
سەرۆککۆماری تورکیا کوردانی رۆژئاوای کوردستان بە "برای خۆمان" ناو دەبات و دەشڵێت، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەر بۆ گفتوگۆ و بەکارهێنانی هێزیش، ئامادەن.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە گوتارێکیدا کە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشکێشی کرد، باسی پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر (پرۆسەی چارەسەر) کرد و بۆ سەرخستنی پرۆسەکە گوتی: "ئەگەر پێویستبێ سەرکێشی بکەین ئەوە دەیکەین، پێویست بکات خەباتیش دەکەین، پێویست بە هێز بکات، هێز بەکار دەهێنین و پێویست بە گفتوگۆ و کۆبوونەوە و دیدار هەبێت بێ دوودڵی کۆدەبینەوە و گفتوگۆ دەکەین."
ئەردۆغان گوتی: "با گەلەکەمان بزانێت کە ئێمە بە دوای داهاتووی سیاسی خۆمانەوە نین، بەڵکو بە دوای گەرەنتیکردنی داهاتووی گەلەکەمان و وڵاتەکەمانەوەین".
سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی تورکیا بێ تیرۆر زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی: "بە پرۆژەی تورکیایەکی بێ تیرۆر مەبەستمانە ژێرخانی وڵاتێکی ئارام و سەقامگیر و خۆشگوزەران بۆ نەوەکانمان بەجێ بهێڵین و تەواوی بکەین. لە خەمی میللـەتداین و بۆ خۆشەویستی تورکیا ئەم کارە دەکەین. هەرچییەک بکەین لەپێناو یەکگرتوویی، تۆکمەیی و ئارامی 86 ملیۆن هاووڵاتیمان دەیکەین."
لەبارەی کێشە و شەڕی نێوخۆیی سووریا و دەستوەردانی ئیسرائیل لەو وڵاتەش قسەی کرد و گوتی: "ئیسرائیل وڵاتێکی تیرۆریستییە کە یاسا ناناسێت، پرەنسیپ نازانێت، بێ بنەما و بێ چاو و ڕووە، بە بیانووی دروزەکان، دوو رۆژە پەرەی بە چەتەگەری خۆی لە وڵاتی دراوسێمان 'سووریا' داوە".
ئەردۆغان: کوردانی سووریا وەکو کوردانی وڵاتەکەمان برامانن
رەجەب تەیب ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا باسی کوردی کرد و گوتی: هاووڵاتییانی کوردی سووریاش وەکو هاووڵاتییە کوردەکانی ناو سنووری وڵاتەکەمان، برای ئێمەن. رێگە نادەین لەلایەن زایۆنیزمەوە خراپ بەکاربهێنرێن.
ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوانەی (ئیسرائیل) لە رێگەی ستەم و کۆمەڵکوژی بە دوای داهاتووی ئارامی خۆیانن، لەبیر نەکەن ئەوان میوان و ئێمە خانەخوێین. ئێمە خاوەنی ئەو خاکانەین."
زیاتر سەرنجی خستە سەر شەڕی نێوخۆیی سووریا و هەوڵەکان بۆ ئاشتەوایی و گوتی: "وەزارەت و یەکە ئەمنییەکانی ئێمە لەگەڵ لایەنە بەرامبەرەکانیان لە سووریا لە پەیوەندیدان. گۆڕانکارییەکانی سووریا لە نزیکەوە چاودێری دەکەین و بەردەوام دەبین. سیاسەتی بنەڕەتیی ئێمە پاراستنی یەکپارچەیی و یەکگرتوویی نەتەوەیی و پێکهاتەی (دەوڵەتی) یەکگرتوو و هەروەها فرەڕەهەندی شوناسی کولتووری سووریایە."