لیژنەی پێشمەرگە لەپەرلەمانی كوردستان بەدواداچون بۆ سزادانی پێشمەرگەیەكی یەكەكانی 80 دەكات ، كە لەبەرامبەر ڕەخنەگرتن لە ئەدای حكومەت و داواكردنی بۆ دەستلەكاركێشانەوەی مەسعود بارزانی فەسڵكرابوو، ئەندامێكی لیژنەی پێشمەرگەش دەڵێت: "ناكرێت هەر كەسێك ڕەخنەی گرت بێدەنگ بكرێت".قادر ڕەزگەیی ؛ئەندامی لیژنەی پێشمەرگە لە پەرلەمانی كوردستان؛ ڕایگەیاند، وەزیری پێشمەرگەمان لەو حاڵەتە ئاگاداركردۆتەوە و بەدواداچونەكانیشمان بەردەوام دەبێت و لەگەڵ فەرماندەیی هێزەكانی 08دا قسە دەكەین بۆ ئەوەی ئەو پێشمەرگەیە بگەڕێتەوە بۆ سەر كارەكەی و مووچەكەی بۆ خەرج بكرێت.
وتیشی: "غەدرێكی گەورە لەو پێشمەرگەیە كراوە، چونكە ناكرێت پێشمەرگەیەك، كە لەبەرامبەر هەژاری و نەداری و خراپی گوزەرانی ڕەخنە بگرێت، لەبری چارەسەركردنی كێشەكانی لێپرسینەوەی لەگەڵ بكرێت و نانبڕاو بكرێت".
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد، ئەو پێشمەرگەیە شتێكی نەگونجاوی نەوتوە تاكو بەوشێوەیە مامەڵەی لەگەڵ بكرێت و شایەنی ئەو سزایە نیە، چونكە ناكرێت هەر كەسێك، كە ڕەخنە دەگرێت بێدەنگ بكرێت، جا ئەو كەسە لەهەر پلە پۆستێكدا بێت.
جەختی لەوەشكردەوە، ئەگەر ئەو بڕیارەی لە پەرلەمانی كوردستان بۆ باشتركردنی گوزەرانی پێشمەرگە دەرچوە نەچێتە بواری جێبەجێكردنەوە، لەهەمانكاتدا حكومەت لەبەرامبەر خراپی گوزەرانی پێشمەرگەدا خەمساردبێت، دەبێت چاوەڕوانی ناڕەزایی زیاتری پێشمەرگە بكەین.
لە ماوەی ڕابردوودا لە پەرلەمانی كوردستان بڕیاری ژمارە 19 بۆ باشكردنی گوزەرانی پێشمەرگە و زیادكردنی مووچەی پێشمەرگە دەرچوو، بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە جێبەجێ نەكراوە و تاكە بیانوی جێبەجێ نەكردنی، بوونی بڕگەیەكە، كە تێیدا ئاماژە دراوە بەوەی زیادكردنی مووچەی پێشمەرگە بە نەمانی قەیرانی دارایی بەستراوەتەوە.
ئاوارە گەردی، كە پێشمەرگەیە لە یەكەكانی 80ی سەر بەپارتی، بە (خەڵك)ی ڕاگەیاند، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك سەبارەت بە گرفتەكانی پێشمەرگە و كەمی مووچە دوو پۆستم بڵاوكردەوە و لەیەكێك لە پۆستەكان داوام لە سەرۆكی هەرێم كرد ئەگەر چارەسەر بۆ گرفتەكانی پێشمەرگە نەدۆزێتەوە، باشترە دەست لەكاربكێشێتەوە.
وتیشی: "لەبەرامبەر ئەو ڕەخنەیەشدا لێكۆڵینەوەم لەگەڵ كرا و بۆ ماوەی 3 ڕۆژیش دەستبەسەر كرام و دواتر فەسڵكرام".
ئەمە لەكاتێكدایە، كە پێشمەرگە سەرەڕای كەمی مووچە و خراپی گوزەرانی ڕۆژانە بەرگری لە خاكی كوردستان دەكەن و ڕووبەڕووی تیرۆرستانی داعش دەبنەوە.
