

سكرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست-دیموكراتی كوردستان کە هاوسەفەری سەرۆکی پارتی بووە بۆ بەغداد چەندین زانیاری لەسەر سەردانەکەیان بۆ بەغداد ئاشکرا دەکات.
كۆبوونەوەی پێش سەردانەكە لە پیرمام
محەمەد حاجی مەحمود، سكرتێری گشتیی حیزبی سۆسیالیست-دیموكراتی كوردستان، كە ئەندامی شاندی كوردستان بووە بۆ بەغدا، بە میدیاکانی سەربەپارتی وتووە"رۆژی پێش سەردانەكەی بەغدا، سێ كاژێر لە پیرمام لەگەڵ جەنابی كۆبووینەوە بۆئەوەی بزانین لە بەغدا چی دەكەین و چی بوترێ و چۆن قسە بكەین".
وەك محەممەد حاجی مەحموود باسیدەكات"بارزانی لە كۆبوونەوەكەدا وتی: عەبادی سێ جار تەلەفۆنی كردووە و داوایكردووە سەردانی بەغدا بكەم".
سكرتێری سۆسیالیست دەڵێت"جەنابی بە ئێمەی وت: كۆبوونەوەی دووقۆڵیم دەبێ لەگەڵ عەبادی. ئێمەش وتمان: دەبێ چوار خاڵ لەگەڵ عەبادی باس بكەی لەهەموویان گرنگتر مەلەفی سەربەخۆیی كوردستان، مووچە و بودجە و مەلەفی نەوت و شەڕی مووسڵ بێت بە بارزانیمان وت"ئەو چوار خاڵە بنووسە و لە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكە لەگەڵ عەبادی باس بكە".
عەلی باپیر چیی بە سەلاحەدین بەهائەدین وت؟
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا بڕیاردراوە ئەندامانی شاندەكە كێ بن داوایان لە عەلی باپیر، ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كردبوو ببێتە ئەندامی شاندەكە، بەڵام عەلی باپیر وەڵامێكی دیكەی دابووەوە.
سكرتێری سۆسیالیست لەوبارەیەوە دەڵێت"لە كۆبوونەوەی پێش سەفەری شاندەكە، بۆمان روونبووەوە مامۆستا عەلی باپیر بەشدارنابێت چونكە مامۆستا سەڵاحەدین بەهائەدین لە كۆبوونەوەكە وتی:داوام لە بارزانی كردووە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامیش بەشداربێ لە شاندەكەدا، بارزانیش بەو داوایە رازی بووە و منی راسپاردووە قسەی لەگەڵ بكەم بەڵام مامۆستا عەلی باپیر وتوویەتی نایەم و داوای لە منیش كرد ئەو سەفەرە بۆ بەغدا نەكەم".
محەممەد حاجی مەحموود، رەخنە لە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی دەگرێ و دەڵێت"هەموو حیزبەكان، جگە لە پارتی بەردەوام داوایاندەكرد لە بەغدا كێشەكان چارەسەر بكەن ، بەڵام كە پارتی داوایكرد بچینە بەغدا بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، هەڵوێستیان پێچەوانە بووەوە!".
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی لەبارەی نەچوونی بۆ بەغدا لەگەڵ شاندی هەرێمی كوردستان بە سەرۆكایەتیی بارزانی، روونكردنەوەی داوە و دەڵێت"ناكرێ بەو هەموو كێشانەوە كە لە هەرێمی كوردستان هەمانە، بچینە بەغدا"، چونكە، وەك ئەمیری كۆمەڵ باسیدەكات"تا لە نێوخۆی هەرێمی كوردستان بارودۆخ ئاسایی نەكەینەوه، لە ناوەندیش گوێمان لێناگرن".
رەخنە لە پێكهاتەی شاندەكە دەگیرێت
یەكێتی نیشتیمانی كوردستان زۆرترین ئەندامیان هەبوو لەنێو شاندەكەدا، كە هەریەك لە كۆسرەت رەسوڵ، جێگری سكرتێری گشتیی یەكێتی و باڵی ناوەندی بڕیار، مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێڕیی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، شێخ جەعفەر مستەفا، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی و بەرپرسی هێزەكانی 70ی پێشمەرگە بوون.
