نوێترین

recent

24/08/2022

بافڵ جەلال تاڵەبانی پەیامێکی بڵاوکردەوە



بافڵ جەلال تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ڕایگەیاند، بەگرنگی و هەستکردن بە بەرپرسیارێتییەوە چاودێری ئەو پێشهاتە سیاسییانەمان کردووە کە لە وڵاتەکەمان روویانداوە و پەرۆشی هەوڵەکانین لەپێناو یەکڕیزی و یەکخستنی تواناکان لەپێناو بەرژەوەندی نیشتمانی و بەدیهێنانی زەمینەیەکی لەبار بۆ چاکسازی بەشێوەیەک کە خزمەت بە گەل بکات و دەستوور بنەمای کارکردن بێت.

بافڵ جەلال تاڵەبانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکرد، بنەماکانی کارکردنمان لەژێر رۆشنایی سیاسەتی سەرکردەی کۆچکردوومان مام جەلال سەرچاوەی گرتووە کە ئامادەیی گرنگ و کاریگەری هەبووە لە پێش و پاش ساڵی 2003. وتیشی، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیش درێژە بەو رێبازە دەدات و پەرۆشی خۆی بۆ پرەنسیپەکانی کاری نیشتمانیی هاوبەش دووپات دەکاتەوە لەپێناو پاراستنی ئەزموونە تازەکەی دیموکراسی، بونیادنانی عیراقێکی فیدراڵ، سەربەخۆ و پێشکەوتوو.

ئەوەشی خستەڕوو، “لەم چوارچێوەیەشدا جەخت لە پاراستنی یەکڕیزی، هەوڵە نیشتمانییەکان و زاڵکردنی زمانی دیالۆگ و لێکتێگەیشتنی بەرهەمدار و پابەندبوون بە دەستوور دەکەینەوە کە دەنگی بۆ دراوە وەک بەڵگەنامەیەک بۆ گەشەپێدان و بەخۆداچوونەوە و پابەندبوون بە بڕگەکانییەوە”.

وتیشی، وەک هەموو هێزە نیشتمانییەکانمان باوەڕمان بە پێویستی لێکجیاکردنەوەی دەسەڵاتەکان هەیە وەکو بنەمایەکی سەرەکی لە بنەماکانی بونیادنانی دەوڵەتێکی مەدەنی و دیموکرات. پێشمانوایە بەرپرسیارێتی لایەنە جیاوازەکانە پابەندی ئەم بنەمایانە بن بەتایبەت سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری، پارێزگاریکردن لە مافی هاوڵاتییان و دامەزراوە دەستوورییەکانی تر لە وڵاتدا. ئەو رووداوەی ئەمڕۆش رەت دەکەینەوە کە بەسەر ئەم دامەزراوەیەدا هات و پێویستە هەموو هێزە سیاسییەکان رێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەم کارانە بکەن.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا بافڵ جەلال تاڵەبانی ئاماژەی بەوەکرد، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لەم هەلومەرجەدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە زاڵکردنی دیالۆگ و ئامادەکردنی زەمینەیەکی سیاسیی لەبار دووپات دەکاتەوە کە لەتوانایدابێت پرۆژەیەکی چاکسازی بەرپا بکات کە پشت بە بەرنامەیەکی پەسەندکراوی ھەمووان ببەستێت تاوەکو بتوانێت چاکسازی پێویست بەدیبهێنێت و دەست بە بونیادنان و گەشەپێدانی وڵاتمان بکرێت. پشتیوانی داخوازییە نیشتمانییەکان دەکەین لەپێناو چاکسازی و دووپاتی دەکەینەوە پاراستنی وڵات و سەقامگیرییەکەی، پاراستنی مافی هاوڵاتییان، رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گەشەپێدانی ئەدای دامەزراوەکان، پێویستی بە رەخساندنی زەمینەیەکی لەبارە لەلایەن هەموو هێزە سیاسییە کاریگەرەکانەوە و لەپێش هەمووشییەوە دیالۆگی نیشتمانیی جدی و دڵسۆزانە

لە کۆتایشدا دەڵێت، خودا عیراقی دیموکرات و فیدراڵ و سەربەخۆ بپارێزێت. رێپیشاندەر و یارمەتیدەری هەمووان بێت بۆ هەر کارێک کە خێری گەلەکەمانی تێدابێت بەهەموو پێکهاتەکانییەوە. هیچ بژاردەیەکی ترمان نییە جگە لە یەکگرتن و دەستپێکردنی دیالۆگێک بە دڵی کراوە و مێشکێکی بەئاگا لەو مەترسییانەی هەڕەشە لە عیراقمان و ئەزموونە سیاسییە دیموکراسییە تازەکەمان دەکات.

Picsart-24-02-23-21-31-09-085