نوێترین

recent

20/06/2017

پەکەکە: ئێستا دەوڵەت بدەیتە پارتی نایەوێت




ئەندامێکی بەڕێوەبەرایەتی پەکەکە دەڵێت، دەوڵەت ئامرازی سەرکوت و فشارو پیلانگێڕییە، ئەوەی کە گرنگە سەربەخۆیی تاکە لە بەڕێوبردندا، پەکەکە پشتگیری کوردستانێکی ئازادو خۆبەڕێوەبەر دەکات، ئەمانە ھیچ پەیوەندییان بە دەوڵەتەوە نییەو دەشڵێت: ئێستا دەوڵەت بدەیتە پارتی ڕەتیدەکاتەوەو نایەوێت.   

دووران کاڵکان، ئەندامی کۆمیتەی بەڕێوەبرایەتی پەکەکە، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی چانێڵ نیوز سەبارەت بە ریفراندۆم و چەمکی دەوڵەت و ڕوانگەی پەکەکە بۆ کوردستانێکی سەربەخۆ و ھەروەھا سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە و کاریگەری ڕزگارکردنی ڕەقە لە سەر تورکیا و دۆخی سیاسەتی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گۆشەگیرکردنی عەبدوڵا ئۆجالان و گرنگی بەرخۆدانی ئیمرالی  قسەیکرد. 

........................................................................................................................................................................................................   

 بەشێکی ناوەڕۆکی ئەو چاوپێکەوتنە بەم شێوەیەیە:   

-سەبارەت بە ریفدراندۆمی لە باشوری کوردستان چۆن بیر دەکەنەوە؟   

دووران کاڵکان: پارتی بە تەنیا ناتوانێت ڕۆژەڤ بۆ گەلی کورد دیاری بکات، دۆخی باشوری کوردستانیش بەتەنیا ناتوانێت ڕۆژەڤی گەلی کورد دیاری بکات، ئەگەر ھەر ئێستا بە پارتی بڵێن ئێوە جیا بببنەوەو سیستمێک بەپێی دەوڵەتێکی سەربەخۆ دابمەزرێنن، ئایا پارتی ئەوە قبوڵ دەکات؟ من پێموانییە، پارتی ئامادە نییە، دەوترێت کە ریفراندۆم وەکو پروپاگەندەیەک دژی ھەندێک ھێزی دیکە ئەنجام دەدرێت، پارتی پارادایمی دەوڵەت تا ڕادەیەک دژی پەکەکە دەکاتە ڕۆژەڤ.    

"دیاردەی دەوڵەت بۆ یەکەم جار لەلایەن پەکەکەوە لە کوردستان ھاتە ئاراوە"   

وتیشی: پەکەکە پێشتر پارادایمی دەوڵەتی دەپاراست، ڕاستی ئەوەیە دیاردەی دەوڵەت بۆ یەکەم جار لەلایەن پەکەکەوە لە کوردستان ھاتە ئاراوە، ئەو کاتە پارتی بەرنامەی دەوڵەتی ھەرنەبوو، نەیتوانیبوو تەنانەت باسیشی بکات، بەڵام پەکەکە ئەو ویستەی بەھێزکرد، کۆمەڵگای کوردی ھۆشیار بووەوە سەبارەت بە پرسی دەوڵەت بەھۆی ھەڵدانەکانی پەکەکەوە، ئێستا ئەوان بەم شێوەیە بیردەکەنەوە:"ئەو کاتە پەکەکە وای وت بۆ ئەوەشە کە بەھێز بوو، ئێمەش وا دەڵێین بەشکم ھێزی پەکەکە بە دەست بێنین، دەتوانین بەم شێوەیە پەکەکە لاوازبکەین"، ئەم بیرکردنەوە زۆر لاواز و پووچە، ھیچ بنەمایەکی نییە.    

