نوێترین

recent

10/10/2014

یەكێتی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكاتەوە

ووڵات نێت |

پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: تا ئێستا سوورین لە سەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان. جەختیش دەكاتەوە "لەگەڵ مەكتەبی سیاسی لە سەر ئەو پرسە شەڕێكمان كردووە".

تا ئێستا پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، كە بە پێی ئیستیحقاقی هەڵبژاردن پشكی یەكێتیی نیشتمانی كوردستان-ە، ئەو حزبە داوای نەكردۆتەوە و هەندێكیش پێیان وایە، بۆیە داوای نەكردووە، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەخنە لە ئەدای سەرۆكایەتی پەرلەمان بگرێت، بەڵام بە پێچەوانەوە پەرلەمانتارێكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئەوە ڕەتدەكاتەوە.

گۆران ئازاد ؛ئەندامی پەرلەمانی كوردستان لە فراكسیۆنی سەوز؛ ڕایگەیاند: "ئەو وتەیە بنەمای نییە و زۆر دوورە لە ڕاستییەوە، چونكە ئێمە وتومانە تا ئەم ساتەش پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان مافی خۆمانە و سوورین لە سەر ئەوەی ئەو پۆستە وەربگرین".

ڕاشیگەیاند: "جۆرێك لە خەم ساردی هەبووە لە وەرگرتنی ئەو پۆستە و شەڕێكی گەورەی فراكسیۆن هەبووە لەگەڵ مەكتەبی سیاسی بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە".

وتیشی: "یەكێتی و پارتی ناكۆكییەكی زۆر كەوتۆتە نێوانیان لە هەندێك پرسدا، بۆیە وەرگرتنی ئەو پۆستە بۆتە شتێكی لاوەكی لە چاو ئەو ناكۆكیانەی هەیە".

گۆران ئازاد جەختیشی كردەوە: "لەو كاتەوەی پارتی داوای پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی لە یەكێتی كردووە و یەكێتی وتویەتی وەڵامیان دەدەینەوە، تا ئێستا یەكێتی و پارتی بە ڕەسمیی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی هەردوو لایان بۆ ئەو مەبەستە نەكردووە".

ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد: "ئەگەر لە سەرۆكایەتی پەرلەمانیش بین، ئەوا لەو شوێنانەی پێویست بكات ئێمە هەر ڕەخنە دەگرین، چونكە ئێستا كە سەرۆكایەتی لە گۆڕان و پارتییە، پەرلەمانتارەكانیان ڕەخنەیان لێ‌ دەگرن".

ئەو پەرلەمانتارەی یەكێتی ئاشكراشی كرد: "ئێمە داوای جێگری سەرۆكی پەرلەمان دەكەین، بۆیە ئەگەر ڕێككەوتین لەگەڵ پارتی، كە جێگرمان نەوێت ئەوا داوای سكرتێری پەرلەمان دەكەین و بۆ ئەوەش وتوێژمان لەگەڵ كۆمەڵی ئیسلامی كردووە و ئەوانیش جەختیان كردۆتەوە، كە ئەگەر ئێمە بگەینە ڕێكەوتن پۆستەكە بەجێ‌ دەهێڵتن بۆ یەكێتی".

لە ئێستادا سەرۆكایەتی پەرلەمان پێكهاتووە لە سەرۆكی پەرلەمان لە بزووتنەوەی گۆڕان و جێگری سەرۆكی پەرلەمان لە پارتی دیموكراتی كوردستان و سكرتێری پەرلەمان لە كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085