هەموو لە یادمانە لەكاتی هەڕەشەكانی توركیا بە لەشكركێشی كردنە سەر خاكی باشوری كوردستان، مەسعود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكدا وتی :" مەگەر تورك بەسەر لاشەی مندا تێپەڕێت، ئینجا خاكی پیرۆزی كوردستان داگیر بكات". هاوكات سەرۆك تاڵەبانی سەبارەت بە داوا ناڕەواكانی توركیا بۆ رادەستكردنەوەی تێكۆشەرانی (PKK) بە تەوسێكەوە وتی:"پشیلەیەكی كوردیش رادەستی توركیا ناكەینەوە"!!
بە درێژایی مێژوو هێندەی ئەو سەردەمە كورد یەكڕەنگ و یەكدەنگ و هاوچارەنووس نەبووە، چونكە گەلی كورد بەبێ جیاوازی ئینتمای سیاسی پشتگیری لەو لێدوان و هەڵوێستانە دەكرد و سەرجەم كورد ئامادەبوون لەگەڵ بارزانیدا بۆ روبەڕوبونەوەی تورك ببنە قەڵغان بۆ خاكی كوردستان.
هەر ئەو سەردەمانەش بوو لە دیداری كەناڵێكی توركیدا.. بارزانی گەورەترین شكۆی كوردی بەرجەستە كرد و بە وەڵامە رەق و راشكاو و كورتەكانی وای لە پێشكەشكاری بەرنامەكە كرد لە كۆتایی دیدارەكەدا هەر ئەوەندە بڵێت:" سوپاس بۆ ئەو كاتەی بە ئێمەت بەخشی، بەڵام وەڵامەكانت زۆر كورت بوون". وەڵامی بارزانیش ئەوە بوو بە توانجەوە وتی:" پرسیارەكانت هەر ئەو وەڵامانە هەڵدەگرن"!!
بە بەراودكردنی هەڵوێستەكانی ئەوسا.. بە ئێستای بارزانی، مرۆڤ تووشی سەرسوڕمان دەبێت، بۆیە دەڵێم مەحاڵە ئەوەی ئێستا هەمان بارزانی پێش (11) ساڵ بێت، مامەڵەكردنی ئێستای بارزانی سەبارەت بە هەڕەشەكانی سەر ژیان و بوونی نەتەوەی كورد نە لە هەڵوێستە راستەقینەكانی پێشووی دەچێت و نە لە ئاست بەرپرسیارێتیە نەتەوەییەكەیەتی. بەڵكو ئەو هەڵوێستەی ئێستای بەڕای زۆربەی خەڵك لە ئاستی خودی بارزانیدا نییەو گەلی كورد چاوەڕێی زیاتری لێ دەكەن، كە من پێموایە دەرهاویشتەی بوونی دوو ئاراستەی جیاوازی ناو پارتییە سەبارەت بە توركیا.. یەكێكیان ئاراستەیەكی نەتەوەیی هەیەو مەسعود بارزانی سەرۆكایەتی دەكات و دووەمیان ئاراستەیەكە پارتی و هەرێمی كوردستان بەلای توركیادا دەبات كە ئەمەی دووەمیان لە ئێستادا دەنگی بیستراوترەو ماكینەیەكی ئیعلامی زەبەلاحیشی بۆ خراوەتە گەڕ و خەریكە لە بری دەزگاو كەناڵە رەسمیەكانی پارتی ببێتە زمانحاڵی سیاسەتەكانی ئەو حزبە.
راستە ئەركەكەی بارزانی قورسەو ئێستا لەبەردەم بەرپرسیارێتی راگرتنی هاوسەنگی نێوخۆی حیزبەكەی و بەرپرسێتی رەسمی پۆستەكەیدایە بۆ پاراستنی یەكڕیزی حزبەكەی لەلایەك و پاراستنی دەسكەوتەكانی هەرێم لە لایەكی دیكەوە، بەڵام ئەو بەرپرسیارێتیەی كە لە سایەیدا پەروەردە بووە، دەیخاتە بەردەم دوو بژاردەوە:
* یان وەك بارزانی باوك چۆن بە هەموو شۆڕشگێرە كوردەكانی باشوری كوردستانەوە، چووە رۆژهەڵاتی كوردستان بۆ پشتگیریكردن و پاراستنی كۆماری كوردستانی دامەزراو لە مهاباد، بە هەمان شێوە بارزانی كوڕ هێزی پێشمەرگەی كوردستان بخاتە خزمەت پاراستنی كیانە كوردییەكەی رۆژاوای كوردستان و سەرجەم ئەو ناوچە كوردییانەی كە هەڕەشەی ئەنفالێكی تریان لەسەرە.
* بژاردەی دووەمیش ئەوەیە بچێتە سەر شەپۆلی ئەو رەوتە تازەیەی ناو پارتی كە پەیوەندی ئابووری كردۆتە پێش پرسە نەتەوایەتیەكەوە، بەڵام پێموایە بارزانی لەكۆتاییدا هەر بژاردەی یەكەم هەڵدەبژێرێت، چونكە لە رۆحی باوكییەوە نزیكترە وەك لە هەر شتێكی دیكەو ئەویش وەكو ئێمە گریانی منداڵێكی كۆبانێ پەست و غەمگینی كردووە، بۆیە بێدەنگی هەڵبژاردووە.
