

لەم کاتە قەیراناویەدا کە لە لایکەوە شەڕی نەگریسی داعش بەرۆکی گرتووین و برسیەتی و بێ مووچەیی ژیانی لە دانیشتوانی هەرێم تاڵ کردوە و قەیرانی کورسیەکەی سەرۆک یاسا و دیموکراسی شەرمەزار کردوە و خوێن ڕشتن لە خۆپیشانەکاندا ئازادی داوەتە بەر شەق و دەرکردنی وەزیر لە کابینەی حکومەتدا بە حوکمێکی قەرەقۆشی بووەتە مایەی گاڵتەجاری و رێگریکردن لە چوونی سەرۆکی پەرلەمان بۆ هەولێری پایتەخت بە لێدانی زەنگی کودتا دانراوە.. ئا لەم کاتە هەستیارەدا کە هەمووان چاوەروانی روونکردنەوە بوون لە پارتی سەبارەت بەو قەیرانانەی کە ئەمرۆ رووبەرووی هەرێمی کردوەتەوە کەچی تازە بە تازە هاتووە و دەڵێت " ئەوەی ئێستا روو دەدات لە تێکدان و گێرەشێوێنی کارێکە کە ٥٠ ساڵ لەمەوپێشەوە لە بەکرەجۆ دەستی پێ کردووە و ئێستا نەوشیروان مستەفا لە گردەکەی زەرگەتەوە هێشتا خەونی جێبەجێ کردنی دەبینێت.. ئەوەی روو دەدات ترۆپکی خەونە نەزۆکەکانی ئیبراهیم ئەحمەدە.."
لەگەڵ ئەوەشدا کە نامەوێت لەم دۆخە هەستیارەدا بەنزین بەو ئاگرەدا بکەم کە پارتی بە مەبەست لە کوردستانا هەڵی کردوە بەڵام بە پێویستی دەزانم کە ئەم روونکردنەوەیە بدەم.. پێش هەموو شتێک پارتی دەبێ ئەوە بزانێت کە تەنیا کاتێک دەتوانێت لە خەونە مەزنەکانی باوکم تێ بگات کە خۆشی توانای بینینی ئەو جۆرە خەونانەی هەبوبێت چونکە خەونەکانی باوکم.. دیموکراسی، دادپەروەری، یەکسانی، سەربەرزی، ئازادی، مافی مرۆڤ، مافی چارەی خۆنوسین، کورد و کوردستانی بوون و یا کوردستان یا نەمان بووە.. بێ گومان ئەوەی پارتی دەیڵێت دوو راستی دەردەخات کە :
یەکەم- ئەو خەونە پەنجا ساڵ پێشەی باوکم هێشتا نەهاتوەتە دی.
دووەم- پەنجا ساڵ لەمەوبەر دەوترا کە خەونی باوکم لەگەڵ خەونی باوکی ئەواندا یەکی نەدەگرتەوە و هەمیشەش نکۆڵیان لەو راستیە دەکرد، ئەوەتا پاش پەنجا ساڵ و لە ساڵی ٢٠١٥ دا تازە دان بەو راستیەدا دەنێن و هەموو ئەو جۆرە خەونانە بە گێرەشێوێنی دەزانن!!
باشتر وایە کە پارتی باس لە بریار و بەڵێنەکانی دوێنێی خۆی بکات و چارەسەرێک بۆ قەیرانەکانی ئەمڕۆی خۆی و هەرێم بدۆزێتەوە نەک کێشەکانی ئەمرۆشی بخاتە ئەستۆی ئەوانەی کە پەنجا ساڵیتریش لە رووی بیرو زهنی نەتەوەیی و سیاسیەوە پێێان ناگات..
با بڵێێن پارتی کێشەی لەگەڵ خەونەکانی باوکمدا هەبووە بەڵام
ئایا پەنجا ساڵ لەمەوبەر یەکێتی و گۆران و کۆمەڵ و یەکگرتوو و سوشیالیست و هتد بوونیان هەبوو؟ ئەێ خێرە وا ئەمرۆ کیشەی لەگەڵ هەموو تاکێک و حزب و لایەن و بزوتنەوەیکدا هەیە؟ ئایا خەونی هەموو ئەم گەلە بە نەزۆک دەزانێت؟؟ ئایا گەر تەنیا یەکێک لەو خەونانە بهاتناییتەدی ئەمڕۆکە کەس خەونی بە جێبەجێکردنی ئەو خەونە پەنجا ساڵەیەوە دەبینی؟؟
شاناز ئیبراهیم ئەحمەد