نوێترین

recent

04/11/2024

بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی، وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دیاری بوار بە سەختی بریندار دەکات.

 


بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی، وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دیاری بوار بە سەختی بریندار دەکات
دوای ئەوەی وریا عەبدولخالق ڕۆژنامەنوسی دیاری دەزگای میدیایی بوارو هەرێمی کوردستان لە سایتی بوار هەواڵێکی لەسەر ڕێگری ئەفسەرێکی یەکێتی نیشتیمانی بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆی ڕێگری لە جێبەجێکردنی پڕۆژەیەکی خزمەتگوزاری لە گوندی قەشقەی سەر بەناحیەی قادر کەرەمی قەزای چەمچەماڵ، چەند پاسەوانێکی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی بەشێوەیەکی مافیاگەرانەو دڕندانە پەلەماری ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەدەن و بە سەختی برینداری دەکەن.
ئەو پەلەمارە مافیاییەی ئەو ئەفسەرەی یەکێتی لە کاتێکدایە کە بەرپرسانی حوکمی و حیزبی لەناوچەکە چەند جارێک لەسەر هەڕەشەکانی ئەو بەرپرسە سەربازییە ئاگادارکراونەتەوە، بەڵام ئەمڕۆ بەشێوەیەکی دڕندانەو دوور لە عورف و کلتوری کوردی بەناوی ئەوەی کە سەردانی ئەو ڕۆژنامەنوسە دەکەن و داوای لێبوردنی لێدەن، کاتێک ئەو پاسەوانانەی ئەو بەرپرسەی یەکێتی دەگەن بۆ لای ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق بە چەقۆ و دەمانچە هێرش دەکەنەسەری و بە سەختی برینداری دەکەن.
ئێمە لەدەزگای میدیایی بوار، لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و جێگری سەرۆکی حکومەت لەسەر هێڵین تا ئیجرائات بەرامبەر ئەو ئەفسەرە بکرێت.
ژیان و سەلامەتی ڕۆژنامەنوس وریا عەبدولخالق دەخەینە ئەستۆی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ئەو ئەفسەرەی ئەو تاوانەی ئەنجامداوە ئەندامی یەکێتی نیتشیمانی کوردستانە و ناوی ”تەحسین تەها محەمەد”ەو بە پلەی عەقید لە فیرقەی دووی هێزەکانی پێشمەرگە دەوام دەکات.
لێرەوە داوا لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی تایبەت بە ئازادی ڕادەربرین و ڕێکخراو و سەندیکاکانی تایبەت بە داکۆکیکردن لە مافی ڕۆژنامەنوسان و کونسوڵ و نێردەی وڵاتانی جیهانی دەکەین لە هەرێمی کوردستان کە هاوکارمان بن لە بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارانەی کە ناو و ناسنامەیان ئاشکرایەو پێشلکردنێکی ئاشکرای یاسا بەرکارەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووەو هەوڵی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنوسێکی دیاری کوردستانیان داوە.
دەزگای میدیایی بوار
4ی تشرینی یەکەمی 2024
Picsart-24-02-23-21-31-09-085