   کاڵکان لەسەر ئەمپرسە زیاتر دەدوێت و دەڵێت: ئەگەر پەکەکە پێشتر بەرگری لە ئایدیالۆژییەک کردووە ئێستاش دەیکات، پەکەکە تەنیا بە وتن نییە کە ھێزی خۆی لە کۆمەڵگاوە وەردەگرێت، بەڵکو پشتگیری قسەکان و وتەکانی دەکات بە کردەوە، بۆیەشە بەھێزە، پارتی بەوە خەڵەتاوە کە تەنیا بە وتن و دووبارەکردنی وشەیەک  دەتوانێ ئەو ھێزەی پەکەکە ھەیەتی بە دەستی بێنێت، وەکچۆن سەرۆ ئاپۆ دەڵێت، لە پەکەکەدا وتن مەرج نییە، بەڵکو شێوەی وتن و باوەڕ بە وتن و بە کردەوە کردنی وتنە کە بنەمایە.   

کاڵکان سەرنج ڕادەکێشێتەسەر نەبوونی پەرلەمان لە دۆخەکەدا و دەڵێت: لە بارەی ریفراندۆم لە باشوری کوردستاندا ھیچ ڕوون نەبووەتەوە، ھێشتا پەرلەمان بڕیاری بەڕێوەبردنی ریفراندۆمی نەداوە، کێشەی نەتەوەیی کورد کێشەی دەوڵەت نییە، کێشەی نەتەوەیی وەکچۆن لە ناوییەوە ڕوون و ئاشکرایە، کێشەی کۆمەڵگایی و خۆبەڕێوەبەرییە، بەڕێوبەرایەتیش دەوڵەت نییە، ھێزە پیلانگێڕەکان بۆ ئەوەی خەڵک بخەلەتێنن ئەوە دەڵێن، کە بەڕێوەبەرایەتی تەنیا بە دەوڵەت دەکرێت، بەڕێوەبرایەتی بەواتای خۆبەڕێوبەرایەتی کۆمەڵگایە، دەوڵەت ئامرازی سەرکوت و فشارو پیلانگێڕییە، کەس ناتوانێت ئەمە بشارێتەوە، ئەوەی کە گرنگە پێکبێت، سەربەخۆیی تاک لە بەڕێوبردنی کۆمەڵگا و توانای خۆڕێکخستنی کۆمەڵگایە، پەکەکە پشتگیری کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ و خۆبەڕێوەبەر دەکات، بەڵام ئەمانە ھیچ پەیوەندییەکییان بە دەوڵەتەوە نییە، پەکەکە بەرگری لە بەڕێوەبەرایەتییەکی ئازاد و دیموکرات دەکات.   

-لە ڕۆژی ٥ی نیسانی ساڵی ٢٠١٥ەوە ھیچ زانیارییەک لە بەڕێز ئۆجالان بە دەست نەگەیشتووە، ھەموو چاوپێکەوتن و سەردانەکان بۆ ئیمرالی قەدەغەکراون، دۆخی بەڕێز عەبدوڵا ئۆجالان لە رۆژی ٥ی نیسانەوە بۆ ئێستا چۆن دەنرخێنن؟   

"لەبەرامبەر گۆشەگیریدا ڕێبەرایەتی بەرخۆدانێکی مەزن بەڕێوەدەبات"   

دووران کاڵکان: پێش ھەموو شتێک بە پێویستی دەزانم ئاماژە بەوە بدەم، کە بەنیازن ستەمێکی گەورە لەسەر ئیمرالی بەڕێوەببەن، ئەو ھەڵسوکەوتە زۆر دوورە لە مافی مرۆڤ، لە دۆخی ئێستادا نە دادگا لە ئارادایە و نە زیندان، بەڵکو بە بەبارمتەگرتن ھەیە، ئەم فشارەش لە ھەموو ساتەکاندا ئەنجدام دەدرێت، لەو نێوانەدا فشاری دەروونی قورسایی لە ھەموو جۆرە فشارەکانی دیکە زیاترە، ئەوان دەڵێن یان دەبێت بەپێ بەرژەوەندی و بیر و فکری ئێمە بجوڵێنەوە، یان ئەوەی نابێت بجوڵێنەوە، ئەو دۆخەی ئێستا زاڵ بووە لە بەکۆیەلەکردنیش قورسترە.   

