نوێترین

recent

02/02/2016

گەرمکردنی ماکینەی ئۆتۆمبێل، لەنێوان زانست و نەریتدا

  یەکێک لەو نەریتانەی ھەموو بەیانیێکی سارد تووشی دەبیت: "ئۆتۆمبێلەکەت گەرم بکە، ئینجا بڕۆ"یە.

 لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ 'چیاتی'، ئەندازیاری میکانیکیی لە تاقیگەی نیشتمانیی ئیلینۆی، پرسی گەرمکردنی ماکینە خرایە ڕوو. چیاتی لە وەڵامدا دەڵێت: "گەرمکردن نەک ھیچ سوودێکی نییە، بەڵکو خراپیشە، ئەمە جگەلە بەفیڕۆدانی کات و سووتەمەنی."

لە ئاووھەوای سارددا، بەنزین چڕتر دەبێت و بەشێکی زیاتری پێویستە بۆ ئەوەی پستۆنی ماکینە بتوانێت، دوای سووتاندنی، ھەمان ھێز دروست بکات. بەشێکی زۆرتری بەنزین ڕۆنی دیوارەکانی ناوەوەی ماکینەکە زیاتر دەتوێنێتەوە و ھەندێ شوێنی پێویست ڕۆنیان لێ نامێنێ یان کەم دەکات. ئەمەش بۆ ماکینە خراپە.

باشترین بڕیار ڕاستەوخۆ ڕۆیشتنە، بەڵام بە پێلێنانێکی نەرم بە پێدانەکە. ئەمە وادەکات لەماوەی کەمتر لە یەک خولەکدا ماکینە بێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی. بەڵام بە "گەرمکردن" چەندین خولەکی پێویستە. 
گەرمکردن بۆ پاوەری سووکانیش سوودی نییە. سووکان، ھەتا نەسوڕێندرێت، دەنگەدەنگەکەی لێ ناڕوات.

ئەم گریمانە ھەڵەیە لە حەفتا و ھەشتاکاندا دروست بووە، چونکە ئەوکات ئۆتۆمبێلەکان ماکینەیان کابرێتە بوو. ئێستاش ئەگەر ھی تۆ کابرێتەیە، گەرمی بکە. بەڵام ئەوانەی تر سیستەمێکی کارەبایی ھەیە کە لە سەرمادا بەنزین زیاتر دەنێرێتە پستۆنەکە، دەستپێکردنی کێشەکەش لەوێوەیە.

سبەی دەتوانیت پێنج خولەک درەنگتر لەخەو ھەستیت...

وەرگێڕانی | سوبحانی ئەیوب 
سەرچاوە | http://www.sciencealert.com

Picsart-24-02-23-21-31-09-085