ھێزەکانی پێشمەرگە لەئۆپەراسیۆنی ڕزگارکردنەوەی گوندەکانی سنوری توانییان شەش گوند لەسنوری ڕۆژئاوای کەرکوک کۆنترۆڵ بکەنەوە، پێشمەرگەش ژمارەیەک شەھیدو برینداری ھەیە.
کاتژمێر حەوتی بەیانی ئەمڕۆ، پێشمەرگە ھێرشی بۆسەر داعش لەسێ قۆڵەوە لەبەرزاییەکانی غەڕڕە لەڕۆژئاوای کەرکوک دەستپێکرد، کە بەرزاییەکانی غەڕەڕە لەدەشتی حەویجەیەو نزیکە لەو قەزایەوە.
ھێرشی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆسەر داعش لەڕۆژئاوای کەرکوک، بەرفراوانەو لەچەند قۆڵێکەوە دەستیپێکردووەو ئێستاش پێشمەرگە گەیشتۆتە سەر بەرزاییەکانی غەڕڕە، سەرچاوە سەربازیەکانیش جەختدەکەنەوە، ئەگەر غەڕڕە کۆنترۆڵ بکرێت بەیەکجاریی، ئەوا پێشمەرگە ٣٥ گوند کۆنتڕۆڵدەکات.
وەکو باسدەکرێت، داعش بۆمبی زۆری چاندووە لەناوچەکەدا، بەڵام ھیچ یەک لەو بۆمبانە بەپێشمەرگەدا نەتەقیوەتەوەو ھێزەکانی پێشمەرگەش ژمارەیەک بۆمبیان پوچەڵکردۆتەوە.
بەگوێرەی وتەی سەرچاوەیەکی ھێزەکانی پێشمەرگە، پێشمەرگە لەو ھێرشانەدا بەرنامەی داڕشتووە کە ٣٠ کیلۆمەتر لەو ناوچەیە کۆنتڕۆڵ بکاتەوە.
ھەروەک ئەوەش زانراوە لەئێستادا ھەریەک لەگوندەکانی (سەید خەڵەف، شەلالات، گوبەیبە، کواس کورد، کواس عەرەب و موزەیریبە) لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵکراون.
بەگوێرەی سەرچاوەکانیش، فڕۆکەکانی ھاوپەیمانان دوو ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژکراوی داعشیان تەقاندۆتەوەو ئێستاش بەردەوامن لەبۆردومانکردنی مۆڵگەکانی داعش و چەکدارانی ئەو گروپەش بەرەو ناوچەکانی نزیک حەویجە پاشەکشە دەکەن.
سەرچاوەیەکیش لەتەندروستی کەرکوک ئەوەی ئاشكراكرد، لەھێرشەکانی پێشمەرگە بۆ مۆڵگەکانی تیرۆریستانی داعش و کۆنترۆڵکردنی ئەو ژمارە گوندە، پێشمەرگە حەوت شەھیدو ١١ برینداری ھەیە.
وێنەی دوو لە شەهیدەكان
![]() |
| شەهید نەقیب نازم سالم |
![]() |
| شەهید شڤان خەڵكی قەرەهەنجیر |


