وەزارەتی ناوخۆی هەرێم بە توندی وەڵامی پێنج حزبی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەداتەوە دەڵێت'' پارێزگاری لە بەرژەوەندییە گشتییەکان دەکەین.''
ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٢ی شوبات، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کاردانەوەیەکی خێرادا ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد کە چەند لایەنێک بە بڵاوکردنەوەی پەیامێک هەڕەشەیان لە وڵاتێکی دراوسێ کردووە و ئەمەش پێویستی بە ڕوونکردنەوەی فەرمی هەیە بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە گشتییەکان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە وەک فاکتەرێکی سەرەکی بۆ چەسپاندنی سەقامگیری و ئارامی لە ناوچەکەدا دەمێنێتەوە و مێژووی هەرێم دەیسەلمێنێت کە هیچ کاتێک نەبووەتە سەرچاوەی هەڕەشە یان مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی هیچ کام لە وڵاتانی دراوسێ.
وەزارەتی ناوخۆ، ڕایگەیاندووە'' ڕێگە بە هیچ لایەن و گرووپێک نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان بۆ مەبەستی سیاسی یان سەربازی لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنێت و هەر هەوڵێکی لەو شێوەیە ڕووبەڕووی لێپرسینەوە دەبێتەوە.''
ئەمە لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، پێنج لایەنی سیاسیی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە پێکهاتوون لە پژاک، دیموکرات، خەبات، کۆمەڵە و پاک، هاوپەیمانێتیەکیان بۆ یەکخستنی خەبات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان دروستکرد و ڕاگەیاندراوێکیان لەو بارەیەوە بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا هاتووە "مەبەستی سەرەکیی ئەم هاوپەیمانییە کە پاش قۆناغی گۆڕینەوەی بیروڕا و کاری مەیدانی لە "ناوەندی دیالۆگ بۆ هاوکاری"دا پێکهاتووە، یەکڕیزی و هاوخەباتیی پتر بۆ پەرەدانی زیاتر بە بزووتنەوەی سیاسیی کورد لە ئێران و پیدانی قورسایی و دەوری زیاتری کوردستان و بزووتنەوە سیاسییەکەی لە خەبات دژی کۆماری ئیسلامی، دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستان و چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتوویە".
