نوێترین

recent

21/11/2014

بەئیمزای وەزیری ناوخۆ ٣٣ پۆلیسی حزبێک دەردەکرێن

ووڵات نێت |

بەرپرسێکی باڵای حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ـ چاکسازی ڕایدەگەیەنێت، وەزیری ناوخۆی حکومەتی ھەرێم لەژێر گوشاری باڵی دەستڕۆیشتووی حزبی سۆسیال دیموکرات، ٣٣ پۆلیسی حزبەکەمانی لەکارەکەیان دوورخستۆتەوە، دەشڵێت: ئەو کارە پێچەوانەی بڕیارێکی سەرۆکی ھەرێمە.

دوای ئەوەی بەھۆی قووڵبوونەوەی ناکۆکییەکانی نێوان حزبی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، ژمارەیەک لەئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە لەمانگی حوزەیرانی ئەمساڵ جیابوونەوەی خۆیان لە باڵی محەمەدی حاجی مەحمود راگەیاندو حزبێکی نوێیان بەناوی (حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان ـ چاکسازی) ڕاگەیاند، بەرپرسانی حزبە نوێیەکە رایدەگەیەنن کە بەردەوام لەلایەن باڵی دەستڕۆیشتووی سۆسیالیستەوە دژایەتی دەکرێن و گوشاری جۆراوجۆریان دەخرێتەسەر.

بەرپرسێکی باڵای ئەو حزبە، کە داوایکرد ناوی ئاشکرانەکرێت،ڕوونیکردەوە، لەدوای ڕاگەیاندنی حزبە نوێیەکەو جیابوونەوەی ژمارەیەکی زۆر لەئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی و ئەندام و کادیرو لایەنگر، ھاوکات ٣٣ ئەندامی دیکە کە کارمەندی پۆلیسن، پەیوەندییان بە حزبەکەمانەوە کرد.

ئەو بەرپرسەی باڵی (چاکسازی) ئاماژەی بەوەشکرد، لەئێستادا لەژێر فشاری "باڵی دەستڕۆیشتوو"ی حزبی سۆسیالیستدا، وەزیری ناوخۆ بڕیاریداوە ئەو پۆلیسانە نانبڕاو بکات و لەکارەکانیان دووربخاتەوە.

وتیشی:" دەرکردنی ئەو پۆلیسانە لەکاتێکدایە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێم، بڕیاریداوە نابێت لەسەر بۆچوونی سیاسیی، ھیچ کەسێک لەکوردستان نانبڕاو بکرێت".

ئەو بەرپرسە باڵایەی باڵی چاکسازی حزبی سۆسیالیست ئەوەشی ڕوونکردەوە، سبەی لەقەزای سەیدسادق، ئەو ٣٣ پۆلیسە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانی بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەنجام دەدەن و وردەکارییەکانی نانبڕینیان ئاشکرادەکەن، وتیشی:" ئەگەرچی تائێستا بەفەرمی نانبڕاو نەکراون، بەڵام ئەگەربێت وەزیری ناوخۆ ئەوکارە بکات، بەدڵنیاییەوە پەرچەکرداری مەدەنیانەو فشارەکانمان بەکاردێنین".
Picsart-24-02-23-21-31-09-085