نوێترین

recent

11/10/2024

«نەک خانەنشین نەبوم، مافەکانیشم خوران!

                                      



«نەک خانەنشین نەبوم، مافەکانیشم خوران!»
رونکردنەوەیەک بۆ ڕایگشتی ..
ماوەیەکە، زانیاری هەڵە لەبارەی خانەنشینکردنی بەندە دوای سوێندخواردنم لە پەرلەمانی کوردستان لە (١٥ی ئازاری ٢٠٢٣) بڵاودەکرێتەوە.
ئەگەرچی، نەمویستوە لەسەر ئەم بابەتە کەسییە قسە بکەم و (خوانەخواستە!) منەت بەسەر خەڵکدا بکەم، کە من خانەنشین نیم و دەگەڕێمەوە سەر کاری پێشوم، بەڵام وەک دەوترێ «تا ڕاستی پێڵاوەکانی لە پێ دەکا، درۆ بە نیوەی جیهاندا دەگەڕێ!» بۆ منی بەسزمانیش «ناڕاستی» نیوەی کوردستان گەڕا و لە زۆر شوێن مافم خورا و ناوم زڕا.
بەڕێزان ..
ڕاستیەکان بە بەڵگە دەخەمەڕوو:
1. دوو هەفتە دوای داخستنی پەرلەمان، لە (٣ی ٧ی ٢٠٢٣)، داوام لە دیوانی وەزارەتی ڕۆشنبیری کردوە، لەگەڵ دیوانی پەرلەمان هاوکارم بن بۆ گەڕانەوەم بۆ سەر کاری پێشوم.
2. جارێکی دیکە، لە (١٣ی ٢ی ٢٠٢٤) دوبارە داوام لە دیوانی وەزارەتەکەم بۆ هەمان مەبەست کردوە و بە شاهێدی بەڕێز (خەلیل عەبدوڵا، بەڕێوەبەری گشتی دیوان).
3. بە بیانوی ئەوەی ئێمە دەستلەکارهەڵگرتنمان لە حکومەت بۆ کراوەو استقالەمان داوە و چوینە سەر میلاکی پەرلەمان، یاداشتێک بەناوی ئەو پێنج پەرلەمانتارەمان بۆ حکومەت کراوە، کە بەپێی یاسا و ڕێنمایی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانمان بکەن، ئەوەش بۆئەوەی بۆشایی لەخزمەتی وەزیفم دروست نەبێت؛ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران ڕێنماییەکمان بۆ دەربکات، کە بگەڕێمەوە سەر کاری پێشوم بێئەوەی توشی کێشەی قانونی بم، کە پێشتر (٢٠) ساڵ خزمەتی گشتیم هەبوە.
4. دواتر لە (١٤ی ٧ی ٢٠٢٤) داواکاریم بۆ دیوانی ئەنجومەنی وەزیران کردوە، کە کارئاسانیم بۆ بکەن بۆ گەڕانەوەم بۆ سەر کاری پێشوم.
5. لەماوەی ئەم چەند مانگەدا، چەند جارێک لەگەڵ نوسینگەی دیوانی پەرلەمان پەیوەندیم کرد، تا دواجار لە (١٨ی ٨ی ٢٠٢٤) داواکاری نوسراوم ئاڕاستەیان کرد، کە هاوکارم بن بۆ گەڕانەوەم بۆ سەر کاری پێشوم.
6. بە خۆشحاڵیەوە، بە هاوکاری چەند وەزیر و کاربەدەستێک، لەوانە بەڕێزان (کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی) و (د.عەبدولحەکیم خەسرۆ، بەرپرسی فەرمانگەی هـەماهـەنگی و بەدواداچـوون لە حکـوومەتی هـەرێمی کوردسـتان)، لە (١٧ی ٩ی ٢٠٢٤) دیوانی ئەنجومەنی وەزیران نوسراوەی گەڕانەوەی بۆ سەر کاری پێشوم بۆ کردوم.
7. (١٤) مانگە، نەک خانەنشین نەبوم، بەڵکو موچەی حکومەتیشم وەک فەرمانبەرێک ڕاگیراوە. واتە نەک خانەنشین نەبوم، بەڵکو مافەکانم وەک فەرمانبەرێکیش بۆ نەگەڕاوەتەوە.
8. هەمو قسەکانم دەکەم بە بەڵگە و نوسراو، وەک لێرەدا بڵاوم کردوەتەوە، خانەنشینی مافە، بە داواکردن نادرێت بە هەر کەس! بۆ منیش نە خانەنشینی بە مافی خۆم دەزانم، نە پێویستم پێیەتی، ئەوەی لە کۆتایدا پێویستم پێیەتی ڕەزامەندی خوای گەورە و خەڵکە.
9. هەموان دەزانن من پێش ئەرکی پەرلەمانتاری، بەرپرسیارێتی دیارم لەناو بزوتنەوەی گۆڕان هەبوە، لە هەڵبژاردنی ڕابردوی پەرلەمانیش لە ڕیزبەندی (١٢) کاندیدی سەرکەوتو بوم، بەڵام دواتر بەهۆی کۆتای ئافرەت کورسیم بۆ مسۆگەر نەبو، دواتریش سوێندخواردنم وەک پەرلەمانتار؛ بە بڕیاری حیزب و بزوتنەوەی گۆڕان بوە، نەک خواستی کەسی، لەو ڕووەوە شاهێدەکان زۆرن، کە پشڕاستی ئەم ڕاستیەش دەکەنەوە.
لەگەڵ ڕێزی
براتان دلێر عەبدولخالق
Picsart-24-02-23-21-31-09-085

بڵاوکراوەکانی هەفتە