وتیشی: ئەو فشارە ماوەی ١٩ ساڵە لە سەر ئیممرالی بەڕێوەدەچێت، بەڵام لە بەرامبەردا بەرخۆدانکی مێژووییش لەلایەن ڕێبەرایەتییەوە ئەنجام دەدرێت، بۆیەش پێویستە جارێکی دیکە بەرخۆدانی ئیمرالی بەرز بنرخێنین، بەرخۆدانی ئیمرالی بەرزترین بەرخۆدانی مرۆڤی ئازادە، پێویستە ھەمووان بەباشی لەوە تێبگەن، ئەو بەرخۆدانە کاتێک گرنگییەکەی بەرچاوتر دەبێت، کە بزانین ئەو بەرخۆدانە ماوەی نەک ١٩ کاتژمێڕ یان ١٩ ڕۆژ یان ١٩ مانگ، بەڵکو ماوەی ١٩ ساڵە کە بەڕێوەدەچێت، پێویستە ھەمووان لە ئامانج و مەبەستەکانی ئەو بەرخۆدانەی ڕێبەرایەتی بەباشی تێبگەین.   

-سیاسەتی دەرەوەی تورکیا بووە بە بەڵا بۆ گیانی گەلانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست، پاش پرسی قەتەر ئەمە زیاتر ڕوون بووەتەوە، ھەموو وڵاتانی کەنداو دژی قەتەر ھەڵوێستیان دەربڕیوەو تورکیا لەولاوە پشتگیری دەکات، پەیوەندییەکانی قەتەر و تورکیا چۆن دەنرخێنن؟   

"ئاشکرایە سعودیە و قەتەر و ئاکەپە بە ڕێککەوتنێک پشتگیری داعشیان دەکرد"   

دووران کاڵکان: چەند ھۆکارێکی سەرەکی ھەیە کە وڵاتانی کەنداو دژی قەتەر ھەڵوێستیان گرت، یەکەم، قەتەر لە فەلەستین  پشتگیری حەماسی کردووەو لە سوریاش پشتگیری داعش، واتە پشتگیری تیرۆری کردووە، بەڵام بۆچی ئەردۆغان و ئاکەپە پشتگیری قەتەر دەکەن؟، ڕاستی ئەوەیە کە بە پێی تێگەیشتنی ئەردۆغان و ئاکەپە ئەو کارەی قەتەر بە تاوان لە قەڵەم نادرێت، حەماس ھاتە تورکیا و لەوێ مایەوە، بەڵام پاش ھەندێک ڕێککەوتنی تورکیا حەماس لە تورکیا دەرکرا، پەیوەندی تورکیا بە ئیخوانەوە چۆنە من نازانم، بەڵام ئاشکرایە، کە سعودیە و قەتەر و ئاکەپە بە ڕێککەوتنێک پشتگیری داعشیان دەکرد، ھەم پەروەردەیان دەکردن و ھەم پشتیگیری داراییان دەکردن و ھەم ئەوەی کە لە بواری ڕاگەیاندنەوە ڕوماڵیان دەکردن، ئەگەرچی قەتەر لە بواری داراییەوە پشتگیری سەرەکی بوو، بەڵام ئاکەپە پلانەکانی بەڕێووەدەبرد.   

وتیشی: ئێستا قەیران ھاتووەتە گۆڕێ، ترامپ بەباشی باسی ئەو قەیرانەی کرد، ئەو وتی:"من وتم کە پشتگیری دارایی تیرۆردەکرێت، دەوڵەتانی ناوچەکە وتیان قەتەر ئەو پشتگیرییە ئەنجام دەدات، تاوانبارەکان ئاشکرابوون و پاشان ھەموو دەوڵەتەکانی ناوچەکە دژی ھەڵوێستیان گرت"، ئێستا کە خەریکە دژی ئێڕان تێدەکۆشرێت، سعودیە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئەمریکا باش کردووە، ئەمریکاش دەڵێت، ئەگەر ئێوە دژی ئێران شەڕبکەن ئێمە پشتگیریتان دەکەین، ئەردۆغان چوو لەگەڵ ترامپ کۆبووەوە، بەڵام ھیچ ئەنجامێکی لەو کۆبوونەوەیە دەست نەکەوت، ئەمریکا سعودیەی قبوڵ کرد، ئەردۆغان ھەوڵیدا ئەو کارە بکات کە سعودیە ئەنجامیدا، بەڵام سەرنەکەوت، پاشان تاوانبارەکان ئاشکرا کران، ناوی قەتەر دەرکەوت، ئەردۆغان پشتگیری قەتەر دەکات، چونکە ئەوەی قەتەری پێ تاوانبار دەکرێت، ناڕاستەوخۆ ڕووی لەوە و ئەوی پێ تاوانباردەکرێت، زۆر ڕوونە کە ئەوان لە ھەموو ئەو تاوانانەدا ھاوبەش بوون، بەڵام چەندە بەشدارن ھەر کامەیان، ئێمە ئاگاداری ئەوەیان نین.   

"ئەوانەی ئێستا بوونەتە دژی داعش تا دوێنێ دۆست و نزیکی قەتەر بوون"   

کاڵکان دەشڵێت: داعش لە پڕدا نەھاتە بەرباسەوە، ئەوان داعشیان دروستکرد، داعش ڕوو لە لەناوچوونە، ئەوانەی پشتگیری داعشیان کردووە، ئێستا بە نزیکبوونەوە لە لەناوچوونی داعش ترسێک کەوتووەتە دڵیانەوە، ئێستا لە ھەوڵداندان کە ڕێگایەک بۆ ڕزگارکردنی داعش بدۆزنەوە، ئەوەی زۆر سەرنجڕاکێشە، ئەمەیە، کە دەڵێن قەتەر ھەم پشتگیری داعشی کردووە و ھەم پشتگیری حەشدی شەعبی، ئێمە پێمانوابوو سعودیە و قەتەرو تورکیا لە بواری مەزھەبییەوە نزیکن لە داعش، ئێستا دەوترێ کە پشتگیری حەشدی شەعبیش کراوە، پرسیار ئەمەیە، کە قەتەر بۆ وای کردووە؟، پێویستە سەرلەنوێ ھەندێک لێکۆڵینەوە ئەنجام بدرێنەوە، ئەوانەی ئێستا بوونەتە دژی داعش تا دوێنێ دۆست و نزیکی قەتەر بوون، تورکیا و ئێران دوو وڵاتن کە ئێستا پشتگیری قەتەر دەکەن، لەلایەکی دیکەشەوە دوو دەوڵەتی ناوچەکەن کە عەقڵییەتی نەتەوە دەوڵەتیان زیندوو ڕاگرتووە لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا، بێ گۆڕانکاری لەو دوو وڵاتەدا گۆڕانکاری سەرەکی لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوونادات، لەلایەکی دیکەوە ئەوروپا پێویستە لێکۆڵینەوە بکات سەبارەت بەو پارەیە داویەتی بە تورکیا بۆ تێکۆشانی دژی تیرۆر، پێویستە ڕوونی بکاتەوە ئایا ئەو پارەیە دژی تیرۆر بەکار ھێندراوە یان بۆ پشتگیری تیرۆر، لێکۆڵینەوەی بەو شێوەیەش بۆ ئەردۆغان زۆر قورسە.    

