
یەکێتی هەموو هەوڵەکانی ئەوە بوو پۆستی پارێزگار وەربگرێت و کاندیدەکەشی ، هەر ڕێبوار تەها بوو خۆ ئەگەر جگە لەو کاندیدی دیکەی هەبوایە، لەوە بوو پارتیش ڕازی بێت و حکومەتیان پێکەوە پێک بهێنایە.
بەڵام یەکێتی بە داواکەی پارتی ڕازی نەبوو تا ڕێبوار تەها بکشێنێتەوە ، بۆیە سور بوو لە سەر وەرگرتنی پۆستەکە و سەرخستنی کاندیدەکەیی و لە پێناویدا هەموو شتێکی کرد و دەرئەنجام پاش حەوت ساڵ ئەو پۆستەی وەرگرتەوە.
*پارتی
هەموو هەوڵەکانی بۆ دانانی پارێزگارێکی کورد بوو ، بەڵام بە دڵی ئەو بێت چونکە لە هەموو لێدوان و بەیاننامەکانیشیان ئەوەیان نەشاردبوەوە ، کە ڕازین یەکێتی کاندیدی هەبێت بەڵام بە دڵی ئەوان بێت، پارتی پێی وابوو ئەوانەی گوایە دەستیان هەبوە لە شانزەی ئۆکتۆبەر، نابێت دەسەڵاتیان پێ بدرێ بۆیەش هەموو هەوڵێکیاندا تا بتوانن ڕێگری لە کاندیدی دڵخوازی یەکێتی بکەن.
بۆیە یەکێتیش ئەوەی ڕەتکردەوە و ئیتر لە دوای کۆبونەوەی کاک مسعود و عەرەب و تورکمان ، ئیتر نێوان یەکێتی و پارتی گەشتنە بن بەست و ئەوەش ئەنجامەکەی بوو کە بینیمان.
*عەرەب بە هەرسێ باڵ و هاوپەیمانەتێکەیانەوە، سیادە قیادە عروبە.
سیادە کە خەمیس خەنجەر سەرۆکایەتی دەکات و ڕاکان لە کەرکوک سەرۆکی لیست بوو، هەر لە سەرەتاوە نزیکتر بوون لە پارتی و هەوڵەکانیان بۆ ئەوە بوو لە گەڵ پارتی ڕێک بکەون بەڵام پارتی، وەک چەند جارێک خۆیان وتویانە ڕازی نەبوو ڕاکان کاندید بێت و وەک وتم داوای پارێزگارێکی کوردی بێلایەنیان دەکرد یان هیچ نەبێ بە دڵی ئەوان بێت.
بۆیەش پارتی و باڵی خەمیس خەنجەر ، نەیانتوانی ئەوەی دەیانەوێ بیکەن، کە ڕێکەوتن بوو بۆ پێکهێنانی ئیدارەی کەرکوک.
ئەمەش وای کرد هەم محمد ئیبراهیم حافز و ڕەعد صاڵح و زاهر مزهر عاصی کە لە بنەماڵەی وەصفی عاصین و لە عەشیرەتی عوبێدن و ڕازی نەبوون جبورییەک ببتەوە پارێزگار، لە گەڵ یەکێتی ڕێکەوتن و توانیان پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەن دابنێن.
*تورکمانی سوننە و تورکمانی شیعە، بەرەی تورکمانی تورکمانەکانی بەدر و غەریب عەسکەر و محمد مهدی بەیاتی کە ئەمەیان قوڕێکی خەستی بۆ بەرەی تورکمانی گرتۆتەوە.
ئەو تورکمانانەی ڕێکەوتنیان لە گەڵ یەکێتی کردوە تورکمانە شیعەکانی کەرکوکن و یەک کورسی ئەنجومەنیان نیە ئەمەش بەرەی تورکمانی شێت کردوە ، کە دوو کورسی ئەنجومەنیان هەیە و ئاگایان لەم ڕێکەوتنە نیە کە جەماعەتی بەدر کردویانە و لە بەرامبەردا 18پۆستیان وەرگرتوە.
بۆیە بەرەی تورکمانی تانەی لە کۆبونەوەکە داوە و سبەی خۆپیشاندان ئەنجامدەدەن و لە دادگای فیدراڵی سکاڵا تۆمار دەکەن.
ئەوەی ئێستا لە دوای دانانی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنەوە دەگوزەرێ، حاڵەتێکی نا ئاساییە و پڕ مەترسیە بۆ دۆخی کەرکوک، هەر بۆیە مامەڵەی ژیرانەی لایەنەکان لە گەڵ دۆخەکە، لە قازانجی کەرکوک و سەقامگیری شارەکە و دانیشتوانەکەیەتی.
وە بە پێچەوانەشەوە هەر هەنگاوێک بۆ تێکدانی ئاشتی و ئارامی کۆمەڵایەتی و نانەوەی پشێوی بە زیانی پێکهاتەکانی کەرکوک تەواو دەبێ.
وێنەکە ئەو هۆڵەی ئوتێل ڕەشیدە کە پارێزگار و سەرۆکی ئەنجومەنی تیا هەڵبژێزدرا.
چیانوری/ ڕۆژنامەنووس