ڕاگەیاندن کارێکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕەخنە لە حزبەکەی دەگرێت بۆ کردنەوەی دەرگا بۆ ئەوانەی لە ناو لایەنە سیاسییەکانی دیکەدا ڕێگەیان نابێتەوە و دواتر بە کۆمەڵێک ئیمتیازاتەوە دەچنە ناو ئەو حزبە و ئاماژە بۆئەوەش دەکات پارتی لەکەسی کەم نییە ، لە ئەقڵی گەورەی کەمە.
ئەبوبەکر جاف ، کادیری ڕاگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان لەناوچەی گەرمیان لە نوسینێکدا بەناونیشانی(مریشكی دراوسێكەمان قازە) ، لەسەر پەیوەندیکردنی محەمەد حاجی ئەندامی پێشوی جڤاتی نیشتیمانی گۆران بە پارتییەوە باسی لەوەکردوە" پارتی بەو دەنگ بەرزییەی خۆیەوە پزیشكی قوڕگ و لوت و گوێ ناوێت.پارتی لە بەدبەختییەتی كە كاری بووە بە تەجمیل و جوانكاری، پارتی پزیشكی ئەقڵ و ڕۆحیی دەوێت".
ئاماژە بۆئەوەیشکردوە"تۆیش هاتیت بۆ "وەنەوشەیەك و خانوویەكی گوندی ئینگلیزی و مووچەیەكی باش و دەچیتە ناو تۆڕی شەوكوتەكان و پشك و پشككاری،تۆ ئەفلاتوونی حەكیمی سەردەم نیت بۆ پارتی، تۆ عێسای چاواەڕوانكراو نیت، ئیمانوێل كانت و ئیمامی زەمان نیت. لەو پەریدا بە باشترین پلە و بە كۆمەڵێك بندیوارو مەتروكەوە خانەنشین دەكرێت و لە ماڵەوە دادەنیشیت، تۆ ئەقڵێك نیت ، پارتی با بچێت چەند ئەقڵێكی دەگمەن و دانسقەی پەراوێزبووی تێدایە ئەوان ئیستیسمار بكات. ئەوان بەرهەم بهێنێتەوە، پارتی لە كەسی كەم نییە، پارتی لە ئەقڵی گەورەی كەمە".
(لە کۆتایی نوسینەکەیدا ئەوەی وتووە"فەرموون "١"خوول، تەنیا یەك خولی پەروەردەیی كادیران بدەنە دەستی ئێمەوە، لەوسەرەوە "٥" كەڵە خوێنەوار وەرگرن)، پارتی ئەگەر ئیستیسماری ئەوانەی خۆی بكات كە " خوێنەوارو ساغن" دەتوانێت بەشی خەڵكی دیكەش بدات. ئەم پیاوە موحەمەدی مەهدی نییە بۆ پارتی، موحەمەدی مەهدی پارتییەكان لە ناو پارتیدان و پەراوێز خراون. موحەمەدی مەهدی نییە، ئەمیش دەبێت بە شەوكوتێكی دیكە".