محەممەد حاجی مەحموود، لەبارەی ئەندامانی یەكێتی لە شاندەكەدا دەڵێت "هاتنی كاك كوسرەت لەگەڵ شاندەكە بۆ بەغدا گرنگ بوو، چونكە پێگە و كەسایەتیی خۆی هەیە یەكێتی بە هەردوو باڵەكەیەوە كاریگەریی خۆی هەیە لەسەر سیاسەتی كوردستان كاك مەلا بەختیار پێگەی خۆی هەیە شێخ جەعفەریش لەبەرئەوەی فەرماندەیەكی باڵای پێشمەرگەیە و پلانی شەڕی مووسڵ باسكراوە، دەبووایە ئەویش بەشداربێت".
هەریەكە لە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی رەخنەی زۆریان هەبوو لەسەر پێكهاتەی شاندەكە و بە شاندێكی حیزبی وەسفیانكرد،یەكێك لە رەخنەكان ئەوەبوو كە چۆن یەكگرتوو و یەكێتی دوای بارزانی كەوتوون بۆ بەغدا؟ محەممەد حاجی مەحموود لەوبارەیەوە وتی"ئۆباما هەشت ساڵە بە جیاوازیی 1.2%ی دەنگەكان سەرۆكی ئەمریكایە".
خێرە شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا نوێنەرایەتیی زیاتر لە 70% دەكات و قبوڵیناكەن؟" حەیدەر عەبادی، سەرۆكوەزیرانی عێراق، لەو كۆنگرە رۆژنامەوانییەدا كە لە بەغدا لەگەڵ بارزانی سازیكرد، وتی"لە بەغدا خەڵك هەن دژی نزیكبوونەوەن لەگەڵ هەرێمی كوردستان، لە هەرێمی كوردستانیش بەهەمانشێوە دژی سەردانی بارزانین بۆ بەغدا. بۆچی؟ خۆ هەموومان لە سنووری عێراقی فیدراڵداین".
چی بە عەبادی گوترا؟
شاندی هەرێمی كوردستان تەنیا یەك رۆژ لە بەغدا بوو لەو رۆژەدا محەممەد حاجی مەحموود دەڵێت "11 كۆبوونەوەمان كرد و سێ جار لەگەڵ عەبادی دانیشتین".
وتیشی"بارزانی دوو كۆبوونەوەی دووقوڵیشی ئەنجامدا یەكێكیان لەگەڵ عەبادی بوو و یەك كاتژمێری خایاند و دووەمیش لەگەڵ عەممار حەكیم بوو و نیو كاتژمێری خایاند".
ئەندامەكەی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، قسەی بارزانی لە كۆبوونەوەی لەگەڵ عەبادی ئاشكرادەكات و دەڵێت: "بارزانی لە كۆبوونەوەكەی لەگەڵ عەبادی و لایەنی شیعی، بە چڕی و تێروتەسەلی باسی مەلەفی سەربەخۆیی كرد و گوتی: ئێمە میلەتێكین جیاین. رەنگە مێژووی هاوبەشمان هەبێ، بەڵام پێنج بۆ شەش ملیۆن كەس مافی خۆیانە سەربەخۆ بژین. هەموو كوردێك كە لەدایكدەبێ هەر لە منداڵییەوە تاوەكو دەمرن خەون بەوەوە دەبینن".
كۆسرەت رەسووڵ عەلی جێگری سكرتێری گشتی یەكێتیش پێش سەردانی شاندەكە بۆ بەغدا وتی"ئەولەویەتی سەردانەكە بۆ باسی مافی بڕیاردان لەسەر چارەنووسە".
پێش سەردانی شاندی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا، رۆژی 4/9/2016 ، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە بەغدا بوو و پرسی سەربەخۆیی كوردستانی لەگەڵ عەبادی و لایەنە شیعەكان باسكردبوو محەممەد حاجی مەحموود لەوبارەیەوە دەڵێت"لەبەرئەوەی پێشتر كاك نێچیرڤان بارزانی ئەو بابەتەی لەگەڵ بەغدا باسكردبوو، كاتێك ئێمە باسی سەربەخۆییماندەكرد، عەبادی و لایەنە شیعەكان تووشی شۆك نەبوون و بە شتێكی ئاسایی وەریانگرت".
"رەنگە ببێتە كۆنفیدراڵی"
لە كۆبوونەوەی عەبادی و لایەنە شیعەكان، بارزانی رەخنەی لە بەغدا گرتووە كە سێ ساڵە لەسەریەك لەڕووی داراییەوە سزای هەرێمی كوردستان دەدات. وەك سكرتێری سۆسیالیست باسیدەكات، بارزانی وتوویەتی"كورد شەراكەتی لەگەڵ عێراق هەڵبژارد، بەڵام عێراق شەراكەتەكەی نەكرد لە هەرێمی كوردستان قوتابی، مامۆستا، پێشمەرگە، ئاسایش، پۆلیس لەئەركدابوون، بەڵام ئەوە بەغدا بوو مووچەی ئەو خەڵكەی راگرت و بڕی".
محەممەد حاجی مەحموود، وەڵامی لایەنە شیعەكان و حەیدەر عەبادی، سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ داوای كورد بۆ سەربەخۆیی ئاشكرادەكات و دەڵێت"لایەنی عێراقی بە ئێمەیانگوت دەرگا بەڕووی كورددا كراوەیە و دوو رێگە هەن رێگەیەك ئەوەیە پێكەوەبین وەك جاران، رێگەی دووەمیش ئەوەیە كە كورد سەربەخۆ بێت".
كاكە حەمە هەنگاوی دوای ئەو سەردانەی لەبارەی سەربەخۆییەوە ئاشكراكرد و وتی"بڕیاروایە بەغدا پرۆژەیەك لەسەر سەربەخۆیی كوردستان ئامادەبكات و هەرێمی كوردستانیش پرۆژەیەك ئامادە دەكات هەردوولا دادەنیشن بۆئەوەی بگەنە رێككەوتنێك و رەنگە لە پرۆژەكەی بەغدا و ئەوەی ئێمە بۆ كوردستان كۆنفیدراڵیی لێ دەربچێت".
ئەمریكا لەئاسمانەوە دەیپاراستن
ئەمریكا پشتگیریی تەواویان لە سەردانی شاندی كوردستان بۆ بەغدایا كردووە بەشێوەیەك كە هاتن و چوونی شاندەكە بە سپۆنسەریی ئەمریكا بووە محەممەد حاجی مەحموود هەندێك وردەكاریی سەفەرەكە ئاشكرادەكات و دەڵێت"شاندەكەی هەرێمی كوردستان بە فرۆكەیەكی تایبەتی ئەمریكی رۆیشتنە بەغدا هەر بەو فرۆكەیەش گەڕانەوە فرۆكەكە شەش پەروانەی هەبوو و مەكینەكەی باش بوو".
كاكە حەمە دەڵێت"كاتێك گەیشتینە فرۆكەخانەی بەغدا، ئەمریكا شەش هەلیكۆپتەریان ئامادەكردبوو شاندەكە سواری سێ هەلیكۆپتەر بوون سێ هەلیكۆپتەریش بۆ پاراستنی ئێمە لە ئاسمان لەگەڵمان بوون، تاوەكو گەیشتینە باڵیۆزخانەی ئەمریكا و لەوێشەوە هەندێ ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بۆ ئێمە دابینكردبوو، بۆئەوەی بەرەو شوێنی كۆبوونەوەكان بڕۆین".
