عەلی حەمە ساڵح ئەندامی پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، تەنها لە یەك پرۆژە لە شاری هەولێر 10 هێندەی پارەی سەرجەم پرۆژەكانی ئەم كابینەیە قازانج كراوە و سلێمانیش كراوە بە شاری جەمەلۆن.
عەلی حەمەساڵح لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك نوسیویتی، تاڵانی نابێت بەدەستكەو و ئەو تاڵانیەی لە زەویدا كراوێنەی نیە، یاسای وەبەرهێنان گەورەترین دەرگای گەندەڵی لە دۆسیەی زەویدا كردەوە، تاڵانی، شەراكەتی حزبی، سەرانە و دەوڵەمەندبوونی ناڕەوا.
ئاماژەی بەوەشداوە، لەپشت ماڵی سەرۆكی هەرێم هەتا رێگای بەحركە 13 ملیۆن مەترە، گەورەترین پرۆژەی نیشتەجێبونە، روباری دەستكرد و نافورە، ڤێلایەك بە 6 بۆ 8 ملیۆن دۆلارە، تەنها لەم پرۆژە 6 ملیار دۆلار قازانج، ئەم پارە 10 هێندەی هەموو ئەو پارەی لەم كابینەدا كراوە بە پرۆژە.
بەپێی زانیاریەكانی ئەو پەرلەمانتارە، بەرامبەر فڕۆكە خانە "پاڤیلۆن" 680 دۆنم ڤێلا و شوقە، یەك ملیارو 616 ملیۆن دۆلاریان دەستدەكەوێت، تەنیا شاری خەونەكان بەهای یەك ملیار دۆلار زەوی مەتر مەتر فرۆشرا، زەویەكەی بەرامبەر رۆتانا بەنایاسایی تاپۆكرا كە بایی700 ملیۆن دۆلارە، زۆر شانازی بە زۆنی ئاڵتونی و نزیك پارك دەكرێت، ئەو شوقە و ئەپارتمانانە نزیكەی 12 ملیار) دۆلار بەهای بووە، ، جگە لە رێگای شەقلاوە و چەندین شوێنی دیكە.
ئەو پەرلەمانتارە سەبارەت بە سلێمانی هێمای بۆ ئەوە كردووە، نزیكەی 12 هەزار دۆنم بەناوی پرۆژەی نیشتەجێبون و مەخزەن و پێشەنگای ئۆتۆمبیل بە تاڵان و بەلاش برا، بەهاكەی چەندین ملیار دۆلارە و چەند كەسێك كرا بە ملیۆنێر، دەیان پرۆژەی سەقەتی بێ خزمەتگوزاری، لە كوێ بووە بە نادادی زەوی بۆ شوقە و مەخزەن و پێشەنگای ئۆتۆمبێل بەبەبێ بەرامبەر، سلێمانیان كردە شاری جەمەلۆن، دەبێت زەوی بەرامبەر پارە بدرێتە وەبەرهێنەر، پارەش بۆ خزمەتی گشتی بێت و پرۆژەش لەژێر چاودێری بێت، ئەوەی ئەو دەیزانێت تاڵانیەكی ئێجگار گەورەبوو، یاسای وەبەرهێنان گەورەترین تاڵانی زەوی خولقاند.
