ئامانجەکانی نەپێکاوە.
ئەو پەرلەمانتارەی گۆڕان ئاشکراشیکرد کە لەدانیشتنی داھاتووی پەرلەماندا پرسیار ئاڕاستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان دەکەن، بۆئەوەی ھەڵوێستی ڕەسمی حکومەت بۆ بانگھێشتکردنی وەزیرەکان بزانن، چونکە"تائێستا ھەریەکە لەوەزیری سامانە سروشتیەکان و دارایی بانگھێشتکراون کەچی نەھاتوون، ھاوکات سەرۆکایەتی پەرلەمانیش پێیڕانەگەیاندوین کە ئەوان ئامادەنین بێنە پەرلەمان"، بۆئەوەی پەرلەمان و پەرلەمانتاران کاردانەوەیان بۆ ڕێگرییەکە ھەبێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085