ھەرلەسەر ئەم باسە کاڵکان ئاماژەی بەوەکرد: دەتوانم ئەوە بڵێم، کە کاتی کۆتایی ھاتنی فاشیزمی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دەگات، ئەوەندە تێکۆشان دژی ئەو فاشیزمە ھەیە لە ناوخۆی وڵاتدا کە لە ناوی ببەن، تێکۆشانی ھێزە دیموکراتەکان، ژنان و گەنجان فاشیزمی ئەردۆغان لەناودەبات سەرئەنجام، پێویستە سەبارەت بە ھەموو تاوانەکان لێپرسینەوە بکرێت لە ئەردۆغان، سیستمی دامەزراوی پاش ریفراندۆمی ١٦ی نیسان دەبێتە ھۆی لەناوچوونی دەسەڵاتداری دیکتاتۆرییەتی ئەردۆغان، پێویستە ھەمووان بەباشی لەمە تێبگەن و بەپێی ئەو خاڵە تێکۆشان ئەنجام بدەن.   

ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە ڕوو لە تەواوبوونە، ھێزەکانی سوریای دیموکرات چونەتە ناو شارەکەوە، لەلایەکی دیکەوە لە دەڤەرەکانی ئیدلب و باب چەتەکانی سەربە تورکیا جێگربوون و شەڕدەکەن، ئێوە دۆخی ئێستا شەڕە ناوخۆکانی سوریا چۆن دەبینن؟.    

"پاش ڕزگارکردنی ڕەقە ئاشکراتر دەبێت کێ پشتیوانی داعشی کردووە"   

دووران کاڵکان: ئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنی ڕەقە بە سەرکەوتووییەوە لەلایەن شەڕڤانانی ھێزەکانی سوریای دیموکراتەوە بەڕێوەدەچێت و تا ئێستا دەیان ئەمیر و فەرماندەی چەتەکانی داعش خۆیان ڕادەست کردووە یان کوژراون، ئۆپەراسیۆنی ڕەقە کاریگەری زۆری ھەیە لە سەر ھەمووی ناوچەکە، پاشان ئۆپەراسیۆنەکانی حەشدی شەعبیش پەرەیان سەندەوە، ئێران دەستێوەردانی دۆخەکەی کرد، لەلایەکی دیکە ئەمریکا و ھێزەکانی ھاوپەیمانان کاریگەریان ھەیە لە سەر چارەنووسی ناوچەکە، ھێزەکانی ئەسەد لەلایەکی دیکەوە، قەیرانی قەتەر و ڕووداوەکانی تاران، ڕزگارکردنی ڕەقە کاریگەری دەبێت لە سەر ھەموو ئەو بابەتانەی ناوم ھێنان.    

وتیشی: بە لەناوچوونی داعش ڕێککەوتن و ھاوپەیمانی نوێ لە ناوچەکەدا دادەڕژێنەوە، پاش ئەوەی داعش لەناوچوو ڕوون دەکرێتەوە کە کێ پشتگیری داعشی کردووەو بە چ مەبەستێک ئەو کارەیان ئەنجامداوەو لە ھەموو گرنگتر بۆ ئێمەی کورد ئەوەیە کە، داعش بۆچی ھێڕشی کردە سەر گەلی کورد؟، بۆچی لە ڕۆژی ٣ی ئابی ٢٠١٤دا ھێرشیان کردە سەر ئێزدییەکان و کامانە ھێز لە ڕۆژی ١٥ی ئەیلولی ٢٠١٥دا داعشیان بەرەو کۆبانێ ھاندا؟ ئەمانە ئاشکرا دەبن و ئەو ڕۆژەش زۆر نزیکە چونکە داعش ڕوو لە ناوچوونە لە رەقە، پاش شکستھێنانی داعش، سەرەی شکستھێنانی فاشیزمی دوو قۆڵی ئاکەپە و مەھەپەیە.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085