یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان ڕایگەیاند، بەشداری بەرفراوان و کارای هاوڵاتیان لە هەڵبژاردن، ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە، بەتایبەت لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم گرنگترە. هەروەها بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و چەند بە پاکی و رێکوپێکی و بێ فڕوفێڵ بەڕێوەبچێت، هەر کەمە.
یەکێتی زانایان لەڕاگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، هەڵبژاردن پرۆسەیەکی گرنگە بۆ نوێکردنەوە و ئیدارەدانی وڵات و پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خەڵک، بۆیە ئەمانەت و بەرپرسیارێتیەکی گەورەیە و چەند بە پاکی و رێکوپێکی و بێ فڕوفێڵ بەڕێوەبچێت هەر کەمە، خوازیارین ئەم هەڵبژاردنە وێستگەیەکی خێرو ئارامی بێت بۆ گەلی کوردو کوردستان.
ئاماژەی بەوەشكرد، بە پێی واقع پێگەی کوردستان لەناو گۆڕەپانی سیاسی عیراق چەند بەهێز بێت، زیاتر توانای بەرگری و داکۆکیکردن لە مافە دەستوری و نەتەوەییەکانی دەبێت، بۆیە بەشداری بەرفراوان و کارای هاوڵاتیان لە چوارچێوەی بنەما شەرعی و یاسایی و لەبەرچاوگرتنی بەرژەوەندی گەل و نیشتمان و کەشێکی ئارام؛ ئەرکێکی ئایینی و نەتەوەییە.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان بەتایبەت داوا لە خەڵكی لە ناوچە کوردستانیەکانی دەرەوەی ئیداری هەرێم دەكات دەنگبدەن و بەشداریان بە "زۆر گرنگ" وەسفی دەكات.
ئەوە لەكاتێكدایە سبەی سێشەممە، ههڵبژاردنی ئهنجومهنی نوێنهرانی عێراق بهڕێوهدەچێت كە تێدا 31 هاوپەیمانی، 38 حزب و 79 تاكەكەس بەشداری هەڵبژاردن دەكەن و زیاتر لە حەوت هەزار كاندید كێبڕكێ دەكەن، ئەوە جگە لەوەی كۆمسیۆن ژمارەیەكیانی بەهۆكاری جیاجیا دورخستەوە.
