
بە گوێرەی بەدواداچونەکانم، گفتوگۆی نێوان وەفدی حکومەتی هەرێم و حکومەتی ئیتحادی، دوابەدوای ئاشکراکردن بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، بەم شێوەیە:
- لەڕێگەی بەندەری جەیهانەوە عێراق و هەرێمی کوردستان (٥٠٠) هەزار بەرمیل نەوت ڕەوانەی دەرەوە دەکەن، لەو ژمارەیە (٤٠٠) هەزار بەرمیل هی هەرێمی کوردستان و (١٠٠)هەزار بەرمیل نەوتی کەرکوکە.
- پێویستە لە نزیکترین کاتدا، پڕۆسەی هەناردەکردنی ئەو نەوتە لەڕێگەی بەندەری جەیهانی دەستپێبکاتەوە، ئەمەش چەند بە نیسبەت هەرێمەوە پێویستە، ئەوەندەش بە نیسبەت حکومەتی ئیتحادییەوە.
- پێویستە، چونکە وەک بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، پڕۆژەی بودجەی ئیتحادی بچێتە ئەنجومەنی نوێنەران، ئاشکراشە بەهای ئەو (٥٠٠) هەزار بەرمیلە بەشێکە لە پڕۆژەی بودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵەکانی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤، ٢٠٢٥)، بێ ئەو پرۆسەیە بودجەی گشتی دوچاری کورتهێنان دەبێت.
- هەردولا پێش بڕیاری دادگای ناوبژیوانی پاریس، لەسەر میکانیزمی بەیەکەوە ئیدارەدانی نەوتی هەرێم ڕێککەوتبون، بەڵام دوای بڕیارەکە، ئاستی داواکاری حکومەتی ئیتحادی بەرزبووەتەوە، بەشێوەیەک:
ا/ فرۆشتنی نەوت بچێتەوە ژێر دەستی کۆمپانیای سۆمۆ.
ب/ لەبری دەستەواژەی «ئیدارەدان»، وەزارەتی نەوتی ئیتحادی «سەرپەرشتی» پڕۆسەکە بکات.
پ/ حکومەتی ئیتحادی بەرپرسیارێتی قەرزی کۆمپانیاکان لە ئەستۆ ناگرێت، کە بە زیاتر لە (٤) ملیار دۆلار دەخەمڵێندرێت.
ت/ جێگرێک لە وەزارەتی سامانە سروشتیەکان/ حکومەتی هەرێم لە پشکی حکومەتی ئیتحادی بێت.
ج/ پێویستە نەوتەکە هەناردە بکرێت و وەزارەتی نەوت میکانیزمی خۆی بۆ ئەو پرۆسەیە هەیە.
لەبەرامبەردا، وەفدی هەرێم، پێداگیربون لەسەر ئەم خاڵانە:
- بەهاوبەشی ئیدارە، نەک سەرپەرشتی پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێم بکرێت.
- وەک لە ڕێککەوتنی چوارچێوەی هەماهەنگی و ئیدارەی دەوڵەت هاتوە، پارەی نەوت لە حسابێکی بانکی لەژێر چاودێری و وردبینی حکومەتی ئیتحادی دابندرێت و تەنها حکومەتی هەرێم مافی خەرجکردنی هەبێت.
- جێگرێک بۆ بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ لە پشکی هەرێمی کوردستان دابندرێت.
- پەلە بکرێت لە دەرکردنی یاسای نەوت و گاز، بەشێوەیەک مافەکانی هەرێمی کوردستان بۆ ئیدارەدانی کەرتی وزە تێدا جێگیربکرێت، تائەوکاتەش هەردو حکومەت بەهاوبەشی ئیدارەی نەوتی هەرێم بدەن.
دەرئەنجامی گەڕی ئەم گفتوگۆیانە؛ هەردولا کۆکن لەسەر پێویستی هەناردەکردنەوە، هەروەک هەردولا جیاوازن لەسەر میکانیزمی ناردنەکە و ئالیەتی فرۆشتنی..
وتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان