بەرپرسی دەزگای ئاژانسی پاراستن هەرێم جەخت لەوە دەكاتەوە كە بانگەشە كردن بۆ ڕاپەڕین واتە بانگەشە كردنە بۆ نقوم كردنی هەرێم لە زەلكاوێك كە دەرچوون لێی ئاسان نابێتو ڕێگاشی پێ نادرێت.
نەزهەت حالی ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی دیموكرات و سەرۆكی ئاژانسی پاراستنی هەرێم لە وتارێكدا نوسیویەتی"ڕاستە ئێمە لە بواری كارگێڕیدا سەركەوتوو نەبووین و توانای زۆرمان بە هەدەر داوە و دەبێت دانی پێدابنێین".
بەرپرسی دەزگا پاراستن رونیدەكاتەوە كە ئەو كەموكوڕیانە بەو مانایە نییە كەسانێك دۆخەكە بقۆزنەوە و بانگەشەی ڕاپەڕین بكەن، بەبڕوای ئەو گەلی كوردستان ڕاپەڕینی خۆی كرد و لە قۆناغی بونیادنانی دەوڵەته.
نەزهەت ئاماژەی بەوەشكردوە كە هەندێك لە بەرپرسان دەرفەتی زێرینیان هەبوو كاری زۆر مەزن لە بواری پەرەپێدانی سەرمایەی مرۆیی بكەن و پەرە بە دامەزراوەكان و ژێرخانی وڵات بدەن، هەرێمیش تووشی دۆخێكی لەو شێوەیە نەدەبوو، بەوتەی خۆشی بە داخەوە خەریكی كاری لاوەكی و ڕوكەش بوون.
لەبەشێكی تری وتارەكەیدا ئەو بەرپرسەی پارتی باس لەوە دەكاتەوە كە گۆڕینی ئەو بەرپرسانەی سەركەوتوو نەبوون بە دەست لەكار كێشانەوەیان یان بە بڕیاری سەرووتری خۆیان و حزبەكانیان یاخود بە ڕێگای هەڵبژاردن دەكرێت، بەڵام بانگەشە كردن بۆ ڕاپەڕین واتە بانگەشە كردنە بۆ نقوم كردنی هەرێم لە زەلكاوێك كە دەرچوون لێی ئاسان نابێت.
نەزهەت بڕواشی وایە كە راپەڕین لە لایەن كوردستانیان بە تایبەت ئەوانەی قوربانیان بۆ ئازادی وڵات و پاراستنی داوە هەرگیز جێگای پەسەند نابێت و ڕێگای پێ نادرێت.
