بەیانی ئەمڕۆ ھێزەکانی پێشمەرگە لەمیحوەری خۆرئاوای شاری کەرکوک ھێرشێکی بەرفراوانیان بۆسەر مۆلگەو بارەگاکانی داعش لەسنوری شارەکە دەستپێکرد، فەرماندەیەکی باڵاش دەڵێت:"تیرۆرستان لەھەڵھاتندان و سێ گوندیشمان ئازاد کردووە".
فەرماندەیەکی باڵای ھێزی پێشمەرگە لەکەرکوک کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت رایگەیاند، بەیانی ئەمڕۆ لەسێ قۆڵەوە لەمیحوەری خۆرئاوای شاری کەرکوک لەناوچەی (وادی نەفت) کە سێریانی موسڵ، حەویجە و کەرکوک بەیەکەوە دەبەستێتەوە، بەھەماھەنگی فرۆکە جەنگیەکان ھێزەکانی پێشمەرگە ھێرشێکی بەرفراوانیان دەستیپێکردووە، ئامانجی ھێرشەکەش بۆ کۆنترۆڵکردنی بەرزاییەکانی غەڕە و ژمارەیەک گوندی ژێر دەسەڵاتی داعشە.
وتیشی:" لەقۆڵی وادی نەفتەوە تائێستا توانراوە ھەریەک لەگوندەکانی (شەلالە، کواس و کورد) کۆنترۆڵ بکەینەوە، ھێرشەکەش بەردەوامە، چاوەرواندەکرێت لەچەند کاتژمێری داھاتوو تەواوی ئەو گوندانەی کە مەبەستیانە لەدەست چەکدارانی داعش ئازادی بکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد، تیرۆرستان لەھەڵھاتندان و بەرپەرچ دانەوەیان نییە، ژمارەیەک بۆمبی چێنراویش تەقێنراوەتەوە، بەڵام بەھۆی بۆمب ڕێژکردنی گوندەکان ھێرشەکە بەخاوی دەروات.
|







