ئەو کەسەی لە قەزای قەرەداغ رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەوە کوژرا و پەیامنێری کوردسات نیوزیش ئاشکرایکرد، بەھۆی رووبەڕووبوونەوەکەوە ١٠ کەس بریندار بوون.
مەریوان عەبدوڵا پەیامنێری کوردسات نیوز رایگەیاند، بەپێی زانیارییەکانی پۆلیس و ئاسایش کە پێیاندراوە، کەسێک بە ماتۆڕسکیل بە یەکێک لە بازگەکانی قەزای قەرەداغدا تێپەڕیووە، داوای ناسنامەی لێکراوە، بەڵام ھەڵاتووە و چووەتە نێو ماڵێکەوە و بە نارنجۆک ھێرشی کردووەتە سەر ھێزە ئەمنییەکان.
وتیشی، بەپێی دواین زانیارییەکان ١٠ کەس لە رووبەربوونەوە لەگەڵ تۆمەتبارەکەدا بریندار بوون، کە نۆیان لە ھێزە ئەمنییەکانە و بریندارێکیشیان ھاوڵاتییەکە و گەیاندراونەتە نەخۆشخانەی شار لە سلێمانی.
ئاشکراشیکرد، ئەو کەسەی رووبەڕووی ھێزە ئەمنییەکان بووەتەوە کوژراوە و لە ئێستادا تەرمەکەی لە پەیمانگای پزیشکی دادی سلێمانییە، بەپێی زانیارییەکانیش گومان دەکرێت تیرۆریست یان کەسێکی داواکراو بێت.
بڕیارە پاش کەمێکی تر بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سلێمانی راگەیەندراوێک لەبارەی رووداوەکەوە بڵاوبکاتەوە.
