نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی لەگەڵ سەركردەكانی بزووتنەوەكەی باسی لەگەڕانەوە كردووە بۆ هەرێمی كوردستان.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەچەند سەرچاوەیەكی ناو بزووتنەوەی گۆڕان دەست كەوتووە، لەچەند رۆژی رابردووداو لەكاتی پەیوەندیكردنی بەسەركردەكانی گۆڕان، نەوشیروان مستەفا رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە باسی لەوە كردووە بەم نزیكانە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان.
بەپێی سەرچاوەكان، نەوشیروان مستەفا لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەكانی باسی كاتی گەڕانەوەی دیارینەكردووەو تەنیا وتوویەتی "بەم نزیكانە دەگەڕێتەوە هەرێمی كوردستان".
هەروەها نەوشیروان مستەفا لەو پەیوەندییانەدا باسی لەوەش نەكردووە، كە لەكاتی گەڕانەوەی بۆ هەرێم چ پرۆژەیەكی بۆ دۆخی سیاسی هەرێمی كوردستان دەبێت.
نەوشیروان مستەفا لەمانگی 9 رابردوو بەسەردانێكی چاوەڕواننەكراو چووە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، كە ماوەیەك لەئەڵمانیا بوو، ئێستاش لەوڵاتی بەریتانیایەو بەوتەی بەرپرسانی گۆڕان بۆ وەرگرتنی چارەسەر بۆ نەخۆشی چووەتە دەرەوەی هەرێم.
گەڕانەوەی نەوشیروان مستەفا لەكاتێكدایە، لەئێستادا گرژییەكانی نێوان پارتی دیموكراتو بزووتنەوەی گۆڕان بەرەو ئاسایبوونەوە دەچێت، كە لەمانگی 10 رابردووەوە كێشە لەنێوان ئەو دوو حیزبەدا هەیە.
