ووڵات نێت |
پاش ئەوەی كەناڵی (CNN) لە هەواڵێكی خۆیدا وەك روونكردنەوە نەخشەی كوردستانی گەورەی بڵاوكردەوە، رێكخراو و دامەزراوە توركەكانی ئەمریكا هەڵمەتێكی ناڕەزاییان دەستپێكردووە.
پاش ئەوەی كەناڵی (CNN) لە هەواڵێكی خۆیدا وەك روونكردنەوە نەخشەی كوردستانی گەورەی بڵاوكردەوە، رێكخراو و دامەزراوە توركەكانی ئەمریكا هەڵمەتێكی ناڕەزاییان دەستپێكردووە.
توركەكانی ئەمریكا رەخنەیان لەو هەواڵەی كەناڵی (CNN) گرتووە بە هۆی ئەوەی "ناوچەكانی رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵاتی توركیا" وەك خۆیان دەڵێن خستۆتە ناو نەخشەی كوردستانەوە و بەمەش كەمپینی نامە و پۆستی ئەلیكترۆنی دژ بەو نەخشەیان دەستپێكردووە.
كەناڵەكە لە (7) ی ئەم مانگە كاتێك باسی كوشتارەكانی داعشی لە رۆژهەڵاتی ناوەراست كردووە، نەخشەیەكی بڵاوكردۆتەوە كە نەخشەی كوردستانی گەورە بووە، بەو هۆیەوە توركەكانی ئەمریكا بە رێبەرایەتی هەندێك لە دەزگا كۆمەڵایەتییەكان رەخنەیان لە كەناڵەكە گرتووە سەبارەت بە نەخشە و سیاسەتی پەخشكردنیانەوە. بەمەش بۆ نیشاندانی ناڕەزایی كەمپینی ناردنی نامە و پۆستی ئەلیكترۆنیان دەستپێكردووە.
لە نامەكانی دەزگاكانی كۆمەڵایەتی و توركەكانی ئەو وڵاتە كە بۆ هەندێك لە بەڕێوەبەرانی كەناڵەكە نێردراوە، ئاماژەیان بە رێككەوتننامەی لۆزانی ساڵی (1923) كردووە و وتوویانە: "لەو نەخشەیەی كە رۆژهەڵات و باشوری رۆژهەڵاتی توركیای لە نێو سنوری كوردستان نیشانداوە، ئەوە دەگەیەنێت كە كەناڵەكە هیچ زانیارییەكی لەسەر ئەو ناوچەیە نییە، لەم بارەشدا تەنها خزمەت بە پەكەكە دەگەیەنێت كاتێك لە ئەمریكا و یەكێتی ئەوروپا بە تیرۆریست ناسراوە".
ساڵی پاریش بڵاوكردنەوەی نەخشەی كوردستانی گەورە لە لایەن هەندێك دەزگای راگەیاندنی ئەمریكاوە كاردانەوەی توندی بەرپرسانی ئەنكەرەی لێكەوتەوە و گرژی كەوتە پەیوەندییەكانی نێوانیان.
بە پێی رێكەوتننامەی (لۆزان) كە بۆ بەشكردنی میراتی دەوڵەتی عوسمانی بوو، باكوری كوردستان لەسەر دەوڵەتی عوسمانی (كە ئەوكات تەنها رووكەشێكی مابوو) دانرایەوە، جگە لەوەی كێشەی ویلایەتی موسڵ (هەموو كوردستانی باشوری لە ناودایە) بە هەڵپەسێردراوی هێڵرایەوە، دواتر لە ساڵی (1925) بەریتانیا بڕیاریدا بە یەكجاری بیخاتە سەر ئەو دەوڵەتە تازەی كە دروستكراوە و ناویان لێنا عێراق.