دوو سەركردەی عێراقییان نەبینی
عەممار حەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی و سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانێتیی شیعە لە عێراق، شاندی كوردستانی بە "موبارەك"ناوبردووە محەمەد حاجی مەحموود دەڵێت"زۆر رێزیانگرتین و لەباوەشیانكردین و هەریەكەو شەش ماچیان كردین، (بەپێكەنینەوە) دەڵێی لە سجن بەرببووین، ئەوەندە بە گەرموگوڕی پێشوازییان لێكردین".
بەڵام شاندی كوردی دوو سەركردەی عێراقی نەبینی. یەكی شیعە و ئەوەی دیكەش سوننەیە. سەركردە شیعەكە هەشت ساڵ سەرۆكی حكومەتی عێراق بووە و ناوی نووری كامل ئەلمالیكییە. ئەو لە كوردستان بەوە ناسراوە كە بەبڕیاری ئەو مووچە و بودجەی كوردستان بڕدراوە.
هەرچەندە پەیوەندیی گەرموگوڕی هەیە لەگەڵ یەكێتیی نیشتیمانی كوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان، بەڵام بینینی مالیكی لە بەرنامەی ئەمجارەی شاندەكەی كوردستاندا نەبووە سەركردە سوننەكەش سەلیم جبووری، سەرۆكی پەرلەمانی عێراقە.
بارزانی لەكاتی مەسەلەی لادانی جبووری لە پۆستەكەی لەلایەن شیعەكان و بەشێك لە سوننەكانەوە بە هەموو شێوەیەك پاڵپشتیی مانەوەی سەلیم جبووریی كرد، بەڵام جبووری دۆسێی متمانەسەندنەوەی هوشیار زێباریی خستە دەنگدانەوە.
سكرتێری سۆسیالیست لەوبارەیەوە دەڵێت"سەلیم جبووری لەبەرئەوەی هەڵوێستەكانی وادەركەوت كە وەكو سەرۆكی پەرلەمان بێلایەن نەبووە و بە باش مامەڵەی نەكردووە، بۆیە بە پێویستمان نەزانی سەردانی بكەین. لەگەڵ مالیكیش كۆنەبووینەوە و راستیش نییە داوامانكردبێ بیبینین و ئەو ئامادەنەبووبێ ببینین. داوامان لە یەك كەسیش نەكردووە بۆ بینینی مالیكی".
"بارزانی سێ مانگ جارێك بچێتە بەغدا"
یەكێكی دیكە لە تەوەرە گەرموگوڕەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، پرسی كۆنترۆڵكردنەوەی مووسڵ بووە چاوەڕواندەكرێت لەماوەی مانگێكدا شەڕەكە دەستپێبكات بەغداش لەوبارەیەوە داواكاریی لە بارزانی هەبووە.
محەممەد حاجی مەحموود، كە خۆی لە شەڕەكانی دژی داعش بەتایبەت لە كەركووك رۆڵێكی كاریگەری هەبووە و بەشداربووە لە كۆبوونەوە سەربازییەكانی ئەمریكی و عێراقییەكانیش لەگەڵ بارزانی، رایگەیاند"حكومەتی عێراق داوای لە بارزانی كرد رێگە بۆ سوپای عێراق بكاتەوە، بۆئەوەی بە نێو پێشمەرگەدا تێبپەڕن و بەرەو مووسڵ بڕۆن. بارزانیش بەمە رازی بوو بەمەرجێك پێشمەرگەش بەشداربێت بۆ گرتنەوەی ناوچە كوردستانییەكان، كە تاوەكو شەقامی 100 مەتریی مووسڵ دەچێ و دەكاتە لێواری شارەكە".
بۆ هەماهەنگیی زۆرتر، وەك كاكە حەمە باسیدەكات"لایەنی شیعە و سوننە داوایان لە بارزانی كرد هەر سێ مانگ جارێك سەردانی بەغدا بكات چونكە شەڕی مووسڵ ئاسان نییە، وەك باسیدەكەن راستە دەستپێكردنی شەڕ ئاسانە و بە تەقاندنی دوو فیشەك دەستپێدەكات، بەڵام گرتنەوەی مووسڵ وا ئاسان نییە كە باسیدەكەن".