نوێترین

recent

23/09/2016

لە هەڵەبجە نارنجۆكێك هه‌ڵده‌درێته‌ ماڵی ئەفسەرێكی پێشمه‌رگه‌ى پارتى



لە گەڕەكێكی شاری هەڵەبجە نارنجۆكێك ھەڵدەدرێتە ماڵی ئەفسەرێكی پێشمەرگە كە هاوكات كادیری پارتی دیموكراتی كوردستانە و ئەو ئەفسەرەش دەڵێت، كێشەی كەسی لەگەڵ كەسدا نییە.
نەقیب نەریمان ئیمامی ، ئەفسەری پێشمەرگە ، كە هاوكات كادرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانە بە میدیاكانی نزیك لە حزبەكەی راگەیاندووە: درەنگانێكی شەوی پێنج شەممە لەسەر هەینی نارنجۆكێك فڕێ‌ دراوەتە حەوشەی ماڵەكەیان ، هەرچەندە هەندێ‌ زیانی ماددی بە ماڵەكە گەیشت ، بەڵام هیچ زیانێكی گیانی بەدواوە نەبوو.

باسی لەوەشكردووە: "هۆكاری فڕێدانی ئەو نارنجۆكە نازانم ، چونكە هیچ كێشەیەكی كەسییم لەگەڵ كەسدا نیە و گومانیشم لەكەس نیە ، بەڵام ڕەنگە بەهۆی بابەتی سیاسییەوە بووبێ‌ ، چونكە من جگە لەئەوەی ئەفسەرم هاوكات كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستانیشم".

ئاماژەی بۆئەوەش كرد كە لەدوای ڕووداوەكە هێزە ئەمنییەكانی هەڵەبجە چوونەتە شوێنی ڕووداوەكە و لێكۆڵینەوەیان دەستپێكردووه بەڵام تاوەكو ئێستا ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان ڕانەگەیەنراوە.

پێشتر فازڵ بەشارەتی، بەرپرسی لقی 12ی پارتی دیموكراتیی كوردستان لە ھەڵەبجە، ڕایگەیاندبوو، كە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەڕەشە لە بارەگا و كادیر و ئەندامانی پارتی لە ناوچەكە دەكرێت.
Picsart-24-02-23-21-31-09-085

بڵاوکراوەکانی هەفتە