نوێترین

recent

15/08/2024

یەكێتی دۆسیەكانی گەندەڵی ڕاكان جبوری دەباتە دادگا.



یەكێتی دۆسیەكانی گەندەڵی ڕاكان جبوری دەباتە دادگا

دوای كۆتایی هێنان بە كێشمەكیشی یەكلایی كردنەوەی پۆستی پارێزگاری كەركوك و سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگا و یەكلابوونەوەی ئەو دۆسیەیە لە بەرژەوەندی یەكێتی، لە ئێستادا یەكێتی بڕیاریداوە گەندەڵی و سەرپێچیەكانی ڕاكان جبوری پارێزگاری پێشووی بەوەكالەتی كەركوك بباتە دادگا كە لە ماوەی حەوت ساڵی ڕابردوو ئەنجامیداون.
بەگوێرەی زانیارییەكانی بوار، ئەمڕۆ دەستەی وەبەرهێنانی كەركوك لە دادگای كەركوك سكاڵایان لەسەر ئیدارەی پێشووی كەركوك و ئەحمەد حەمدانی ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك لە لیستەكەی ڕاكان جبۆری تۆمار كردووە بەتۆمەتی بردنی 70 تا 100 ملیۆن دۆلار لە بابەتی قەپانەكانی كەركوك بەو پێیەی دەبوایە گرێبەستی قەپانەكان بخرایەتە سەربەڕێوەبەرایەتی پردەكان و ڕێگاو بان وەك پارێزگاكانی دیكەی عێراق.
ئاماژە بەوەشكراوە، ماوەی چەندین ساڵە ڕاكان جبووری پارێزگاری پێشووی كەركوك سەرپەرشتی بابەتی قەپانەكانی كەركوكی بردووەتە پارێزگا كە بۆ هەر بارێك بڕی 20 هەزار دینار وەرگیراوە لەكاتێكدا دەبوو بۆ هەر بارێك بڕی پێنج هەزار وەربگیرایە هاوشێوەی پارێزگاكانی دیكەی عێراق، هاوكات سزای باری زیادەی بارهەڵگرەكان دەبوو بگەڕێتەوە بۆ وەزارەتی دارایی بەڵام وەبەرهێنەرانی خاوەن قەپانەكە پارەكەیان نەگێڕاوەتەوە و ڕاكان جبوری فشاری كردووە سۆنار لەتەنیشت قەپانەكان دابنرێت و بڕی 15 هەزار دیناری دیكە لە بارهەڵگرەكان وەربگیرێت.
هەر لە زانیارییەكانی بوار ئەوەشهاتووەكە دواكردنی 235دۆنم زەوی لەلایەن برایەكی ڕاكان جبوری لەوەبەرهێنان و پارە وەرگرتن لە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان یەكێكی دیكەیە لەو تۆمەتانەی كە ئاراستەی ڕاكان جبوری و براكانی كراوە، بۆ ئەومەبەستەش بەشێك لە لایەنە سیاسیە عەرەبەكانی كەركوك پشتگیری هەنگاوەكەی یەكێتی دەكەن دژی ڕاكان جبوری و ئیدارەكەی و دەیانەوێت ڕاكان جبووری بەتەواوەتی لەسەر گۆڕەپانی سیاسی كەركوك دوور بخەنەوە و ئامانجی یەكێتی ئەوەیە ئەو پارانە بەنایاسای وەرگیراون بگەڕێندرێتەوە بۆ ئیدارەی كەركوك، ئەوەش پەیامێكە بۆ ئەوەی لەداهاتودا هیچ بەرپرسێكی عەرەب و توركمان پۆستەكەی بۆ دژایەتی كورد بەكار نەهێنێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085